سەرۆک کۆمار : بەھۆی تیرۆر خەڵکێکی زۆر ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بووە، بۆیە پێویستە پلان و ستراتیژییەت دانرێت بۆ بەرەنگاربونەوەی بیری توندڕەوی

2022/06/15

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی حوزەیرانی 2022 لە کۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لە خاتوو ئۆگوچی دانیلز، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەپێویستی پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان عێراق و رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران و کارکردن لەسەر دانانی پلان و ستراتیژییەت بۆ بەرەنگاربونەوەی بیری توندڕەوی، ھەروەھا ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی کە عێراق زیانی زۆری بەرکەوتووە بەھۆی تیرۆرەوە و ھەر ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بێت.

ھاوکات سەرۆک بەرھەم جەختی لەسەر ئاسانکاریی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی کۆچبەران کردەوە لەگەڵ رێز گرتن لە یاسای نێودەوڵەتییەکان کە زامنی مافەکانی مرۆڤ و هەڵبژاردەی کۆچبەران بکات، لەھەمانکاتدا گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ کۆچبەران مسۆگەر بکات.

لای خۆشیەوە خاتوو ئۆگوچی دانیلز پشتیوانی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەرانی دووپاتکردەوە لەسەر دۆسیەی کۆچبەران و داواشیکرد عێراق ببێتە ئەندامی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران.

Presedent

هەڵبژاردە