لە میانی پێشوازیکردنی لە شاندێکی باڵای حکومەتی ئەمریکا.. سەرۆک بەرهەم: جەختدەکاتەوە لەپێویستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و ھێنانەکایەوەی سیستەمێکی کاری ھاوبەشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بۆ بەرنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان

2021/05/04

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٥/٤ لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە شاندێکی باڵای حکومەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی برێت مەکگۆرک، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و دیرێک شولیت، راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و جوی هوت، یاردەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری رۆژھەڵات و خاتوو دانا سترول، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سەبارەت بە دواین گۆڕانکارییەکانی جێی بایەخی هەردوو وڵات لە ناوچەکە و جیھان گفتوگۆی لەبارەوەکرا.

لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا دەربارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی بەهێزکردنی ئەو پەیوەندیانە لە بوارەکانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و رۆشنبیری لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات بەگوێرەی بەرژەوەندی هاوبەش، ھەروەھا جەختکرایەوە لەگرنگی درێژەدان بەکاری ھاوبەش بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر لە تەواوی ناوچەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە عێراق رووەو سیاسیەتی هاوسەنگ هەنگاو دەنێت لە پێناو کەمکردنەوەی قەیران و گرژییەکان لە ناوچەکەدا، ھاوکات دووپاتیکردەوە بەهێزکردنی ئاسایش و سەروەری عێراق دەبێتە ئامڕازێکی گرنگ و سەکۆیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە بەگژاچوونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی ئاشتی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکانی ژینگە و هۆکارەکانی گۆڕانی کەش و هەواو و بە بیابان بوون و کارکردن لەسەر پەرەپێدانی وزەی پاک و پاراستنی ژینگە و بەرێوەبردنی دۆسییەکانی سەرچاوەی ئاو، لە رێگەی ھێنانەکایەوەی سیستەمێکی کاری ھاوبەشی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

لەلای خۆیەوە شاندی ئەمریکا جەختیانکردەوە لە پابەندبوونی واشنتن بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و ئارامی و سەروەری عێراق و بەگژاچوونەوەی تیرۆر و بەھێزکردنی ئابووری و درێژەدان بە کار و هەماهەنگی هاوبەش لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات لە تەواوی بوارەکاندا، بەجۆرێک ببێتە مایەیی ھێنانەدی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی هەردوو وڵات و گەل.

Presedent

هەڵبژاردە