سەرۆک بەرهەم نامەیەکی لە قەداسەتی پاپا فرانسیس پێگەیشت

2021/04/06

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٤/٦ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە میتجا لسکوفار، باڵیۆزی دەوڵەتی ڤاتیکان لە عێراق.

لەسەرەتای دیدارەکەدا، باڵیۆزی ڤاتیکان سڵاوی تایبەتی قەداسەتی پاپا فرانسیسی گەیاندە سەرۆک بەرهەم، ھاوکات باڵیۆزی ڤاتیکان نامەیەکی لە قەداسەتی پاپای ڤاتیکان گەیاندە سەرۆک کۆمار، کە تێیدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ گەل و حکومەتی عێراق دەربڕیوە بۆ ئەو ئامادەکارییە گەورەیە و پێشوازییە گەرمەی کە لە کاتی سەردانەکەی بۆ عێراق کرابوو، ھەروەھا جەختیکردووەتەوە لەوەی عێراق بە شارستانی و رۆشنبیری و مێژووە دێرینەکەی دەتوانێ رۆڵی کاریگەر بگێرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە گرنگەکانی ناوچەکە و جیھان، پاپا فرانسیس ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە فرە رەنگی ئاینی و رۆشنبیری و نەتەوەیی ھۆکارێکی گرنگە بۆ بەھێزکردنی پێکەوەژیان لە عێراق، پاپای ڤاتیکان پشتیوانی تەواوی خۆشی بۆ عێراق و گەلی عێراق لە چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش و ئارامی دووپاتکردووەتەوە.

لەلای خۆیەوە سەرۆک کۆمار سڵاو و رێزی خۆی لە رێگەی باڵیۆزی ڤاتیکان ئاڕاستەی قەداسەتی پاپا فرانسیس کرد، ھاوکات ئاماژەیکرد بە گرنگی ئەو سەردانەی کە پاپای ڤاتیکان ئەنجامیدا بۆ عێراق لە مانگی رابردوو و بەسەرکردنەوەی شارەکانی بەغدا و نەجەف و زیقار و هەولێر و موسڵ، ھەروەھا ستایشی پشتیوانی و گرنگیدانی بەردەوامی پاپای کرد بۆ گەلی عێراق.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم رایگەیاند، سەردانەکەی قەداسەتی پاپا پەیامی پێکەوەژیانی مرۆڤایەتی بۆ گەلی عێراق لەخۆگرتبوو، بەئاڕاستەی تێپەراندنی ئاستەنگەکان و ھێنانەدی ئاسایش و سەقامگیری و بەھێزکردنی پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق بەتایبەتی و ناوچەکە بەگشتی.

سەرۆک کۆمار ئاماژەشیکرد بە پێویستی درێژەدان بە گیانی پێکەوەژیان و برایەتی، کە سەردانەکەی قەداسەتی پاپا لای عێراقییەکان لە موسوڵمان و مەسیحی و تەواوی پێکهاتەکان دروستیکرد لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی.

Presedent

هەڵبژاردە