سەرۆک بەرھەم: مام جەلال تۆماری خەباتی گەلێک و بەسەرهاتی ناوچەیەکی بەرفراوانە، زیاد لە نیو سەدە خەبات و تێکۆشانە

2021/10/03

•سەرۆک بەرھەم: مام جەلال سەرۆکێک لە پێشمەرگایەتییەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عیراق، راستگۆ لەگەڵ خۆی و میللەتی خۆی بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئاسودە و سەرفراز بۆ گەلەکەی.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2021 لە شاری بەغدا مەراسیمی چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرکردە و سەرۆکی مەزن سەرۆک مام جەلال، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردە و بەرپرسانی عێراق و پەرلەمانتاران و باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان بەرێوەچوو. 

لە پەیامێکدا سەرۆک بەرھەم رایگەیاند، ئەمڕۆ هەموومان کۆبووینەتەوە لێرە بۆ یادکردنەوەی رێبەر و مامۆستا و مامی گەورەمان مام جەلال، پێم وانییە بە وتارێک و بە نووسینێک و بگرە بە کتێبێکیش بتوانین باس لەژیان و بەسەرهات و پێگەی مام جەلال بکەین، بۆ هەر یەکێ لە ئێمە مام جەلال تایبەتمەندییەکی هەیە، مام جەلال تۆماری خەباتی گەلێک و بەسەرهاتی ناوچەیەکی بەرفراوانە، زیاد لە نیو سەدە خەبات و تێکۆشانە.

ھەر لە پەیامەکەیدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، مام جەلال سەرۆکێک لە پێشمەرگایەتییەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عیراق، راستگۆ لەگەڵ خۆی و میللەتی خۆی بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئاسودە و سەرفراز بۆ گەلەکەی.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک کۆماری عێراق ئەوەشی رایگەیاند، من هیوادارم هەموومان سودمەند بین لە ئەزموونی سیاسی مام جەلال لە تێکۆشان و خەباتی چەپکە گوڵە جوانەکەی مام جەلال، پێکەوەژیان و پێکەوە هەڵکردنی پێکهاتەکان و بۆچوونە جیاوازەکان سەرچاوەی هێزی هەموو لایەنەکانمانە.

لە تەوەرێکی دیکەی مەراسیمەکەدا ھەر یەک لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفراس و محەممەد حەلبوسی، سەرۆک پەرلەمان و عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و رائد فەھمی، سکرتێری لیژنەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق وتاریان پێشکەشکرد و جەختیانکردەوە لە رۆڵ و پێگە و حەکمەتی مام جەلال لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو ئازادی و سەربەرزی و سەرفرزای نەک تەنھا بۆ گەلی کورد بەڵکو بۆ تەواوی گەلی عێراق و یەکخستنی بیروبۆچوونە جیاوازەکان لە نێوان گشت نەتەوە و ھێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە ئاڕاستەی پاراستنی مافە رەواکانی گەلی عێراق بێ جیاوازی.

Presedent

هەڵبژاردە