سەرۆک کۆمار بەشداریکرد لە مەراسیمی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی کە تایبەتە بە بیرەوەری خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی
سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-5-2023، بەشداریکرد لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی تایبەت بە یادی مەلا مستەفا بارزانی نەمر.
لەگەڵ گەیشتنی بۆ شوێنی مەراسیمەکە لە دەڤەری بارزان، لەلایەن سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێز مەسعوود بارزانی و لێپرسراوانی باڵای بەشداربووی ئاهەنگەکەوە پێشوازی لێکرا، سەرۆک کۆمار، تاجەگوڵینەی لەسەر گڵکۆی مەلا مستەفای بارزانی دانا و پاشان سورەتی فاتحەی خوێندەوە .
هەرلەمیانی لە ڕێوڕەسمەکەدا، بەڕێزیان بەیاوەری ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسان، سەردانی مۆزەخانەی دامەزراوەکەی کرد و ووتەیەکی بەو بۆنەوە نوسی وهەوڵەکانی دامەزراندنی مۆزەخانەکەی بەرز نرخاند، کە بە تۆمارێکی خەباتی بارزانی نەمر دادەنرێت .
ئەمەش دەقی گوتەکەی سەرۆک کۆمارە:
بەناوی خوای گەورە ومیهرەبان
بەڕێز کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئامادەبووانی بەڕێز
سڵاوێکی گەرم
خۆشحاڵم لەم مەراسیمە گرنگەدا لەگەڵتانم بۆ کردنەوەی مۆزەخانەی سەرۆکی مەزن جەنابی مەلا مستەفای بارزانی لەناخی دڵمەوە دەستخۆشی لەهەموو ئەو خوشک و برایانە ئەکەم کە ئەم دامەزراوەیان هێنایە بەرهەم بۆ بەرز ڕاگرتنی یادەوەری جەنابی بارزانی .
خوشکە و برایانی بەڕێز:
مێژووی میللەتەکەمان پڕیەتی لە سەروەری وشکۆمەندی، بەدرێژایی دەیان ساڵەی خەباتی نەتەوایەتیمان کەسانی زۆر گەورە و خاوەن کارێزما هاتونەتە مەیدانی تێکۆشانی کوردایەتی کەی بەفەزڵی ئەوانەوە ڕێڕەوی خەباتی نەتەوایەتیمان و ڕێبای پیرۆزی کوردایەتی بەردەوام بووە بۆ هێنانەدی مافە ڕەواکانی میللەتەکەمان، بۆیە ئێمەش وەک هەر میللەتێکی زیندو، شانازی بەو سەرکردە مەزنانەوە ئەکەین کە لە قۆناغەکانی خەباتی نەتەوەییمان ژیانی خۆیان بۆ میللەتەکەیان تەرخانکرد وپێویستە کاریگەری ئەو سەرکردە مەزنانە بە درەوشاوەیی بهێڵینەوە و نەوەکانی ئێستا و داهاتوومان بە خەبات وتێکۆشانی ئەوان ئاشنا بکەین.
بەڕێزان..
هەلومەرجی ناوچەکەمان بەگشتی و بارودۆخی ووڵاتەکەشمان بە تایبەتی ڕووبەڕووی تەحەدییاتی گەورە بووەتەوە وقۆنانێکی نوێ هاتوەتە بەردەم هەردوو حکومەتی ئیتحادی و هەرێمی کوردستان، کە ساڵانێکە ناوچەکە و عێراق بە هۆی جەنگ و تەئسیرەکانی و بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی و تێکچونی پەیوەندیەکان هاتبونە ئاراوە، ئێستا کەشێکی ئارام هاتوەتە پێشەوە بۆ ئەوەی بە هەمولایەکمان هەوڵ بدەین ئەم قۆناغە بقۆزینەوە بۆ زیاتر لە یەک نزیک بونەوە و گفتوگۆی ئاشتیانە وبرایانە بۆ سەر لەنوێ بونیادنانەوەی وڵاتەکامان .
کاتی ئەوە هاتوە کە هەموو پێکهاتەکانی عێراق ناکۆکی و ململانێ سیاسیەکانیان بەلاوە بنێن و ژینگەیەکی سیاسی تەندروست بەدی بهێنن ،بۆ بۆژانەوەی ژێرخانی ئابوری وڵات و بەدیهێنانی ئاواتەکانی گەلانی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بەتایبەتیش ڕەخساندنی کەشێکی ئارام و سەقامگیری سیاسی و ئابوری بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتومان لەڕێگای تەرخانکردنی سامانی وڵات بۆ پێشخستنی پرۆژەی وەبەرهێنان وداهێنان لەگشت بوارەکانی ژیاندا .
گومانمان لەوەدا نیە، ئێستا نیەتێکی باش هەیە لەلایەن هەردوو حکومەتی بەغدا و هەرێم بۆ سەرخستنی دیالۆگی نیشتمانی وچارەسەری کێشەکان و کۆتاییهێنان بە گرفتە سیاسیەکان و کارکردن بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی سیاسی نوێ کە زامنی هەموو مافە دەستوریەکانی میللەتەکەمان بێت و هەرێمی کوردستانیش ببێتە فاکتەرێکی بەهێز لە ئێستا و ئاییندەی عێراقدا .
لە کۆتاییدا بە پێویستی دەزانم بە هەموولایەکی ڕابگەیەنم کەچارەنوسی عێراق و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە بەستراوەتەوە ولەیەکتر جیانابنەوە ، قۆناغەکانی ڕابردووش پێمان دەڵێن کە نەعێراق ئارامی بەخۆیەوە ئەبینێ بەبێ هاوکاری و هەماهەنگی هەرێمی کوردستان نە هەرێمیش سەقامگیری ئابوری بەخۆیەوە ئەبینێ و بەبێ حکومەتی ئیحادی.
بۆیە پێویستە لێرەوە زمانی گفتوگۆ و سازان لێکگەیشتن ببێتە فاکتەری دارشتنی سیاسەتێکی نوێ لە عێراقدا کە خزمەت بە هەموولایەک بکات و وڵاتەکەمان ئاوەدان بکاتەوە و پێکەوە ڕووبەڕووی ئەو تەحەدییاتانە ببینەوە.
هیوای سەرفرازی و سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک ئەخوازم
جارێکی تریش دەستان خۆشبێت بۆ ئەم هەنگاوە پیرۆزە لە بەرز ڕاگرتنی یاد و یادەوەری بارزانی نەمر .
هەر شاد و سەرفراز سەر کەوتووبن ...
بارزان ١١-٥-٢٠٢٣
Presedent