سه‌رۆك به‌رهه‌م: پێویسته‌ رووبه‌ڕووی ئاڵینگارییه‌كانی به‌رده‌م مافه‌كان ژنان ببینه‌وه‌ و ته‌واو مافه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین

2021/09/11

• سەرۆک کۆمار: جیهان بەگرنگییەوە دەڕوانێتە هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئایندە، بۆیە پێویستە دەرئەنجامەکەی ببێتەمایەی ھێنانەئاراوەی ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێز كه‌ گوزارشت بێت له‌ خواستی گه‌ل و ھێنانەدی چاكسازی بنەڕەتی.

د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11ی ئه‌یلولی 2021 له‌میانی وتارێکیدا له‌ سیانزەهەمین كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ ژنان رایگەیاند، له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی ته‌واوی مافه‌ ره‌واكانی ژنان ده‌بێت رووبه‌ڕووی ئاڵینگارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌شریعییه‌كان ببینه‌وه‌، هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ به‌ درێژایی ساڵانی رابردوو توندوتیژی و جیاكاری زۆر رووبه‌ڕووی ژنان بووەته‌وه‌ كه‌ دیارترینیان ئه‌و كاره‌ساته‌ نامرۆییانه‌ بوو كه‌ به‌سه‌ر ژنانی ئێزدی و توركمان و شیعه‌ و ژنانی پێكهاته‌كانی دیكه‌دا هات.

لە درێژەی وتارەکەیدا سەرۆک بەرھەم رایگەیاند، دەستکەوتێکی گەورەمان لە پێشە کە ئەویش هەڵبژاردنی ئایندەیە، ھەروەھا دووپاتیکردەوە کە جیهان بەگرنگییەوە دەڕوانێتە هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئایندە، ھاوکات جەختیکردەوە کە بارودۆخی عێراق پێویستی بەچاکسازی بنەڕەتییە و هەڵبژاردنی داهاتووش دەرفەتێکە بۆ بەرهەمهێنانی دەسەڵاتێکی بەھێزی یاسادانان و جێبەجێکردن لە چوارچێوەی ھێنانەئاراوەی ژینگەیەکی لەبار بۆ چاکسازی ریشەیی و کۆتای ھێنان بە کێشەکانی پرۆسەی سیاسی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و تاڵانکردنی سەرچاوەکانی وڵات و ھێنانەکایەوەی گەشەپێدان و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ ھاووڵاتیان.

سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە کە پێویستە کەشێکی لەبار و گونجاو  بێتەئاراوە تاوەکو ھاووڵاتیان ئازادانە گوزارشت لە ئیرادە و خواستی خۆیان بکەن لە دیاریکردنی نوێنەراکانیان دوور لە ھەر گوشار و ساختەکاری و فرتۆفێڵ و دەستوەردانێک، ھەروەھا ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی و سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق پێویستی بە چاکسازی ریشەییە، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆک کۆمار ئەوەشی خستەڕوو کە پێگەی ئێستای عێراق لەسەر ئاستی هەرێمیایەتی و نێودەوڵەتی ھەمان پێگەی پێشوو نییە، بەڵکو ئێستا عێراق لە پێگەیەکی گرنگدایە، ھەروەھا ئاماژەشیدا بەوەی کە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و هاوبەشی پێگەی گرنگی عێراقی دەرخست و جەختیشیکردەوە لەسەر سەروەری و سەربەخۆیی عێراق.

لە کۆتاییدا سەرۆک بەرھەم جەختیکردەوە کە هێزە چەکدارەکان بە سەرجەم پێکھاتەکانییەوە لە سوپا و پۆلیس و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی توانای بەرەنگاربوونەوە و ریشەکێشکردنی پاشماوەی تیرۆریستانیان هەیە.

Presedent

هەڵبژاردە