سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە وەزیری بازرگانی عێراق

2021/02/16


سەرۆک بەرھەم بەگرنگییەوە باسی لە چارەسەرکردنی لێکەوتە ئابوورییەکان کرد کە لە ئەنجامی سەرھەڵدانی پەتای کۆرۆنا ھاتووەتە ئاراوە، ھەروەھا پێویستی زامنکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران بە تایبەتی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان.

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٢/١٦ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد عەلا ئەحمەد حەسەن، وەزیری بازرگانی عێراق.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار بەگرنگییەوە باسی لە چارەسەرکردنی لێکەوتە ئابوورییەکان کرد کە لە ئەنجامی سەرھەڵدانی پەتای کۆرۆنا ھاتووەتە ئاراوە. ھەروەھا پێویستی زامنکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران بە تایبەتی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان و فەراهەمکردنی خۆراک لە بازاڕە ناوخۆییەکان و زامنکردنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هاووڵاتیان و پشتیوانیکردن لە چین و توێژی کەمدەرامەتەکان.

لەلای خۆیەوە وەزیری بازرگانی پلانی وەزارەتەکەی خستەڕوو لەبارەی زامنکردنی خۆراک لە بازاڕەکان و بەشەخۆراکی مانگانە و بەدواداچوون بۆ ئاسانکاری هێنانە ناوەوەی کەلوپەل و بەھێزکردنی جوڵەی ئابووری لە ناوخۆی عێراق.

Presedent

هەڵبژاردە