لەمیانی پێشوازیکردنی لە وەزیری بازرگانی سعودیە سەرۆک کۆمار جەختدەکاتەوە لەگرنگی پتەوکردنی پەیوەندی دووقۆڵی و پاراستنی بەرژەوەندی ھاوبەشی هەردوو گەلی دۆست و سەرجەم گەلانی ناوچەکە

2021/07/19

دکتۆر بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 19 ی تەمموزی 2021 لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە ماجد قەسبی، وەزیری بازرگانی سعودیە و شاندی یاوەری و سەبارەت بە پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان ھەردوو وڵات و گەلی دۆست و چۆنێتی بەھێزکردنی پەیوەندییەکان گفتوگۆکرا.

لە سەرەتای دیدارەکەدا وەزیری بازرگانی سعودیە سڵاو و رێز و پیرۆزبای جەژنی قوربانی پیرۆزی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، پادشای سعودیە و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەی گەیاندە سەرۆک کۆمار، هاوکات سەرۆک بەرھەم سڵاوی تایبەتی خۆی و پیرۆزبای جەژنی قوربانی ئاڕاستەی پادشا و شازادەی جێنشینی سعودیە کرد.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەگرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بەرزکردنەوەی ئاستی ھاریکارییەکان لەبوارە جیاجیاکان لە رێگەی ئەنجومەنی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات و هاوکاری لەبوارەکانی ئابووری و بازرگانی و کشتوکاڵ و وەبەرهێنان و کەرتی نەوت، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ھەردوو گەل و وڵات بکات.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ئاماژەکرا بە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان عێراق و سعودیە و گرنگی بەھێزکردنی وەک پردێک لە نێوان عێراق و ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، ھەروەھا دووپاتکرایەوە کە عێراقێکی ئارام و سەقامگیر و خاوەن سەروەری و پاراستنی پەیوەندییە ھاوسەنگەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، بنەمایەکی گرنگی چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەکەیە.

لەلای خۆیەوە وەزیر بازرگانی سعودیە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار و پابەندبوونی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و پتەوکردنی هاریکاری نێوان هەردوو وڵات و هاوکاری لەبوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و بازرگانی لە پێناو بەرژەوەندی هەردوو وڵات و گەلی دۆستدا.

Presedent

هەڵبژاردە