سەرۆک کۆمار پێشوازی دەکات لە فەرماندەی نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێراق

2022/11/24


 سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، رۆژی پێنجشەممە ٢٤ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٢، لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە فەریق جیڤانی ئەیانوتشی فەرماندەی نوێنەرایەتی رێخراوی باکوری ئەتلەنتیک ناتۆ لە عێراق. 

 لە میانی دیدارەکەدا ، ئەو ئەرکانەی کە لەلایەن نوێنەرایەتی ناتۆ لە وڵاتدا جێ بەجێدەکرێن خرانە بەرباس و گفتوگۆ کە بریتیە لە پێشکەشکردنی ڕاوێژکاری سەربازی و ڕاهێنان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانیان و ئاستی پیشەیی و کارامەییان بە شێوەیەک کە ببێتە هەنگاوێک بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەڵتەکاندنی مۆڵگە و حەشارگەکانیان.

 سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە تیرۆر و توندڕەوی دیاردەیەکی مەترسیدارن بۆ هەموو جیهان، ئاماژەیدا کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە توانیویانە تیرۆر و پلانە گڵاوەکانیان تێکبشکێنن و بەردەوامبن لە راودونانی پاشماوەکانی تێرۆر بۆ ڕێگریکردن لە مەرامەکانیان کە هەڕەشەکردنە لە ئاسایش و سەقامگیری هاوڵاتیان، ئاماژە کرد بە هاریکاریی ناتۆ لە بواری پەرەپێدانی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە و پێویستی فراوانکردنی مەودای ڕاهێنان و ڕاوێژکاری کە هەموو ناوچەکانی عێراق بگرێتەوە.

 لای خۆیەوە فەرماندە ئەیانوتشی ویستی نوێنەرایەتی ناتۆی نیشاندا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و هاریکاری لەگەڵ عێراق لە بواری مەشق و ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگری بە شێوەیەک کە توانای هێزە چەکدارەکانی عێراق بە هەموو یەکە سەربازییەکانیەوە پەرەپێبدات.

Presedent

هەڵبژاردە