سەرۆک مەعسوم: با ساڵی نوێ ساڵی گەڕانەوەی ئاوارە بوەکان، ئاوەدان کردنەوە، هەڵبژاردن، دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵیی و کۆتایی گرژییەکان بێت

2017/12/31
30 بینراو


ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٠١٧/١٢/٣١ بەڕێز سەرۆک کۆمار دکتۆر فوئاد مەعسوم بە بۆنەی ساڵی نوێی میلادییەوە پەیامێکی پیرۆزبایی پێشکەشکرد بە عێراقییەکان و جیهان و داوایکرد ساڵی گەڕانەوەی ئاوارە بوەکان، ئاوەدان کردنەوە، هەڵبژاردن، دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵیی و کۆتایی گرژییەکان و گەشەپێدانی پرۆسەی سیاسیی بێت. ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

"بەناوی پەروەردگاری بەخشندە و میهرەبانەوە
سڵاوی خوداتان لێ بێت،
لەگەڵ دەرکەوتنی ساڵی نوێی میلادیدا.. گەرمترین پیرۆزبایی شادمانیی پێشکەش دەکەین بە رۆڵەکانی گەلی عێراقمان بە هەمو پێکهاتەکانییەوەو بە هەمو گەلانی جیهانیش، داواکارین ساڵی داهاتو ساڵی خۆشیی و ئاشتیی و پێشکەوتن و گەشەسەندن خۆش ویستن بێت بۆ هەموان.
ساڵی رابردو ساڵی سەرکەوتنی مەزنی گەلەکەمان بو بەسەر تێرۆردا، بەو سەرکەوتنە قارەمانانەیە دەستی پێکرد کە هێزە چەکدارە نەبەزەکانمان 23 كانونی دوەمی رابردودا بە رزگارکردنی لای چەپی شاری موسڵ لە پیسیی چەتەکانی داعشی تێرۆریست تۆماریان کرد.. دوای چەند هەفتەیەک پێشڕەوییە سەرکەوتوەکانی لای راست و تەواوی شاری موسڵی بەدوادا هات، دوای ئەوەی زیاتر لە سێ ساڵی پڕ لە ناخۆشیی لە ژێر چنگی تاقمی داعشی تاوانباردا بوو بە پایتەختی هەمیشەیی دەوڵەتە بێ سەرو بەرە درۆینییەکەی دانابو.
وا ئێستاش ساڵی 2017 جێ دێڵین کە گەلە دلێرەکەمان سەرکەوتنی کۆتایی و یەکجارەکی تۆمار کردوە بەسەر تاقمی داعشی تێرۆریستدا لە جەنگە مەزنەکەیدا کە بوە جێگەی پێزانین و سەرسامیی و هاوکاریی گەلانی جیهان.
ئەم سەرکەوتنە بەدی نەدەهات ئەگەر پۆڵاینیی و قوڵیی یەکڕیزیی نیشتمانیمان و قارەمانیەتی و قوربانیدان گەلەکەمان بە هەمو پێکهاتە و تاییفەکانییەوە نەبوایە لە پێناوی ئازادیی و یەکێتییەکەی و سەروەریی نیشتمانیی و سەربەرزیی و ئایندەی نەوەکانی داهاتو و ئایندەی ژیانی سەربەرزیی مرۆڤایەتییدا. ئەم سەرکەوتنە پرشنگدارە یەک لە دوا یەکانە تاجیان لەسەر نەدەنا ئەگەر ئەو لێوەشاوەیی و ورەی شەڕکردن و گیانی قارەمانیەتیی و خۆڕاگریی هێزە چەکدارەکانمان نەبوایە کە بە هەمو بەشەکانیانەوە نواندیان هەر لە دەزگای قەڵاچۆکردنی تێرۆر و یەکەکانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵیی و دەزگا ئەمنییەکان تا هێزەکانی پێشمەرگە حەشدی شەعبیی و هێزی هەوایی و فڕۆکەوانیی سوپا و هەمو ئەوانەی بە هەر شێوەیەک بەشدارییان کردوە لە بەدیهێنانی ئەم سەرکەوتنە مەزنەدا.
ئێمە لە کاتێکدا بە متمانە و دڵنیاییەوە بۆ ئایندەی وڵاتە خۆشەویستەکەمان ماڵئاوایی لە ساڵی 2017 دەکەین، بە ئیرادە و ورەیەکی زیاترەوە پێشوازیی دەکەین لە ساڵی نوێ بۆ پتەوکردنی یەکێتیی عێراق و عێراقییەکان و پارێزگاریی کردن لە فرەیی پێکەوە ژیانیان لەسەر پێودانگیی هاوڵاتیبون و دادپەروەریی و برایەتیی و پەرۆشیی بۆ یەکتریی و باوەڕ بە گرنگیی پتەوکردنی پێودانگەکانی دیموکراسیی و پابەندبونی نەگۆڕ بۆ پرەنسیبەکانی دەستور و پێویستیی بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی و هاوڵاتیبون و مافەکان بەو پێیەی کە هەمو ئەوانە ئەولەویەتی ئێستای گەلەکەمانن و بناغەیەکی پۆڵایینە بۆ وەدیهێنانی ویست و ئاواتەکانی لە دەوڵەتێکی مۆدێرنی ئۆقرە و گەشەسەندو و پێشکەوتودا کە بۆ هەموان بێت بێ جیاوازیی، و دڵنیاین هەڵکەوتنی هەمو ساڵێکی نوێ هاندەر و خواستێکی نوێ لەگەڵ خۆیدا دێنێت بۆ تەئکید کردنەوە لەسەر گرنگیی هەنگاونان بۆ پێشەوە لە پێناوی قوڵکردنەوە و دەوڵەمەندکردنی هیواکان بۆ ژیانێکی ئازاد و پێشکەوتو و ئارام بۆ هەمو گەلان لە چوار چێوەی یەکڕیزیی مرۆیی کە ئامانج و واتاکانی بەرز و باڵان.
گەرمترین پیرۆزبایی بۆ هەمو عێراقییەکان و تەواوی مرۆڤایەتیی بە بۆنەی ساڵی نوێی میلادییەوە.
باساڵی نوێ ساڵی خۆشی بێت بۆ رۆڵەکانی گەلەکەمان و هەمو گەلانی سەر روی زەمین.
باساڵێک بێت ئاوارە بوەکان بە ئارامیی و ئازادیی بگەڕێنەوە بۆ شار و گوندەکانیان، ساڵی ئاوەدانکردنەوە، هەڵبژاردنەکان، دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵیی و گەشەپێدانی پرۆسەی سیاسیی بێت بەو جۆرەی کە سەرخستن و پێشکەوتنی سیستمی دیموکراسیی فیدراڵیی کۆتایی هاتنی گرژییەکان بێت.
درود بۆ گیانی ئەوانەی قوربانییاندا و شەهیدبون لە پێناوی ئازادیی و لە پێناوی عێراقدا، و شانازیی و سەربەرزیی بۆ خانەوادە بەڕێزەکانیان کە قوربانییان بە رۆڵەکانیاندا لەم پێناوەدا. شیفای هەرچی زوتر بۆ بریندارەکانمان.
هەمو ساڵێک و هەموان لە ژیانێکی زیاتر ئۆقرە و پێشکەوتو و ئاشتیی و خۆشیدا بن.

بە خوداتان دەسپێرم''


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان