سەرۆک مەعسوم بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە پیرۆزبایی لە عێراقییەکان و موسڵمانان دەکات، متمانەی بەهێزی خۆی دەردەبڕێت بەتوانای عێراقییەکان لە بنیاتنانی دەوڵەتی دیموکراسیی نوێ و پێشکەوتودا

2017/08/31
36 بینراو


بەڕێز سەرۆک کۆمار دکتۆر فوئاد مەعسوم بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە پیرۆزبایی لە عێراقییەکان و موسڵمانی جیهان کرد.

بەڕێزیان ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠١٧/٨/٣١ لە پەیامێکدا بۆ گەلی عێراق، پیرۆزبایی تایبەتیی ئاڕاستەی قارەمانانی هێزە چەکدارەکانمان کرد کە نزیک بونەتەوە لە بەدیهێنانی سەرکەوتنی گەورە بەسەر تێرۆردا هاوکات بۆ خانەوادەی شەهید و دیلەکان و ئاوارەبوەکان. متمانەی بەهێزی خۆشی خستۆتە رو بە توانای عێراقییەکان لە تێپەڕاندنی هەمو کۆسپەکان و هەنگاونان بەرەو بنیاتنانی ئایندەیەکی سەرکەش و بڵند بۆ وڵاتەکەیان لە سایەی دەوڵەتێکی مەدەنیی گەشەسەندو و پێشکەوتو کە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و هاریکاریی باڵی بەسەرا بکێشێت و مافی هەمو رۆڵەکانی بێ جیاوازیی تیادا دەستەبەر ببێت، داوایشکیردوە پەروەردگاری مەزن خۆشیی و ئاشتیی بەسەر موسڵمانان و هەمو مرۆڤایەتیدا ببارێنێت. ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

“بەناوی پەروەردگاری بەخشندە و میهرەبانەوە 
ئەی گەلی عێراقی سەربەرز
سڵاوی خواتان لێ بێت،

لەگەڵ دەرکەوتنی جەژنی پیرۆزی قورباندا و لەو کاتەی کە ملیۆنان موسڵمان لەسەر کێوی عەرەفە بە جیاوازیی رەنگ و رەگەزیانەوە بە یەکگرتویی و برایەتیی وەستاون و کۆبونەتەوە، بەم بۆنە پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش دەکەم داوای ئاشتیی و بەختەوەریی دەکەم بۆ تەواوی موسڵمانان و مرۆڤایەتیی بۆ گەلەکەشمان داوای سەربڵندیی و سەرکەشیی و یەک گوتاریی دەکەم.

بەم بۆنە پیرۆزەوە نزای سۆز و بەزەیی لای پەروەردگار دەکەم بۆ شەهیدانی نەمری گەلەکەمان کە بەنرخترین سامانی خۆیان بەخشی لە پێناوی ئازادیی و سەربڵندیی گەلەکەیاندا، داوای چاکبونەوەی هەرچی زوتریش بۆ بریندارە قارەمانەکان دەکەم.

گەرمترین پیرۆزبایی و هەستی پێزانین پێشکەش دەکەم بە قارەمانانی هێزە چەکدارە نەبەزەکانمان (لە هەمو بەشەکانی سوپای نیشتمانیی، پۆلیسی فیدراڵیی، پێشمەرگە، حەشدی شەعبیی وخۆبەخشە مەدەنییەکان) کە لە بەدیهێنانی سەرکەوتنی مەزن بەسەر تێرۆردا نزیک بونەتەوە.

هاوپشتیی و پێزانینی تایبەتییمان دەردەبڕین بۆ خانەوادەی شەهیدانی رۆڵەکانی هێزە چەکدارەکانمان و قوربانیانی پەلامارە تێرۆریستییەکان و دیل و ئاوارە بوەکان، لە پەروەرگارمان داوایە، ئەم جەژنە بکاتە دەستپێکی قۆناغی ئاشتیی و خۆشیی بۆ وڵاتەکەمان و ناوچەکە و جیهانیش، هەنگاوەکانی گەلەکەشمان سەربخات لە تێپەڕاندنی هەمو کۆسپ و هەڕەشەیەکی ئەمنیی، سیاسیی و ئابوریی کە روبەڕوی وڵاتمان دەبێتەوە لەکاتێکدابە هیمەت و بڕواو هەنگاو دەنێت بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی دیموکراسیی و فیدراڵیی هاوچەرخ و پێشکەوتو لەسەر بنەمای هەورازخستنی پرەنسیبەکانی دەستور، پێودانگەکانی هاوڵاتیبون، ئاشتبونەوەی ناو کۆمەڵ، لێک تێگەیشتن، هاریکاریی، رێزگرتنی ئازادیی و مافەکان و هەمو ئەو بنەمایانەی تری کە ژیانێکی مەدەنیی گەشەسەندو و پێشکەوتو بۆ هەمو رۆڵەکانی گەلەکەمان زامن دەکات بێ بچوکترین جیاوازیی.

جەژنتان پیرۆز، هەمو ساڵێک هەر لە خۆشیدابن.
 
فوئاد مەعسوم
سەرۆک کۆمار”
Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان