سەرۆک کۆمار پێشوازیی دەکات لە وەزیری دەرەوەی جەزاییر

2017/08/09
24 بینراو

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠١٧/٨/٩ بەڕێز سەۆک کۆمار دکتۆر فوئاد مەعسوم لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە بەڕێز عەبدولقادر مساهل وەزیری دەرەوەی جەزاییر کە سڵاوی فەخامەتی سەرۆکی جەزاییر عەبدولعەزیز بۆتەفلیقەی گەیاند بە بەڕێزیان. 
سەرەتای دیدار بەڕێز سەرۆک کۆمار رۆڵی سەرۆک بۆتەفلیقەی بەرز نرخاند لە سەرکردایەتیی جەزاییر و داوای لەشساغیی و سەرکەوتنی بۆ کرد، هاوکات قوڵیی تایبەتمەندیی ئەو پەیوەندییانەی دوپاتکردەوە کە کۆماری عێراق و کۆماری جەزاییری دیموکراسیی گەلیی پێکەوە دەبەستێت بە تایبەتیی لە بوارەکانی پیشەسازیی و بازرگانیی و وزەدا، ئاماژەیشیکرد بۆ گرنگیی پتەو کردن فراوانکردنیان لە بوارە جیاجیاکاندا. 
سەرۆک کۆمار بایەخدانی عێراقی دەربڕی بۆ سود وەرگرتن لە شارەزاییەکانی جەزاییر لە بوارەکانی قەڵاچۆکردنی تێرۆر و ئاشتبونەوەی ناو کۆمەڵ، پێویستیی هەماهەنگیی ئاڵوگۆڕی زانیاریشی دوپاتکردەوە لە نێوان هەردو وڵاتدا. 
بەڕێزیان ئەوەیشی خستەرو کە پێویستە هاریکاریی هاوبەش لە هەردو کەرتی نەوت و گاز و سود وەرگرتن لە شارەزاییەکانی جەزاییر لەم بوارەدا بێتە ئاراوە، سەرباری گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هەردولا لە بارەی نرخی نەوت لە ناو رێکخراوی دەوڵەتانی بەرهەم هێنەر (ئۆپیک) دا بەو پێیەی سەرچاوەی سەرەکیی داهاتە لە هەردو وڵاتدا. 
سەرۆک مەعسوم نیازمەندیی عێراقی نیشان دا بۆ کاراکردنی لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردو وڵات کە دەبێتە فاکتەری زیاتر کردنی قەوارەی هاریکاریی، ئەوەیشی رونکردەوە کە عێراق بەو چاوەوە دەڕوانێت لە ئاسۆیەکی نوێ لە پەیوەندییەکاندا بکرێتەوە لەرێی فراوانکردنی هاریکاریی دیپلۆماتیی و گەشەپێدانی کاری ناوەندە دیپلۆماتییەکان لە هەردو وڵاتی برادا. 
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بۆ ئەو مەترسییە هاوبەشانەی کە کە روبەڕوی عێراق و جەزاییر دەبێتەوە کە خۆی لە تێرۆری سنور بەزێندا دەبینێتەوە، لەو روەشەوە گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش و هاریکاریی لە بواری قەڵاچۆکردنی ئەم بەڵا ترسناکەی بەبیر هێنایەوە لە رێی چالاککردنی هاریکاریی هەواڵگریی لە دامەزراوە ئەمنییەکان لە هەردو وڵاتدا. 
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی جەزاییر پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراقی پێشکەشکرد کە بە رزگارکردنی شاری موسڵ تاجی لەسەرنان، پەرۆشیی وڵاتەکەیشی دوپاتکردەوە بۆ بەردەوامبون لە پشتیوانیکردنی عێراق بە تایبەتیی لەو جەنگەی کە عێراق لە جیاتی هەموان بەئەنجامی دەگەیەنێت. 
بەڕێز مساهل ئاستی پەیوەندیی دوقۆڵیی عێراق و جەزاییری بەرز نرخاند و داوایکرد بەرزتر ببێتەوە تا هەمو بوارەکان بگرێتەوە بەو جۆرەی خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردو وڵاتی برا دەکات.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان