سەرۆک مەعسوم لەگەڵ سەرۆک وەزیری پۆڵۆنیادا کۆدەبێتەوە

2017/11/07
19 بینراو

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠١٧/١١/٧ بەڕێز سەرۆک کۆمار دکتۆر فوئاد مەعسوم لە وارشۆی پایتەخت لەگەڵ خاتو بیت شیدۆ سەرۆک وەزیری پۆڵنیادا کۆبوەوەو پێکەوە رێوشوێنەکانی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و پۆڵۆنیایان تاوتوێکرد لە هەمو بوارەکاند بەتایبەتیی لە روی ئابوریی و ئەمنیی و کاراکردنی رێککەوتنی ئیمزاکراوی ساڵی رابردوی نێوان هەردو وڵات.
سەرۆک کۆماری وێڕای سوپاسگوزاریی بۆ پێشوازیی و میوانداریی گەرمی حکومەتی پۆڵۆنیاو بایەخدانی بە پشتیوانیکردنی عێراق، پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردو وڵاتی بەرزنرخاند، ئامادەیی عێراقیشی دەربڕی بۆ ئەوەی هاریکاریی لەگەڵ پۆڵۆنیادا توندو تۆڵ ترو فراوانتر بکات لە بوارەکانی پیشەسازیی و کشتوکاڵ و بازرگانیی و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابوریی و نوێکردنەوەی کارگە لەکارکەوتوەکان، ئەوەیشی خستە رو کە عێراق بە بەبایەخەوە دەڕوانێتە شارەزایی پۆڵۆنیا لەو بوارانەدا، داوایشی لە حکومەتی وارشۆ کرد لەسەر بنەمای رێککەوتنامەی پاریس قەرزەکانی کە لەسەر عێراقە چارەسەر بکات، پشتیوانیش بکات لە دەستپێکردنەوەی گەشتی هەوایی نێوان هەردو وڵات و ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزا و هاندانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و گەشتیاریی.
سەرۆک مەعسوم دوپاتیکردەوە سەرکەوتن بەسەر تێرۆر و تاقمە تێرۆریستەکاندا پێویستی بە هاریکاریی نێودەوڵەتییە بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتنی یەکجارەکی و سەرتاسەریی ستراتیژیی بەسەر تێرۆر و رێگرتن لە پەلهاویشتن بۆ ناوچەکانی تر و بەدیهێنانی ئاشتیی و ئارامیی لە تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهانیش دا، داواشی لە پۆڵۆنیا و یەکێتیی ئەوروپا کرد هەوڵی جیهانیی هاوبەش بخەنەگەڕ بۆ بەدیهێنانی ئەو ئەرک و ئامانجە.
خاتو شیدۆ سەرۆک وەزیری پۆڵۆنیاش پیرۆزبایی وڵاتەکەی بۆ ئەو سەرکەوتنانە نوێکردەوە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەدەستیان هێناوە بەسەر تاقمی داعشی تێرۆریستدا، دوپاتیاشیکردەوە پۆڵۆنیا ئامادەیە بۆ گەشەپێدان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردو وڵات لە هەمو بوارەکاندا لەوانە بواری ئەمنیی وتیشی کە وڵاتەکەی بە بایەخەوە کار دەکات بۆ هێنانە ئارای کەشوهەوای هاریکاریی بەرفراوان بەو جۆرەی خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردو گەلی دۆست دەکات.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان