سەرۆک کۆمار جەختدەکاتەوە لە پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و زامنکردنی مافی سەرجەم پێکھاتەکانی شاری کەرکوک دوور لە پەراوێزخستن و جیاکاری و سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقع

2021/06/09

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق سێشەممە 8 ی حوزەیرانی 2021 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە شاندێکی کەسایەتی شاری داقوق و گوندی بەشیر لە پارێزگای کەرکوک.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی کۆی بارودۆخ و گوزەرانی خەڵکی شاری کەرکوک، و جەختکرایەوە لەگرنگی بەھێزکردنی ئاسایش و ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە شاری کەرکوک، ھەروەھا دووپاتکرایەوە لە پێویستی کۆتایی هێنان بە دیاردەکانی دەستدرێژی و پەراوێزخستن و دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکان بەپێی خواستی هەموو پێکهاتە رەسەنەکانی کەرکوک و دابینکردنی پێویستییەکان دوور لە پەراوێزخستن و جیاکاری.

لە بەشێکی دیکە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە کەرکوک و پابەندبوون بەدادپەروەری کۆمەڵایەتی و زامنکردنی مافی پێکهاتەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و پێویست بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور و خواستی خەڵکی کەرکوک دوور لە پەراوێزخستن و جیاکاری و سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقع.

لەلای خۆیانەوە ئەندامانی شاندی میوان روونکردنەوەیەکی وردیان سەبارەت بەبارودۆخی قەزای داقوق و پێویستییەکانی هاوولاتیان کرد، و لەو رووەوە سەرۆک بەرھەم داوایکرد کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی کەرکوک بە شێوەیەکی دادپەروەرانە چارەسەر بکرێت، ھاوکات دووپاتکردەوە کە لەنزیکەوە چاودێری وردی بارودۆخی کەرکوک دەکات و کار بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان و  چارەسەرکردنی گرفتە جۆراوجۆرەکان و کۆتایی ھێنان بە نەھامەتییەکانی خەڵکی کەرکوک دەکات، بەجۆرێک زامنی پاراستنی ئاسایش و مافی هاووڵاتیان و دابینکردنی پێداویستیی ژیانی خەڵکی کەرکوک بکات.

Presedent

هەڵبژاردە