سه‌رۆك به‌رهه‌م: به‌شداری به‌رفراوانی خه‌ڵك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی خواستی گه‌ل ده‌كات و رێگریش له‌ نه‌یارانی هه‌ڵبژاردن و دیموكراسی ده‌كات

2021/10/04


د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق ئه‌مرۆ  دووشه‌ممه‌ 4 ی تشرینی یه‌كه‌می 2021  له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا، پێشوازیكرد له‌ كۆمه‌ڵێك له‌ پێكهاته‌كانی سه‌رجه‌م شاره‌كانی عێراق، له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌گرنگی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده كرا‌ بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق.

له‌ میانی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ چه‌ند رۆژێكی كه‌می دیكه‌ عێراق له‌ به‌رده‌م رووداوێكی گرنگ و چاره‌نووسساز دایه‌، ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ بۆ نه‌خشه‌رێگای ئاینده‌ی وڵات، ھەروەھا ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌كی راسته‌قینه‌ رووەو چاكسازی دۆخی ئێستا و هێنانه‌كایه‌وەی ئاینده‌یه‌كی باشتر له‌ پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی حوكمڕانییه‌كی باش و به‌رجه‌سته‌كردنی ماف و ئه‌ركی عێراقییه‌كان و چه‌سپاندی سه‌روه‌ری یاسا و پاراستنی سه‌روره‌ی وڵاته‌كه‌مان. 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ زۆر گرنگه‌ هاووڵاتییان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا بكه‌ن، به‌مه‌ش ده‌توانین رێگه‌ له‌وانه‌ بگرین كه‌ چاویان به‌ هه‌ڵبژاردن و پڕۆسه‌ی دیموكراسی هه‌ڵنایه‌ت و ده‌یانه‌وێت ساخته‌كاری به‌ ده‌نگی عێراقییه‌كانه‌وه‌ بكه‌ن، هاوكات سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ به‌ مه‌به‌ستی رێگریكردن له‌ ساخته‌كاری و مسۆگەری پاراستنی ده‌نگی ده‌نگده‌ران له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا‌ كۆمه‌ڵێك رێوشوێنی هونه‌ری گرنگ په‌یڕه‌و ده‌كرێن.

سه‌رۆك كۆمار جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ فره‌یی پێكهاته‌كانی‌ عێراق فاكته‌رێكی گرنگه‌ بۆ به‌ره‌پێشچوونی دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری وڵات، ده‌بێت ئه‌و فره‌ییه‌ بگۆڕین بۆ هێز و كۆمه‌ڵگەكه‌ی خۆمانی پێ ده‌وڵه‌مه‌نتر بكه‌ین، هاوكات بتوانین له‌م چوارچێوه‌یه‌دا خۆمان له‌ چه‌مكی كه‌مینه‌ و زۆرینه‌ ده‌رباز بكه‌ین.

سه‌رۆك به‌رهه‌م ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ به‌شداری به‌رفراوانی پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا زۆر گرنگ و پێویسته‌، تاوه‌كو نوێنه‌رانی خه‌ڵك له‌ په‌رله‌مانی ئاینده‌ به‌شێوه‌یه‌كی كارا و راست و دروست نوێنه‌رایه‌تی ده‌نگده‌رانیان بكه‌ن و داكۆكی له‌ مافه‌كانیان بكه‌ن.

سه‌رۆك به‌رهه‌م ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ سیسته‌می هه‌ڵبژاردن ده‌رفه‌تێكی راسته‌قینه‌ بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، سه‌رباری ئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ دڵخوازی ته‌واوی ئێمە نییه‌ و چاومان له‌وه‌یه‌ له‌ ئاینده‌دا باشتر و باشتری بكه‌ین، راشیگەیاند سیسته‌مه‌كه‌ دەدپەروەری بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، بۆیه‌ به‌شداری به‌رفراوانی هاووڵاتییان له‌ پڕۆسه‌كه‌دا ده‌سته‌به‌ری نوێنه‌رایه‌تییه‌كی راسته‌قینه‌ی خەڵک ده‌كات.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ له‌ دوای كۆتاییهاتنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی حكومه‌ت، ئه‌ركێكی دیكه‌ی گرنگ‌ چاوه‌ڕێمان ده‌كات كه‌ پێداچوونه‌وه‌ی بە ده‌ستووره‌، ئه‌مه‌ش بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عێراق گرنگ و بایه‌خداره‌ كه‌ له‌ لیژنه‌ ده‌ستوورییه‌كانی په‌رله‌مانی ئاینده‌ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌بێت و ده‌توانن به‌شداری له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌ركه‌ گرنگه‌دا بكه‌ن. 

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م ئه‌وشی خسته‌ڕوو كه‌ ده‌وڵه‌تی عێراق كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق له‌ سه‌رجه‌م جومگه‌كانی حكومه‌ت به‌شداربن، ھەروەھا ئاماژه‌یان به‌وه‌شكرد كه‌ مه‌ڕجه‌عیه‌تی باڵای ئاینی له‌ نه‌جه‌ف هه‌میشه‌ لاگیری مافه‌ ره‌واكانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراقی كردووه‌ و دڵسۆزانه‌ش داكۆكی لێكردوون، سه‌رۆك به‌رهه‌م ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی پاپای ڤاتیكان هه‌ڵ و ده‌رفه‌تێكی باش بوو بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ی گرنگی و بایه‌خداری فره‌یی له‌ كۆمه‌ڵگەی عێراقیدا، موسوڵمانانی وڵاته‌كه‌مان هاوشێوه‌ی هاووڵاتییه‌ مه‌سیحییه‌كان دڵیان به‌و سه‌ردانه‌ خۆش بوو.

Presedent

هەڵبژاردە