لەمیانی وەرگرتنی کارنامەی ژمارەیەک باڵیۆزی نوێ.. سەرۆک بەرهەم رایگەیاند: پەیوەندییە هاوسەنگەکانی عێراق پشتیوانی دەکات لە هەماهەنگی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان

2021/09/06

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 6 ی ئەیلولی 2021 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، کارنامەی ھەر یەک ئامدی فەزلول باری، باڵیۆزی بەنگلادیش و رادۆ ئاوکتافیا دووبری، باڵیۆزی رۆمانیا و ئەحمەد ئەمجەد عەلی، باڵیۆزی پاکستان و پراشانت بیسی، باڵیۆزی ھندستان و جۆناس لۆفێن، باڵیۆزی سوید و پیدرۆ مارتینس- ئەڤیال مارتین، باڵیۆزی ئیسپانیا و حەسەن محەمەد ئەعلیات، باڵیۆزی موریتانیا و ماتی لاسیلا، باڵیۆزی فنلەندا و فێلا فارێولا، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا و ئەیریک شۆفالیە، باڵیۆزی فەرەنسای وەرگرت.

لەمیانی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزی نوێی وڵاتان بەجیا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە عێراق بەگرنگییەوە دەروانێتە پەیوەندییە هاوسەنگەکان لەگەڵ وڵاتان لەسەر بنەمای پتەوکردنی هەماهەنگی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و دەرفەتی وەبەرهێنان و پشتیوانی لە ھاریکاری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکان و ھێنانەکایەوەی ئاشتی لە تەواوی ناوچەکەدا.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم دووپاتیکردەوە لەگرنگی ھەماھەنگی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکانی جیهان، بەتایبەتی ریشەکێشکردنی تیرۆر و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان و قەیرانی تەندروستی و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە.

ھەر لە دیدارکەدا سەرۆک کۆمار ھیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزانی نوێ خواست لەجێبەجێکردنی ئەرکە نوێیەکانیان، بەجۆرێک ببێتە مایەی بەھێزکردنی پەیوەندی دۆستانە و ھەماھەنگی نێوان عێراق و وڵاتەکانیان.

لەلای خۆیانەوە باڵیۆزی وڵاتان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار کرد، ھاوکات دووپاتیانکردەوە لەپێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لەبوارە جیاجیاکان، لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان.

Presedent

هەڵبژاردە