دەقی پەیامی سەرۆک کۆمار بە بۆنەی نەوەدو هەفتەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی سوپای عێراقەوە

2018/01/05
18 بینراو

ئەمڕۆ هەینی ٢٠١٨/١/٥ بەڕێز سەرۆک کۆمار دکتۆر فوئاد مەعسوم بە بۆنەی هاتنەوەی نەوەد و هەفتەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی سوپای نەبەزی عێراقەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی گەلی عێراقی سەربەرز و ئەفسەر و سەربازانی سوپای نیشتمانییمان و هێزە چەکدارەکانمان کرد، ئەمەش دەقەکەیەتی:

بە ناوی پەروەردگاری بەخشندەو میهرەبانەوە 
ئەی گەلی عێراقی دلێر 
ئەی قارەمانانی سوپا و جوامێرەکانی هێزە چەکدارەکانمان
لەم رۆژەدا لە شەشی کانونی دوەمدا، بە شانازیی و سەربڵندییەوە یادی نەدەود و هەفتەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی سوپای عێراقی نەبەزمان دەکەینەوە کە ساڵی رابردو لەگەڵ هەمو ریزەکانی تری هێزە چەکدارەکانماندا گەورەترین نەبەردیی نیشتمانیی لە مێژوی هاوچەرخی گەل و وڵاتەکەماندا تۆمار کرد، و لە داستانێکی قارەمانانەی بێ وێنەدا ئەو سەرکەوتنە مەزن و بەهێزەی بەدیهێنا بەسەر تاقمی داعشی تێرۆریستدا کە سەرسامیی و پێزانین و هاوپشتیی گەلانی جیهانی مسۆگەر کرد.
بەدەگمەن سوپایەکی نوێ توانیویەتی بەم بەهێزیی و لێوەشاوەییە خێراییە متمانە بە خۆی بکاتەوە وەک ئەوەی لە سوپای عێراقمان و هەمو هێزە چەکدارەکانمان بینی، کە لەو بەرپەرچدانەوە یەکلاییکەرەوە و شێلگیرانەیەدا دژی تێرۆریستانی داعش و پاشماوەکانی رژێمی لەناوچودا بەرجەستە بو.
لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ دا زۆر کەس لە ناوخۆ و دەرەوەش خەیاڵیان وابو سوپاکەمان لەمەولا ئیتر شورای پارێزەری وڵات و هاوڵاتیی نابێت لەئاست مەترسییەکاندا، بەتایبەتیی مەترسیی تێرۆریستانی داعش کە لەهەمو لایەکی جیهانەوە هاتبون. بەڵام ئەوەتا سوپاکەمان بە پاکردنەوەی بست بە بستی عێراق لە پیسیی تێرۆر ئەو خەیاڵەی پوچەڵ کردەوە لە میانەی زنجیرە سەرکەوتنە سەرنجراکێشەکانیدا، بە لێوەشاوەییە گەورە پیشەییەکەی کە نیشانیداو، بەو ورە بەرزییەی شەڕکردنەی کە نواندی نەک هەر بە تەنیا متمانە بە خۆکردنی بۆ گەڕاندەوە بەڵکو متمانەی گەل و هەمو جیهانیشی بۆ خۆی گەڕاندەوە وەک زامنێک بۆ پاراستنی یەکێتیی و سەروەریی عێراق و کەرامەتی هەمو عێراقییەکانیش.
بێگومان ئەو سەرکەوتنانە بەدی نەدەهاتن ئەگەر کۆبونەوەی گەلەکەمان نەبوایە بە هەمو پێکهاتە و رەنگەکانییەوە لە دەوری هێزە چەکدارەکانمان، هەر لە سوپای نیشتمانیی، فڕۆکەوانیی سوپا، دەزگای قەڵاچۆکردنی تێرۆر، هێزی هەوایی، پۆلیسی فیدراڵیی، حەشدی شەعبیی، هێزی پێشمەرگە تا دەگاتە دەزگا ئەمنییەکان و هەمو سنف و تەشکیلاتە پشتییوانییەکانی تر لە پاڵپشتیی ئەندازەیی و پزیشکیی میدیاییەوە تا دەستەبەری لۆجیستیی و خۆبەخشەکان لە رۆڵەی عەشاییر و مەدەنییەکان لە ناوچە رزگارکراوەکان و هەمو ئەو هاوڵاتییانەی کە بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشدارییان کردوە لە بەدیهێنانی ئەم سەرکەوتنە زیندوەدا. ئێستاش ئەم بۆنە مەزنە داوامان لێ دەکات گرنگیی دەست لە ناو دەستکردنی نێوان هێزە چەکدارەکانمان و ئەو هاوڵاتییانە توندوتۆڵ بکرێتەوە کە پاڵپشت و پشتیوانی پۆڵاینی هێزە چەکدارەکانیان بون لە بەرگریکردن لە عێراق و ئارامیی و ئازادییەکەیدا، سەرلەنوێش پێویستیی بە ئاکام گەیاندنی بنیاتنانی هێزە چەکدارەکانمان و گەشەپێدانیان دوپاتدەکەینەوە بە تایبەتیی کە لەم کاتە دژوارەدا ئۆقرەیی وڵاتەکەمان پشتی پێیان دەبەستێت، بەو پێیەی سپەری پۆڵاینن بۆ پاراستنی نیشتمان و دەستکەوتەکانی ئەزمونی دیموکراسیی. هاوکات گرنگیی هەنگاونان بۆ پێشەوە دوپاتدەکەینەوە لە پلانی بنیاتنانی سوپایەکی عێراقیی بەهێز بە پرەنسیب و بیروباوەڕێکی سەربازییەوە کە ئامانجە باڵاکەی خزمەتکردنی گەل و بەرژەوەندیی گشتیی و پاراستنی سەروەریی پشتیوانی ئاوەدانکردنەوە بێت، سوپایەکی داکۆکیکاری نیشتمانیی و پیشەیی بەشکۆ کە بۆ هەمو عێراق بێت و جێگەی هیچ وابەستەییەکی تەسکی تیادا نەبێتەوە، هاوڵاتییان بێ هیچ جیاوازییەک بپارێزێت، ئەوەش پێویستی بەوەیە کە چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت هەر زیادڕەوییەکیش بەسەر دەسەڵاتی دەوڵەت و قانوندا بەرپەچ بدرێتەوە.
لەم بۆنە نیشتمانییە نەمرەدا گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش دەکەم بە هەمو عێراقییەکان بە تایبەتیی بەقارەمانانی سوپاو هێزە چەکدارەکان، سوپاسگوزارییم بۆ پشتیوانیی کۆمەڵی نێودەوڵەتیی و پاڵپشتیکردنی لە سوپاکەمان و هێزە چەکدارەکانمان. سەرنەوی دەکەین لەبەردەم گەورەیی و مەزنیی شەهیدانی نەمری گەلەکەماندا، ئەوانەی گیانی خۆیان بەختکرد لە پێناوی ئازادیی وڵاتەکەیان و رزگاریی گەلەکەیان و مرۆڤایەتیی لە بەڵای تێرۆر، شیفای خێرا بۆ بریندارە قارەمانەکانمان. هەمو ساڵێک عێراق و سوپاو هێزە چەکدارەکانی هەر لە سەربەرزیی شکۆیی و بەهێزیدا بن.
بە خوداتان دەسپێرم


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان