لەمیانی پێشوازیکردنی لە ژمارەیەک کەسایەتی کەرکوک.. سەرۆک بەرهەم دووپاتدەکاتەوە کە پێویستە کەرکوک ببێتە نمونەی پێکەوەژیان

2022/06/14

•سەرۆک بەرھەم جەختیکردەوە لەگرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک لەسەر بنەمای دەستوور و دیالۆگ دوور لە سەپاندنی ئەمری واقع.

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ژمارەیەک کەسایەتی ھۆزەکانی کەرکوک لە سەرجەم پێکھاتەکان.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ئاماژەیکرد بەوەی کەرکوک شارێکی دەوڵەمەندە بە سەرچاوە جۆراوجۆرەکان و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی، بۆیە پێویستە خێروبیری شارەکە رەنگ بداتەوە لەسەر خەڵکەکەی، ھەروەھا وتیشی، پێویستە کەرکوک ببێتە نمونەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و خۆشگوزەرانی.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک لەسەر بنەمای دەستوور و دیالۆگ بەپێی خواستی خەڵکەکەی دوور لە سەپاندنی ئەمری واقع، ھاوکات ئاماژەی دا بەوەی کە دانشتووانی کەرکوک لە ماوەکانی رابردوودا زیانی زۆریان بەرکەوتووە بەھۆی ستەمکاری و گەندەڵی و پەراوێزخستن و سەپاندنی ئەمری واقع و ئالێنگارییە ئەمنییە جۆراوجۆرەکان.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم ئەوەشی خستەڕوو کە پێکهاتەکانی کەرکوک سەلماندویانە کە برای یەکدین و خۆڕاگرن، بۆیە پێویستە پشتیوانی لە دیالۆگ و بەیەکگەشتن بکرێت لە نێوان پێکھاتەکانی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و رێگرتن لەوەی شارەکە بکرێتە گۆڕەپانی جیاوازی و کێشە و دروستبوونی ئاڵۆزی.

لەلای خۆیانەوە شاندی میوان پشتیوانی و هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک کۆمار و پەرۆشییان بۆ دۆخی کەرکوک و دانشتووانی شارەکە بەرزنرخاند بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و ھێنانەئاراوەی داوا رەواکانی خەڵکی کەرکوک.

Presedent

هەڵبژاردە