سەرۆک کۆمار سەرکۆنەی دەستدرێژیکردنە سەر شەنگال دەکات و جەختیشدەکاتەوە لە کۆتایی ھێنان بە بارگرژییەکان و رێکخستنی ئیداری شەنگال بە پێی خواستی خەڵکی شارەکە
د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی حوزەیرانی 2022 لەکۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لە شاندێکی خەڵکی شەنگال بە ئامادەبووانی حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و لە بارەی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری و ئاستەنگەکانی رووبەڕووی خەڵکی شەنگال دەبێتەوە گفتوگۆکرا.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم رایگەیاند، خەڵکی شەنگال بەهۆی توندوتیژی و تیرۆرەوە ئازاری زۆری چەشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بە قارەمانێتی زۆرەوە رووبەڕووی نەهامەتی و ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان بوونەتەوە، ھەروەھا جەختیشیکردەوە لە پێویستی کۆتایی ھێنان بە نەھامەتییەکانی خەڵکی شەنگال و ئاسایکردنەوەی دۆخی شارەکە و رەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ گەڕانەوە ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان بە سەربەزی.
ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار بە تووندی سەرکۆنەی دەستدرێژیکردنە سەر شەنگالی کرد و دووپاتیشیکردەوە لە پێویستی کۆتایی ھێنان بە بارگرژییە ئەمنییەکانی شارەکە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ئێزدییەکان دەکات، ھاوکات جەختیکردەوە لە گرنگی کارکردن بۆ چارەسەرکردن و کۆتایی ھێنان بە کێشەی ھەڵپەسێردراوەکان لە رێگەی ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم بەگرنگییەوە باسی لە پێویستی تێپەڕاندنی ئاستەنگە سیاسی و ئیدارییەکان کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی ئێزدییەکان و کارکردن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و رێکخستنی ئیدارەی شارەکە بە پێی خواستی خەڵکی شەنگال و دوورخستنەوەی خەڵک و شارەکە لەناکۆکییە سیاسییەکان.
لەلایەن خۆشیانەوە ئەندامانی شاندی میوان سوپاسی هەوڵ و کۆششەکانی سەرۆک کۆماریان کرد بۆ پشتیوانیکردن لە ئێزدییەکان و بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی شەنگال و داکۆکیکردن لە ماف و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان.
Presedent