سەرۆک کۆمار: جەختدەکاتەوە لەگرنگی پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا لە وڵات

2021/02/16

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٢/١٦ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە شاندێکی کەسایەتی ناوچەی عامریە لە بەغدا و گفتوگۆکرا دەربارەی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە عامریە و گرنگی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی و فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ دانیشتوانەکەی.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار رۆڵی گەورەی عەشایرەکانی بەرزنرخاند لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا و رێگریکردن لەو کارانەی کە لە دەرەوەی یاسان و بەهێزکردنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی نێوان سەرجەم پێکھاتەکان، ھەروەھا گرنگی چارەسەکردنی دۆخەکە تاوەکو وڵات نوقمی مەترسی نەبێتەوە، ھاوکات ئاماژەشیکرد بە پێویستی بەھێزکردنی ئاسایش و سەلامەتی ھاووڵاتیانی عێراق.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بۆ ئەو چالاکییە گرنگانەی کە عەشایر و هۆزەکان ئەنجامی دەدەن لەپێناو ھێنانەدی ئاشتی کۆمەڵایەتی و رەتکردنەوەی توندوتیژی و دیاردەی چەکداری لە دەرەوەی یاسا و بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بەگژداچوونەوەی دابەشکاری و وتاری رق و کینە، کە مەرام لێی دروستکردنی لێکترازانە لە نێوان ھاووڵاتیان.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم گوێی گرت بۆ شاندی میوان سەبارەت بە دۆخی بەغدا و ناوچەکانی دەرەوەی بەغدا و ئەو کێشانەی رووبەڕووی دانیشتوانەکەی دەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان لە پێناو فەراهەمکردنی ئاسایش و ئارامی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە گشت ھاووڵاتیان.
لەلای خۆیانەوە شاندی میوان سوپاس و ستایشی سەرۆک کۆماریان کرد بۆ گرنگیدان بە دۆخی ھاووڵاتیان.

Presedent

هەڵبژاردە