‎سەرۆک کۆمار پێشوازیی دەکات لە سەرۆکی بانکی ناوەندیی

2017/12/07
18 بینراو

 
‎ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠١٧/١٢/٧، بەڕێز سەرۆک کۆمار دکتۆر فوئاد مەعسوم لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیی کرد لە دکتۆر عەلی عەلاق سەرۆکی بانکی ناوەندیی.
‎لە دیدارەکەدا باری دراو و دارایی ئێستا و پێویستیی نوێکردنەوەی میکانیزم و پسپۆڕییەکانی کارکردنی بانکیی لەعێراق تاوتوێکرا بە سود وەرگرتن لە تازەترین شێوازی تەکنیکیی جیهانیی، گرنگیی رۆڵی بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردنی بانکی ناوەندیی عێراق دوپاتکرایەوە لە پشتیوانیکردنی هاوبەشیکردن لەگەڵ بانکە بیانییە باوەڕ پێکراوەکان و ئاسانکاریی مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەکانی دراوی ناوخۆ و دەرەوە و هاریکاریکردنی کارەکانیان لە ناوخۆی وڵاتدا بەپێی قانونەکان بەو جۆرەی لە خزمەتی بەخێرای بنیاتنانی سیستمی ئابوریی بەهێز و پێگەیشتو بکات. 
‎سەرۆک کۆمار گرنگیی پتەوکردن و فراوانکردنی کارو چالاکی لقی بانکی ناوەندیی لە هەرێمی کوردستانی دوپاتکردەوە بەو جۆرەی تۆکمەکردنی رایەڵەی پەیوەندیی مامەڵەکردنی دارایی لەگەڵ دامەزراوە داراییە رەسمییەکان لە هەرێمی کوردستان و کارئاسانیی رێکار و مامەڵەی کۆمپانیاکان و هاوڵاتیان لە هەرێمدا زامن دەکات، ئاماژەیشیکرد بۆ هەوڵی جدیی لە یەکخستنی سیستمی بانکیی عێراق لەسەرتاسەری وڵاتدا لە پێناوی هەستانەوەو بوژانەوەی باری ئابوریی لە تەواوی عێراقدا.
‎لای خۆشیەوە بەڕێز عەلاق بایەخدانی بانکی ناوەندیی دوپاتکردەوە لەگەشەپێدانی کارەکانیدا لەسەر هەردو ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە ئەوەیشی خستە رو کە بانکی ناوەندیی بایەخی تایبەتیی دەدات بە بەهێزکردنی کاری بانکەکە لە هەرێمی کوردستان و هەوڵ دەدات بۆ چارەسەرکردنی تەواوی ئەو کێشە و کۆسپانەی کە دێنە بەردەم کۆمپانیاکانی کە لە ناوچەکە کاردەکەن، سوپاس و پێزانینیشی دەربڕی بۆ ئەو بایەخدانەی سەرۆک کۆمار بە بانکی ناوەندیی لەم بارودۆخە ناسکەدا، لەو روەوە ستایشی رێنماییەکانی بەڕێزیانی کرد.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان