سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە هاوپەیمانی هیوای کوردستانی

2021/01/12

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/١/١٢ لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری هاوپەیمانی هیوای کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئابووری عێراق و کوردستان و کێشە کەڵەکەبووەکان گفتوگۆکرا.

لەو دیدارەدا بەگرنگییەوە باس لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرا و جەختکرایەوە لە رەخساندنی کەشێکی گونجاو و لەبار و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردەنەکان دوور لە ساختەکاری و فرتوفێڵ و گوشار. 

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەپێویستی خستنەگەڕی گشت ھەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و کۆتایی هێنان بەم دۆخە نالەبارە، ھاوکات جەختیشکرایەوە لەوەی گرنگە بودجەی گشتی ساڵی 2021 زامنی مافەکانی تەواوی خەڵک بکات بە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانیشەوە.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم دووپاتیکردەوە لەپێویستی درێژەدان بە گفتوگۆ و دیالۆگی بونیادنەر و جددی و ھێنانەکایەوەی خواستی هاوبەش بۆ ھێنانەدی بەرژوەندی خەڵک لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری گشتگیر لەبارەی دۆسێی دارایی و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەک مافێکی دەستووری رەوا، لەسەر بنەمای پاراستنی مافی ھاووڵاتیان و مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی مووچەی خەڵکی کوردستان لە ململانێ سیاسییەکان.

Presedent

هەڵبژاردە