لەمیانی چاودێری پرۆسەی ئەزموونی هەڵبژاردنەکان سەرۆک بەرھەم رایگەیاند، ھەڵبژاردنی رۆژی یەکشەممەی داهاتوو خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی عێراقدا و دەرفەتێکە بۆ دامەزراندنی ئیرادی نیشتمانی و سەربەخۆیی و سەروەریی گەلی عێراق

2021/10/03

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەمیانی سەردانی بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و چاودێری پرۆسەی ئەزموونی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند؛ ھەڵبژاردنی رۆژی یەکشەممەی داهاتوو خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی عێراقدا، ھاوکات جەختیکردەوە لەگرنگی دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ پاراستنی خواستی ئازادانەی عێراقییەکان بەبێ ساختەکاری و دەستوەردان، ھەروەھا ئەوەشی خستەروو کە هەڵبژاردنەکان دەبێتە دەرفەتێک بۆ دامەزراندنی خواستی نیشتمانی و چەسپاندنی سەربەخۆیی و سەروەریی عێراقییەکان و هەنگاونان رووەو چاکسازی بنەڕەتی.

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 3 ی تشرینی یەکەمی 2021 سەردانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کرد و لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیۆن و جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و دواین ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی رۆژی یەکشەممەی داھاتووی تاوتوێ کرد.

سەرۆک بەرھەم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند؛ ھەڵبژاردنی رۆژی یەکشەممەی داهاتوو خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی عێراقدا، هیوادارین ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ پرۆژەی چاکسازی بنەڕەتی و ھێنانەدی خواستی گەلی عێراق بۆ حکومڕانی باش، ھەروەھا دووپاتیکردەوە بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەک وەڵامی داواکارییە جەماوەرییە فراوانەکان ھات بۆ چاکسازی، ھاوکات جەختی لەپێویستی دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو کردەوە بۆ پاراستنی خواستی عێراقییەکان بۆ دیاریکردنی ئایندەی خۆیان بەبێ ساختەکاری و دەستوەردان.

سەرۆک کۆمار ئاماژەیدا بەوەی کە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەرفەتێک دەبێت بۆ چەسپاندنی خواستی نیشتمانی و سەربەخۆیی و سەروەریی عێراقییەکان رووەو چاکسازی بنەڕەتی و ھێنانەئاراوەی مافە رەواکانی خەڵک و بەرەو دۆخێکی تازەی لە عێراق کە کێشە کەڵەکەبووەکانی وڵاتەکەمان چارەسەر بکات، ھەروەھا رووەو ھێنانەکایەوەی ئازادی و سەربەخۆی و سەروەری وڵات، ھاوکات ھەنگاونان بەرەو عێراقێک لەگەڵ ھاووڵاتی و دراوسێیەکانی بە ئاشتی و ئاسایش و ئارامی بژێت، ھەروەھا دامەزراندنی حکومەتێک کە داھاتوو و سامانی وڵات بخاتە خزمەت خەڵک.

لای خۆیەوە حاکم جەلیل عەدنان، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد بۆ پشتگیریکردن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە، هەروەها سوپاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق و نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد بۆ ھەمان مەبەست، ھاوکات ئاماژەی بەو هەوڵانە کرد کە کۆمیسیۆن لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن ئەنجامیداوە.

لە کۆتاییدا جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لەگەڵ سەرۆک کۆمار و لە بارەگای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانە گرنگی خۆی ھەیە و هیوای سەرکەوتنشی بۆ عێراقییەکان خواست لە هەڵبژاردنەکاندا.

 

Presedent

هەڵبژاردە