سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە کە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو گرنگی تایبەتی خۆی ھەیە، چونکە دوا بەدوای داواکاری جەماوەری و کۆدەنگی نیشتمانی دێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان و ھێنانەدی چاکسازی بنەڕەتی

2021/09/08

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 8 ی ئەیلولی 2021 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە کەهەڵبژاردنەکانی داهاتوو گرنگی تایبەتی خۆی ھەیە، چونکە دوا بەدوای داواکاری جەماوەری و کۆدەنگی نیشتمانی دێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان و ھێنانەدی چاکسازی بنەڕەتی، ھەروەھا ئاماژەی بەوەکرد کە ھەڵبژاردنی داھاتوو دەستکەوتێکی گەورەیە و لێکەوتەکانی کاریگەری دەبێت لە سەر گشت ناوچەکە.

ھاوکات روونیکردەوە کە بەم نزیکانە بەڵگەنامەیەک دەخرێتە روو بۆ هێزە سیاسییەکان تاوەکو ببێتە چوارچێوەیەکی گشتگیر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای رێزگرتن لە دەستوور و یاسا، ھەروەھا ئاماژەشیکرد بە رۆڵی گرنگی دەسەڵاتی دادوەری بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا و ئەو پێشێلکارییانەی ئەنجام دەدرێت.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە لەپێویستی گەڕاندنەوەی متمانەی گەلی عێراق بە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان دوای ئەوەی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەی کە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا روویدا بووە جێگای گومان، جەختیشیکردەوە لەگرنگی مسۆگەرکردنی بەشدای بەرفراوانی خەڵک لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان وەک رێگاچارەکی ئاشتیانە بۆ گۆڕانکاری ریشەیی و چاکسازی بنەڕەتی لەپێناو ھێنانەدی خۆشگوزەرانی و ژیانێکی شایستە بۆ گەلی عێراق.

سەرۆک بەرھەم هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بەرزنرخاند بۆ رێکخستنی هەڵبژاردنەکان و وەڵامدانەوەی پرسیارەکان سەبارەت بەهەندێک پرسی پەیوەست بەدەنگدان، هەروەها ستایشتی هەوڵەکانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆن لەم بارەیەوە، سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوەشدا قۆناغی داهاتوو گرنگە و پێویستە ئاستەنگ و مەترسییەکان تێپەرێنین.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار باسی لە ئەزموونی هەڵبژاردنی پێشوو کرد و رایگەیاند، ھەڵبژاردنەکانی پێشوو جێگای گوومان بوون، بۆیە گرنگە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو لە سەر بنەمای دادپەروەری و پاک و بێگەری بەڕێوەبچێت دوور لە ساختەکاری و فرتۆفێڵ، ھاوکات ببێتە مایەی ھێنانەکایەوەی خواستی ئازادانەی گەلی عێراق وەک دەستکەوتێکی نیشتمانی.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە هێز و لایەنە سیاسی و جەماوەرییەکان بەرپرسیارێتی ئەوەیان لەئەستۆدایە کە خەڵک هان بدەن تاوەکو بەشداری بەرفراوان بکەن لە ھەڵبژاردن، ھەروەھا دڵنیایی ئەوەش بدەن کە ھەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز و گرنگە و دەبێتە رێگاچارەک بۆ دەرباز بوون لە کێشە کەڵەکەبووەکان.

لە کۆتایدا دواین ئامادەکارییەکان و خشتەی کات لەلایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە خرایە روو، ھاوکات دووپاتکرایەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەکاتی دیاری کراوی خۆیدا و گرنگی بەھێزکردنی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانیکردن لە سەرخستن و چاودێریکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردن، بەجۆرێک زامنی سەرخستنی ھەڵبژاردن بکرێت دوور لە ھەر ساختەکاری و فرتۆفێڵێک، ھەروەھا رێز لە بڕیاری ئازادانەی خەڵک بگێرێت.

Presedent

هەڵبژاردە