سەرۆک بەرھەم: لەچاوەڕوانی هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنووساز و مێژوویداین لە عێراق، كە دەرفەرتێكە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەت و چارەسەرکردنی كێشەكانی سیستەمی حوكمڕانی، هەلێكە بۆ بەرقەراركردنی دادپەروەری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی

2021/10/09

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی گەلی عێراق کرد جەختیکردەوە لەبەردەم ساتەوەختێكی هەستیار و یەكلاكەرەوەداین، لەچاوەڕوانی هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنووساز و مێژوویداین لە عێراق، كە دەرفەرتێكە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەت و چارەسەرکردنی كێشەكانی سیستەمی حوكمڕانی، هەلێكە بۆ بەرقەراركردنی دادپەروەری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، بۆ پێداچوونەوەی دەستوور و هێنانەكایەی گرێبەستێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی نوێ، كە زامنی مافی تاک و پێكهاتەكانی عێراق بێت. 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک بەرھەم دووپاتیکردەوە ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتە بۆ هاووڵاتیان ئەم ڕێڕەوە بە ئاڕاستەی چاکسازی و گوڕانکاری ببەن، ھەروەھا رایگەیاند، بۆ ئەوەی ئێوە بتوانن بە ئازادی دەنگ بدەن و سەرئەنجام ئەو پەرلەمان و حكومەتەی دێتە كایەوە رەنگدانەوەی دەنگی راستەقینەی ئێوە بێت و قەرەبووی كەموكورتی هەڵبژاردنەكانی پێشووش بكاتەوە.

ھەر لە پەیامەکەیدا سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی سبەی بەرپرسیارێتیەكی مێژوویی و دەرفەتێكی گەورەیە كە خودی خۆت بەشداردەبیت لە پرۆسەی گۆڕانكاری و چاكسازیدا، بۆیە بێ دوودڵی بەشداری بکە و بەھوشیارییەوە دەنگ بدە. 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆماری عێراق:

 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

هاووڵاتیانی خۆشەویست..

ئێمە ئێستا لەبەردەم ساتەوەختێكی هەستیار و یەكلاكەرەوەداین، لەچاوەڕوانی هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنووساز و مێژوویداین لە عێراق، كە دەرفەرتێكە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەت و چارەسەرکردنی كێشەكانی سیستەمی حوكمڕانی، هەلێكە بۆ بەرقەراركردنی دادپەروەری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، بۆ پێداچوونەوەی دەستوور و هێنانەكایەی گرێبەستێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی نوێ، كە زامنی مافی تاک و پێكهاتەكانی عێراق بێت. ئەمانەش لەرێگەی پەرلەمانێکی کارا و راستەقینەوە دێتەدی، پەرلەمانێک كە بەڕاستی نوێنەری ئیرادەی ئازاد و دەنگی ئێوە بێت و بتوانێت حكومەتێك پێكبهێنێت كە توانای چارەسەری قەیرانەكانی هەبێ، بەتایبەت کێشەکانی پەیوەست بە خزمەتگوزاری و بژێوی ھاووڵاتیان. 

بێگومان دەسکەوتی لەناوبردنی دیکتاتۆریەت و دامەزراندنی حوکمڕانی دەستووری لە عێراق گرنگ و بایەخدارە، بەڵام دەبێ بیشیسەلمێنین کە قۆناغی دوایی 2003 و سیستمە حوكمڕانیەكەی جۆرەها کێشە و كەموكورتی هەیە و پێویستی بە پێداچوونەوەیەكی ریشەی هەیە.

ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتە بۆ هاووڵاتیان ئەم ڕێڕەوە بە ئاڕاستەی چاکسازی و گوڕانکاری ببەن. لەم پێناوەشدا بە ڕەچاوکردنی ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بۆ رێگری لە تەزویر و ساختەکاری، یاسای تازەی هەڵبژاردنەكان پەسەندكرا و كۆمسیۆنی نوێی هەڵبژاردنەكانیش پێكهێندرا، کە ھاوکاتە لەگەڵ دابینكردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ چاودێری پرۆسه‌که‌، بێگومان هەموو ئەم هەنگاوانەمان لەپێناو پارێزگاری لەدەنگی ئێوە و رێگری لە ساختەکاری گرتەبەر، بۆ ئەوەی ئێوە بتوانن بە ئازادی دەنگ بدەن و سەرئەنجام ئەو پەرلەمان و حكومەتەی دێتە كایەوە رەنگدانەوەی دەنگی راستەقینەی ئێوە بێت و قەرەبووی كەموكورتی هەڵبژاردنەكانی پێشووش بكاتەوە.

هاووڵاتیانی ئازیز..

سبەی هەموو جیهان چاوی لەسەر ئێوەیە، چاوەڕوانی تاقیكردنەوەی ئیرادەی ئێوەن كە بەزەبری شەڕ و تیرۆر نەشكا، ئیرادەیەك كە توانی شکست بە داعش بھێنێ و بەسەر مەترسی تیرۆردا زاڵبێت و لەبری هەموو جیهان بجەنگێ و قوربانی بدات. بۆیە هیوادارم سبەی ناوەندەكانی دەنگدان بكەنە بڵندگۆی ئیرادەی راستەقینەی خۆتان بۆ چاکسازی و بەگژداچوونەوەی خراپەکاری، چونكە مێژوو فێری كردوین كە هیچ دەنگێك لە دەنگی میللەت بەرزتر و هیچ ئیرادەیەك لە ئیرادەی خەڵك بەهێزتر نییە، و بێگومان بەشداری كارا و هوشیارانەی ئێوە، خاڵی وەرچەرخانێكی چارەنووساز دەبێت و رێگە لەبەردەم نوێنەرایەتیەكی پاك و بێگەردی میللەت دەكاتەوە و رێگە لە یاریكردن بە چارەنووسی وڵاتەكەمان دەگرێت. 

هەڵبژاردنی سبەی بەرپرسیارێتیەكی مێژوویی و دەرفەتێكی گەورەیە كە خودی خۆت بەشداردەبیت لە پرۆسەی گۆڕانكاری و چاكسازیدا، بۆیە بێ دوودڵی بەشداری بکە و بەھوشیارییەوە دەنگ بدە. 

لێرەشەوە سوپاسی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ دەزگانی حکومەت و کۆمیسیۆن، و بە تایبەتیش بۆ هێزەکانی ئاسایش کە ئەرکی پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردنیان لە ئەستۆیە، لەم بۆنەیەشدا سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ گیانی بەرزە فڕی شەهیدان.

با پێکەوە هه‌وڵ بدەین ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بکەینە‌ مایه‌ی گۆڕانکاری راسته‌قینه‌، و بە هیوای ئه‌نجامێکی باش بۆ هه‌ڵبژاردن و سبەینێیەکی ڕوون بۆ گەل.

ئێوەش، ئازیزان، هەر شاد و سەرکەوتوو و ئاسوودە بن.

Presedent

هەڵبژاردە