سەرۆک کۆمار: سەرکەوتنی راستەقینە شانازییە بۆ هەمو عێراقییەکان و شادیی ئازادیخوازانی ناوچەکەو جیهانە

2018/01/08
16 بینراو

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دوشەممە ٢٠١٨/١/٨ بەڕێز سەرۆک کۆمار دکتۆر فوئاد مەعسوم لە بەغداد سەردانی وەزارەتی بەرگریی کرد هەر بە گەیشتنیان بۆ بارەگای وەزارەت بەڕێز عیرفان ئەلحیالیی وەزیری بەرگریی لە پێشوازیی بەڕێزیاندا بو، مەراسیمی پێشوازیکردنە بە سڵاوی کۆماریی، دواتر پشکنینی پاسەوانی شەرەف لە لایەن بەڕێز سەرۆک کۆمارەوە دەستی پێکرد.
لەدیدارەکەدا بەڕێزیان پیرۆزبایی لە وەزیری بەرگریی و سوپا سالار و گەورە فەرماندە سەربازییەکان و هەمو فەرماندە و ئەفسەر و پلەدارەکانی تری سوپای نەبەزی عێراق کرد بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی سوپاوە. سەرۆک مەعسوم لە وتەیەکی هەمەلایەندا وتی "ئاهەنگی ئەمساڵ بە بۆنەی جەژنی دامەزراندنی سوپای عێراقەوە مۆرکێکی تایبەتیی هەبو کە هاوکاتە لەگەڵ سەرکەوتنی مەزن بەسەر تاقمی داعشی تێرۆریست و تێکشکاندنی و رزگار کردنی تەواوی خاکی نیشتمان و گەڕانەوەی پارێزگا و شارو گوندەکان بۆ ئامێزی وڵات، ئاماژەی کرد کە ئەم سەرکەوتنە جێگەی شانازیی هەمو عێراقییەکان و شادیی تەواوی ئازادیخوازانی ناوچەکە و جیهانە، ئەمەش سوپا و هێزە چەکدارەکانمان دەخاتە بەو پێگەیەی شاد دەکات کە شایستەیەتی و هانمان دەدات کە کار بکەین لە پێناوی بەرز کردنەوەی ئاستی دامەزراوەی سەربازیی کە پێویستە ببێتە دامەزراوە و هێزێک بۆ پارێزگارکردنی ئاسایشی گەل و سەروەریی وڵات و سەربەخۆییەکەی.'' 
بەڕێز سەرۆک کۆمار وتی سوپای عێراق کەئێستا لای هەمو جیهان جێگەی رێزە، سوپای هەمو عێراقییەکانیشە کە لەدەوری کۆبونەوە و پشتیوانییان کرد لە پێناوی بەدیهێنانی ئەم سەرکەوتنە راستەقینەیەدا، دوپاتیشیکردەوە (تاسوپا بەهێز و پێگەکەی شکۆدار بێت، ئارامیی و ئۆقرەییش دەستەبەر دەبێت، بەو مانایە نا کە سەرکوتکەر و خۆزاڵکەر بێت بەڵکو بە دیوەکەی تردا و بەمانای بەرگرییکردن لە نیشتمان و هاریکاریکردنی بنیاتنەر لە نێوان دامەزراوەی سوپا و گەلدا).
بەڕێزیان ستایشی ئەو قوربانیدانانەی کرد کە هێزە چەکدارەکانمای بە هەمو بەشەکانیانەوە پێشکەشیان کرد بۆ بەدیهێنی سەرکەوتن، رۆڵی قارەمانانەی فەرماندە و ئەفسەر و سەرباز و هەمو جەنگاوەر و پلان دانەرانی شەڕەکانی بەرز نرخاند لە ئاست ئەو قارەمانێتیی و ئازایەتییەی کە نیشانیاندا کە هەردەم جێگەی شانازیی نەوەکانی داهاتوش دەبێت. بەڕێزیان داوای کرد کار بکرێت بۆ تەواکردنی بنیاتنانی هێزە چەکدارەکان و گەشە پێدانیان لەسەر ئەو بنەما پیشەییانەی کە سوپاکانی وڵاتانی دیموکراسیی پێ ناسراوە.
سەرۆک کۆمار لە وتەکەیدا لەگەڵ فەرماندەکاندا هانی دان کە فەرماندە و ئامر و ئەفسەر و جەنگاوەرەکان گرنگیی بدەن بە دۆکیۆمێنت کردنی ئەزمونەکانیان لە بەرپەرچدانەوەی ئەمجۆرە تێرۆرە (واتە داعش). 
پێشتریش وەزیری بەرگریی بە ناوی خۆی و فەرماندە و ئەفسەر و پلە دارانەوە خۆشحاڵیی دەربڕیی بەسەردانەکەی بەڕێز سەرۆک کۆمار بۆ وەزاەت و پێشکەشکردنی پیرۆزبایی بەم بۆنە پیرۆزەوە.
هاوکات سەرۆک کۆمار گوێی لە وتەکانی هەریەک لە سوپا سالار و فەرماندە ئامادەبوەکان گرت کە تیایدا سوپاسی سەردانەکە و وتە بەنرخەکانی بەڕێزیان کرد، روانینی خۆشیان خستە رو سەبارەت بە گرنگی قۆناغی داهاتو لە بنیاتنانی سوپا و گەشەپێدانی تواناکانیو، هیواکانیان کە هەڵیان چنیوە بۆ پشتیوانیی و هاریکاریکردنی سوپا بۆ ئەو مەبەستە.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان