پەیامی سەرۆک بەرھەم ساڵح بۆ کۆنگرەی دووەمی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان

2021/06/20



پێشمەرگە دێرین و دلێرەکان
بەڕێزان ئەندامی دووەمین کۆنگرە
 
سەرەتا بە بۆنەی بەستنی دووەمین کۆنگرەی کۆمەڵە تێکۆشەرەکەتان، پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەم، ئەو کۆمەڵەیەی کە ئێوەی جوامێری ڕۆژگارە سەختەکان، بەدەر لەبیروڕای سیاسی و لەسەر بنەمای پێشمەرگەبوونی راستەقینەی ڕۆژگارە دژوارەکانی شاخ و شۆڕش و بۆ داکۆکی لەمافە رەواکانتان و وەک پێداویستیەکیش بۆ خەباتی ھاوچەرخ و دیموکرات و مەدەنی و لەسەر بنەمای چەپکەگوڵی تێکۆشان داتانمەزراندوە.
 
ئێوەی پێشمەرگەی دێرین، هەر خاوەنی سەروەرییەکانی رابردوونین، بەڵکو ھەتا ئێستاش، پێشەنگی پارێزەر و گەشەپێدەر و داینەمۆی کۆی دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان و عێراقن، ئەو دەسکەوتانەی بە ماڕشی پێشمەرگایەتی ئێوەی خەباتگێڕی نمونەیی، لە چیاکان دەستیپێکرد و بە خوێن و قوربانیدانی شەهیدان و بەخشینی تەمەنی جوانی، زۆرێک لە ئێوەی کۆڵنەدەر، بەردەوامی پێدراوە، ئەو دەسکەوتانەی کە لەسۆنگەی خەباتی نەپساوە و خۆڕاگریتانەوە، لەسایەی خوێنی شەھیدانەوە،  ئێستا بوون بە ماف و دەسکەوتی دانپیانراوی دەستووری، لە کۆماری عێراقی فیدڕاڵدا.
 
ھەڤاڵانی خەباتکار و خاوێن بەسەرمایەی تێکۆشان، بەداخەوەم، کە دەبینین کۆنگرەی ئێوەی تێکۆشەر لەکاتێکدایە، پۆلێک لەهاوڕێ و هەڤاڵە دێرینەکانتان، لەناوتاندانین، مەبەستم ئەو گیانبازانەیە، کە بۆ پاراستنی نیشتمان، لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی داعش گیانی پیرۆزیان بەخشی و بەخوێنی گەشی خۆیان، بەشاھادەتێکی پیرۆز، بەڵای توندڕەوی و تیرۆریزم و مەترسییە راستەقینەکانی سەر خاک و خەڵکیان، بۆ ڕەواندینەوە، مەبەستم ئەو جوامێرانەشە، کە سەدان جار لە لێواری مەرگ گەڕانەوە، کەچی مخابن، پەتای نەگریسی کۆڕۆنا، بۆ یەکجاری لە ئێمە و ئێوەی دابڕین. لێرەدا درود بۆ گیانی پاک و بێگەردی یەک بەیەکیان دەنێرین و پێیان دەڵێین: ئەی سەروەرانی نیشتمان، ئەوەتا رێگاتان درێژەی هەیە، پێیان دەڵێین: ئاڵای ئازادی و دەسکەوتەکانتان، وێڕای بوونی کۆمەڵێک کەموكوڕی جددی، بەڵام ھەر دەشەکێتەوە.
 
هەڤاڵان، خەباتکارانی راستەقینەی نیشتمان، مایەی داخە، کە دەبینین دوای سێ دەیە، هێشتا بەشێکی کەم، لە ماف و شایستەیی خەباتی پێشمەرگایەتیان نەهاتۆتە دی، ھەر بەڕاستی مایە نەنگییە، پێشمەرگە دێرین و دلێرەکانی کوردستان، هەتا ئێستا هەر گیرۆدەی نەبوونی مووچە و نیگەرانی نەبوونی ماف و خزمەتگوزاری شایستە و ئایندەبن، لەکاتێکدا راست و رەوا ئەوەیە: ئێستا پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان و کەسوکاریان، لەدۆخی شایستە بەخۆیانبن، لەدۆخێکدابن ئەندازەی گیانبازی و خەباتکاری و شەونخونیان بوایە. لەکاتێکدا نەک هەر ئەم ئازادیەی ئەمڕۆ و ڕۆژگارەکانی دوای دیکتاتۆری، بەڵکو پاراستنیشی لەپەلاماری داعش و تیرۆر و توندڕەوی سەرمەشقەکەی، ئیلھامی ئازایەتی و بە پێوە وەستانەکەی، ھەر پێشمەرگە دێرینەکانن.
 
لێرەوە هیوادارم بەستنی کۆنگرەکەتان، ببێتە دەسپێکی قۆناغێکی رێکخراوەیی و مەدەنی نوێی بەگوڕ و جیاواز، ڕاچەنین و ڕابوون  و تەکانێکی راستەقینەی پڕ دەسکەوت و بڕیاڕ و ئەنجام بێت، بە ئاڕاستەی نوێبوونەوە و هێنانەدی تەواوی داخوازی و مافە رەواکانتان، ببێتە ئیلھام بەخشێک بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ھەتا ببێتە ھێزێکی یەکگرتووی بەھێز بۆ ھەرێمی کوردستان، ببێتە ھێزێک بەدوربێت لەناوچەگەرێتی و دابەشکاری حزبی لەسەر بنەمای جوگرافیا، لێرەدا گرنگە پێشمەرگە دێرینەکان پێشەنگی یەکخستن و یەکگرتن و بەدیھێنانی چاکسازیبن و ئیرادەی یەکخستن و یەکڕیزیبن لەڕیزەکانی ھێزی پشمەرگەی کوردستان. لەم رووەوە مانابەخشە پێشمەرگە دێرینەکان سەرقافڵەی ئاوێتەکردنی خەباتی شاخ و شاربن، ھاوکاری بەدیھێنانی چاکسازی و بەدیھێنانی دادپەوەریبن، لە سیستەمی بەڕێوەبردنی کوردستان، کە بەدەست کۆمەڵێک کێشەی جددیەوە دەناڵێنێ و پێویستی بە ریفۆرم و گۆڕانکاری ریشەییە. مانادارە ئێوەی پێشمەرگەی دێرین و دلێر لەم ڕۆژگارانەشدا، بەگیانی بەرزی شۆڕشگێڕانەی سەردەمی شاخ و بەدنیابینی ئێستاتان، ڕێبەری نوێبونەوە و سەرمەشقی ئازادی و رێزگرتن لە ئەنجامی ھەڵبژاردن و دەستاودەستی دەسەڵات و بەڕێوەبردنبن لەخەباتی ھاوچەرخ و دیموکراسیدا، کە ئەمەش لەپێشدا رێزگرتنە لەو چەمک و بەھا و باوەڕانەی کە ئێوەی تێکۆشەرن مێژوویەک لەپێناویدا تێکۆشاون، پشتیوانی ئێوەی جوامێر لە چاکسازی و گۆڕانکاری ریشەیی لە نوێکردنەوەی دیموکراسی و بەدیھێنانی دادپەروەری خۆی لە خۆیدا دووبارە بەرجەستەبوونەوەی خەسڵەتە بڵندەکانی مێژوی تێکۆشەرانەیە لەلای ئێوەی پێشمەرگە دێرین و دلێر، ئێوەی تێکۆشەرانی ڕۆژانی خەباتی سەخت و خەمخۆر و پارێزەرانی ئەمڕۆی نیشتیمان.
 
کۆنگرەتان باش
ئەنجام و ئاکامەکانتان پیرۆز
شاد و شکۆمەند و بەختەوەربن
 
دکتۆر بەرھەم ساڵح
سەرۆک کۆماری عێراق

Presedent

هەڵبژاردە