بە ئامادەبوونی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان.. سەرۆکایەتییەکانی عێراق جەختدەکەنەوە لەگرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دوور لە ساختەکاری و زامنکردنی بەشداری بەرفراوانی خەڵک

2021/01/12

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/١/١٢ لە کۆشكی بەغداد کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجامدا بە ئامادەبوونی موستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و سەرۆک و ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و جنین بلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و سەبارەت بە دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی داھاتوو گفتوگۆکرا.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیانکردەوە لەپێویستی گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو و ئامادەکاری پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە رێگەی فەراهەمکردنی گشت پێداویستییەکان، تاوەکو ھەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی پاک و بێگەر بەڕێوەبچێت دوور لە ساختەکاری و گوشاری چەک، ھاوکات خەڵک ئازادانە نوێنەرەی راستەقینەی خۆی ھەڵبژێرێت، بەجۆرێک ئەنجامەکان رەزامەندی خواستی گەل بێت.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا جەختکرایەوە لەگرنگی زیادکردنی رێژەی تۆمارکردنی بایۆمەتری و دانانی میکانیزمێک کە یارمەتی دەربێت لە پرۆسەی تۆمارکردن و پشتبەستن بە کارتی بایۆمەتری تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، ھەروەھا تەواوکردنی یاسای دادگای فیدراڵی لە نزیکترین کاتدا و پێویستی پشتیوانیکردنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەت و دەزگا پەیوەندارەکان و فەراهەمکردنی سەرچاوەی مرۆیی و دارایی لە پێناو سەرخستن و رێکخستنی هەڵبژاردنەکان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تەئکیدیکرایەوە لەگرتنەبەری رێوشێنی پێویست و یەکلاکەرەوە بۆ رێگریکردن لە ساختەکاری و فرتوفێڵ لە سەرجەم  قۆناغەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ دەستپێکردنی دەنگدانی دەنگدەران و تەواوکردنی پرۆسەی جیاکردنەوە و هەژمارکردنی دەنگەکان و تا ئەو کاتەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان رادەگەیەندرێت، لەسەر بنەمای پاکی و بێگەردی، ھەروەھا بەشێوەیەکی جددیش هەماهەنگی بکرێت لەگەڵ نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکان.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیانکرد بە پێویستی زامنکردنی دەرفەتی بەشداریکردنی تەواوی گەلی عێراق بەسەرجەم پێکھاتەکانییەوە لە هەڵبژاردنەکان و یەکلایکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و فەراهەمکردنی پێداویستییە یاسای و کارگێڕییەکان بۆ بەشداریکردنی کارای ئاوارەکان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان.

Presedent

هەڵبژاردە