سەرۆک کۆمار چاوی دەکەوێت بە وەزیری ناوخۆ و گەورە فەرماندەکان، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پۆلیسی عێراقەوە

2018/01/10
14 بینراو

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠١٨/١/١٠ بەڕێز سەرۆک کۆمار دکتۆر فوئاد مەعسوم لە بەغداد سەردانی وەزارەتی ناوخۆی کرد و لە لایەن بەڕێز قاسم ئەلئەعرەجیی وەزیری ناوخۆ و عەقیل ئەلخەزعەلیی وەکیلی پێشکەوتوی وەزارەت و گەورە فەرماندە و ئامر و بەڕێوەبەرانی وەزارەتی ناوخۆ وە بە گەرمی پێشوازیی لە بەڕێزیان کرا.
سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە کارمەندانی وەزارەت و هێزەکانی پۆلیس بە هەمو دامەزراوەکانیانەوە کرد بە بۆنەی یادی دامەزراندنی پۆلیسی عێراقەوە.
بەڕێزیان لە وتەیەکیدا ستایشی رۆڵی قارەمانانەی هێزەکانی پۆلیسی عێراق کرد لە شێوازی جەنگکردن و سەرکەوتنیان بەسەر تاقمی داعشی تێرۆریستدا و بەشداریکردنیان لە بەرگرییکردنی ئاسایشی نیشتمان و هاوڵاتییاندا شانبەشانی ریزە جیاجیاکانی هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکانی تر و هەوڵی بێ وچانیان لە پاراستنی ئارامیی کۆمەڵدا.
سەرۆک مەعسوم ئومێدی خۆی دەربڕی بۆ بەرەوپێشچونی زیاتر و شکۆمەندیی و گەشەکردنی هێزەکانی پۆلیس و کارکردنیان بە گیانی پیشەیی و پابەندبونیان بە رەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ و پارێزگاریکردن لە ئازادییەکان بە هەمو سنف و ریزەکانیانەوە، بەو جۆرەی کە ویست و خواستی عێراقییەکان بەدی بهێنێت لە ئاسایش و ئۆقرەییدا.
بەڕێزیان قوربانیدانی کارمەندانی پۆلیسی بەرز نرخاند و ستایشی گیانی قارەمانێتی ئەو شەهیدانەی کرد کە گیانیی خۆیان بەختکرد، داوای هەرچی زوتر چاکبونەوەیشی کرد بۆ بریندارەکانیان، لەو بارەیەشەوە سەرۆک کۆمار پێویستیی بایەخدان و ئاوڕدانەوەی لە خانەوادەی شەهیدان و چاودێریکردنی بریندارەکانیان دوپات کردەوە وەک رێز و پێزانینێک لە بەرامبەر گیانفیداییان لە پێناوی گەل و نیشتماندا.
بەڕێزیان روناکیی خستەسەر گرنگیی کارکردن بۆ گەشەپێدانی دامەزراوەکانی پۆلیس و راپەڕاندنی ئەرکەکانی بەڕێوەبەرایەتییە جیاجیاکانی وەزارەت، بایەخ و گرنگییدانیشی بە لایەنی هەواڵگریی و کارکردن بۆ لەناوبردنی شانەنوستوەکانی تێرۆریستان و تارومارکردنی چەتەکانی کەتن و تاوانی دوپاتکردەوە لە پێناوی پاراستن و چەسپاندنی سەرکەوتن بە بەدیهێنانی ئارامیی و ئۆقرەیی، بەڕێزیان ئاماژەیکرد بۆ پێویستیی سود وەرگرتن لە شارەزایی دامەزراوەکانی پۆلیسی دەوڵەتانی دیموکراسیی بەو جۆرەی یارمەتی وەزارەتەکە دەدات بۆ باش راپەڕاندنی ئەرکەکانی لە کاتی ئاشتیی و هێمنییدا و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ بۆ تەواوی هاوڵاتییان.
وەزیری ناوخۆش لە دەستپێکی دیدارەکەدا لەگەڵ بە گەرمی بەخێرهاتنی لە بەڕێز سەرۆک کۆمار بۆ وەزارەتەکەیان، بەناوی خۆی و تەواوی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆوە پێزانینی دەربڕی بۆ سەردان و بەسەرکردنەوەکەی و پیرۆزباییەکەی بەم بۆنە شادەوە. هاوکات وەزیری ناوخۆ ئاماژەیکرد بۆ رۆڵی قارەمانانەی هێزەکانی پۆلیس و ریزە جیاجیاکانی تری هێزە چەکدارەکانمان لە بەگژاچونەوەی تێرۆردا، رونیشیکردەوە کە وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیس موڵکی هەمو عێراقییەکانن بە ئایین و نەتەوە جیاجیاکانیانەوە. پەرۆشیی وەزارەتەکەیشی دوپاتکردەوە بۆ ئەوپەڕی هەوڵدان لە پێناوی چەسپاندنی ئاسایش و ئۆقرەیی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی تری ئەمنیی و ئۆقرەیی بە هاوڵاتییان.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان