سەرۆک کۆمار سەردانی مەزار و مۆنیۆمێنتی شەهیدانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد
لە یادی ٣٥ ساڵەی قوربانیانی مەرگەساتی هەڵەبجە، سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-3-2023، سەردانی مەزار و مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەی کرد بە یاوەری ئەحمەد فەکاک بەدرانی وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار.
سەرۆک کۆمار لەلایەن ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و لێپرسراوانی باڵای پارێزگاوە پێشوازی لێکرا.
سەرۆک کۆمار تاجە گوڵینەی لەسەر گۆڕستانی شەهیدان دانا، دواتر سورەتی فاتیحەی بۆ گیانی قوربانیانی ئەو تاوانی مەرگەساتەی ڕژێمی دیکتاتۆری دەرهەق بە گەلی کورد و مرۆڤایەتی خوێند.
لە وتارێکدا، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، کە ئەو کارەساتەی بەسەر هەڵەبجەدا هاتوە هەست و نەستی هەموو دونیای هەژاند و ئاماژەی بەوەدا کە شاری هەڵەبجە بۆتە سیمبولی قوربانیدان بۆ هەمووان.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کارەساتەی لە هەڵەبجە ڕوویدا، هانماندات دەدات بۆ ئەوەی کاربکەین بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی مەرگەساتی لەوشێوە، نەک لە کوردستان، بەڵکو لە هەر بەشێکی دیکەی جیهان، جەختیشی لەوە کردەوە کە تاوانی هەڵەبجە ئەو کارەساتە بوو کە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕاکێشا بۆ ئەو تاوانە دڕندانەیە کە دەسەڵاتی لەناوچوو بەرامبەر بە خەڵکی بێ دیفاع کردی بە تایبەت لە گوند و شارەکانی کوردستان، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆڵی هەڵەبجە لەبیر ناکرێ بۆ دەرخستنی تاوانەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری.
سەرۆک کۆمار ستایشی قوربانیدان و خۆڕاگری بنەماڵەی شەهیدانی کرد و جەختی لەوە کردەوە ئەو قوربانیانە لەبیر ناکرێن کە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی دڕندەیی دەسەڵاتی لەناوچوو دراون.
سەرۆک کۆمار بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ دیاریکردنی شاری هەڵەبجە بە پارێزگا بەرز نرخاند، هەروەها بەڕێزیان پیرۆزبایی لە خەڵکی هەڵەبجە کرد بە بۆنەی بڕیارەکەوە و لەوبارەیەوە وتی، "شانازی دەکەین کە کارمان لەسەر دەرکردنی بڕیارەکە کردوە" سەرۆک کۆمار هیواشی خواست کە بەزوترین کات لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند بکرێت، لەگەڵ تەرخانکردنی بودجەیەک بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ دانیشتوانی هەڵەبجە.
سەرۆک کۆمار داوایکرد کار بکرێت لە پێناو بەرەوپێشبردنی پرۆسەی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی بارودۆخی شارەکە و رایگەیاند کە شانازی دەکات بەوەی کە لەم ڕۆژەدا لە هەڵەبجە ئامادیە.
Presedent