سەرۆک مەعسوم: موسڵ وەک سەنتەرێکی بەهێز گەڕاوەتەوە بۆ داهێنانی هونەریی و ئەدەبیی

2017/08/02
23 بینراو


بەڕێز سەرۆک کۆمار دکتۆر فوئاد مەعسوم بەخششی داهێنەرانی هاوچەرخی موسڵی بەرزنرخاند متمانەی خۆی دەربڕی کە موسڵ بە هێز و گوڕوتینێکەوە سەرلەنوێ دەبێتەوە بە سەنتەرێکی زیندو بۆ داهێنانی هونەریی و ئەدەبیی لەعێراق و ناوچەکە سەرباری ئەو هەمو دوژمنکاریی و وێرانکارییەی کە روبەڕوی بوەتەوە لەسەر دەستی تاقمی داعشی تێرۆریست. 

بەڕێزیان لەگەڵ ستایشکردنی کارەکانی ناودارترین هونەرمەند و ئەدیبەکانی موسڵ بەتایبەتی زەهی حەدید، مەلا عوسمان ئەلموسڵیی، جەمیل بەشیر، زونون ئەیوب، ئەمانۆییل رەسام و ئەرکان دەبدوب، لە پەیامێکیدا بۆ ئاهەنگێکی رۆشنبیریی بۆ شاری موسڵ و هەندێک لە راگەیاندنکارە نەمرەکانی کە رۆژی پێنج شەممە ٢٠١٧/٧/٢٧، لە لەندەنی پایتەختی بریتانیا بەڕێوەچو و ژمارەیەک لە توێژەرەوە و ئەدیب و شێوەکار و شاعیرانی موسڵ بەشدارییان تیادا کرد، ئاماژەیکرد کە ئەم شارە هەر وەک سەنتەرێک دەمێنێتەوە بۆ بەیەکتر گەیاندنی کلتورەکان و خاڵی بەیەک گەیاندنی نێوان گەلان و قاڕەکان. ئەمەش دەقی پەیامەکەیە: 

"خوشک و برایانی ئامادە بو 
سڵاوتان لێ بێت، 

دەست خۆشیتان لێدەکەم بۆ هەوڵی دڵسۆزانەتان لە رێکخستنی ئەم دەستپێشخەرییە بێ وێنە و تایبەتە بۆ ئاهەنگ گێڕان بۆ موسڵ مرواریی عێراق، کە بێ گومان بە خێرایی برینەکانی ساڕێژ دەبێت، تا بگەڕێتەوە بۆ پێگەی جارانی بۆ بەیەک گەیاندن و کارلێکردن و بەخششی نێوان مرۆڤ و کلتورەکان. ئەم خۆڕاگرییە کە بە درێژایی مێژو برەوی هەبوە وەک سەرچاوە و پشتیوانکەرێکی داهێنان و برایەتیی و ئاشتیی و گۆڕەپانی ئاهەنگ گێڕان بوە بۆ ژیان و جوانیی. بۆیە ئەم شارە جیا لەهەر یەکێکی تر بە پڕشنگداریی گەیشتوە بەم دێرینی رەسانایەتییە  ناوبانگی بە (ئومولرەبیعەین) پەیدا کردوە، لەرێی دینامیکییەیەکی بەردەوامەوەو لەرێی ئەدەب و هونەر و ئابوریی و بازرگانیی و پیشەسازییەوە  بوەتە سەنتەری پێک گەیاندنی هەمو جۆرە کلتورەکان، نەک وەک ئەم چەند ساڵەخەمناکەی دوایی کە روبەڕوی زۆرداریی و خۆسەپاندنی دزێو  تەکفیریی قێزەون بوەوە کە بە دڕندەییەکەی مەرامی بو هەژمونی ماڵوێرانکەرانەی خۆی بسەپێنێت بەسەر هەمو موقەدەراتەکانیدا بە پێچەوانەی هەمو پرەنسیبێک و پیرۆزییەک. 

زۆر خۆشحاڵم کە بەشداریتان بکەم لەم دیدارە کە ئەکادیمیی و پسپۆڕان لە هەمو پارێزگاکانی عێراق و ئەوانەی نیشتەجێی دەرەوە و دۆستانمان بەشداریی دەکەن. هەموان پەرۆشیی بۆ دەربڕینی هاوکاریی مەعنەویی لەگەڵ شاری موسڵی حەدبا کۆیان ئەکاتەوە. ئەمەش هەڵوێستێکی جوانە کە پەرۆشی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق لەخۆ دەگرێت بە تایبەتیی کە ئەم دەستپێشخەریە هاوکاتی ئەو سەرکەوتنە قارەمانانەیەیە کە گەلی عێراق لەم رۆژانەدا بەدەستیهێنا بەسەر پاشماوەی چەتە تێرۆریستەکان و پەیوەستە بە شادیی هەمو عێراقییەکان بێ جیاوازیی دەشتوانم بڵێم گەلانی ناوچەکە و جیهان شادمانن بە گەڕانەوەی موسڵ بۆ پێگەی ئاسایی خۆیی کە خوڵقێنەری شارستانیی و ژیانە وەک چۆن هەمیشە ئەو پێگەیەی هەبوە، ئەو خۆشییە ئەو کاتە تا سەر دەبێت کە ئاوەدانکردنەوەکەی بەم نزیکانە بە ئاکام بگات و زیاتر درەوشاوە بێت بە هیمەتی ژنان و پیاوانی رۆڵەکانی گەلەکەمان. موسڵ هەر بەتەنیا شارێکی مێژویی یان سەنتەرێکی شارستانیی نییە بەڵکو کۆڵەکەی سەرەکییە لە ستراتیژی بنیاتنانی ئایندەی وڵاتەکەمان و ناوچەکە بە گشتیی، سەرباری ئەوەی هەمیشە خاڵی بەیەک گەیاندنی نێوان گەلان و قاڕەکان دەبێت. 

دەمەوێت ئەم دەرفەتە بکەمە دەرگایەک بۆ ئەوەی سوپاسی گەلانی دۆست و کۆمەڵی نێو دەوڵەتیی بەگشتی بکەم لەپای ئەو پشتیوانیی هاریکارییە بنیاتنەرە زۆرەیان بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی عێراق لە رزگارکردنی موسڵ و تەواوی خاکەکەی بە زوترین کات لە پیسیی و لیخنی تێرۆر. دڵنیاین لەوەی بەردەوام دەبن لە پشتگرتنی وڵاتەکەماندا لە شەڕی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی موسڵ و ناوچە رزگارکراوەکانی تریشدا هاوکات لە شەڕی بەرەنگاربونەوەی مەترسیی و هەڕەشە بەردەوامەکانی فیکری تێرۆر لە دەوڵەتانی دیکەدا.. ئەوەش پێویستی بەوەیە وزەی زۆر و هەوڵی چڕ و ستراتیژیی تەرخان بکرێت بۆ زامنکردنی تێکشکاندنی تێرۆر لە ریشەوە لە هەمو جێیەکدا.. 

پێویستە بەدەوام بین لە بەرزراگرتنی جوانیی داهێنانەکانی موسڵییەکان کە شاکارەکانی زوها حەدید و ئەمانۆییل رەسام و زەنون ئەیوب و راکان دەبدوب و ئاوازەکانی مەلا عوسمان موسڵیی و جەمیل بەشیر نەمریان کردوە.. ئەوەتا موسڵ سەرلەنوێ بە هێز و تواناوە وەک سیمرغ گەڕاوەتەوە، سەرباری ئەو هەمو دوژمنکاریی و کاولکارییە کە لەسەر دەستی تێرۆریستەکان، سەرباری زیان و مەینەتییەکان، ئەو هەستانەوەیەش لە پێناوی داکۆکیە لە وابەستەبونی بە نیشتمان و ئازادییەکانی و مەسەلەی شکۆیی مرۆڤ. 

جارێکی تر هەوڵەکانتان و دەستپێشخەریەکەتان بەرز دەنرخێنم لە رێکخستنی ئەم کۆنگرەیەتان کە گرنگیی باڵای هەیە و داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم. 

بە خواتان دەسپێرم" 
Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان