سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەی چیک

2023/05/25


سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-5-2023، لە کۆشکی بەغداد بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەی چیک، یان لیپاڤسکی و شاندی یاوەری.
سەرۆک کۆمار باسی بارودۆخی عێراق و ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی کرد  کە بەغداد و تەواوی شارەکانی دیکە بەخۆیانەوە بینیوە، ئاماژەیشیکرد بە تۆکمەی کارنامەی حکومەت کرد کە بریتییە لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان.
سەرۆک لەتیف، ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ پەسەندکردنی بودجە لەزوترین کاتدا کە ئەمەش دەبێتە مایەی هاندانی دەرفەتی وەبەرهێنان لە وڵاتدا و هیواشی خواست کە کۆمپانیاکانی چیک بەشداربن لە وەبەرهێنان لەپڕۆژە ستراتیژییە گرنگەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا عێراقیەکاندا.
لەهەمان چوارچێوەدا سەرۆک،  جەختیکردەوە  کە حکومەتی عێراق جدییە لە کرانەوە لە بواری وەبەرهێنان و ئاسانکاریکردن بۆ ڕێکارەکانی هاتنە ناوەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ وڵات و هاندانیان بۆ وەبەرهێنان لە بەر ڕۆشنایی سەقامگیری ئەمنی لە پارێزگا و شارەکانی عێراقدا، ئاماژەی بەوەشکرد عێراق پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان هەیە، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
لای خۆیەوه وەزیر یان لیپاڤسکی خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانکردنی عێراق و دیداری لەگەڵ سەرۆک کۆمار دەربڕی و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی کە وڵاتەکەی خۆشحاڵە بە گۆڕانکاری و پەرەسەندنە نوێیەکانی عێراق و ڕایگەیاند کۆمپانیا چیکییەکان ئامادەن بۆ وەبەرهێنان له عێراقدا. 
هەر لە میانی دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگی کرا لە بوارە جیاجیاکان بەتایبەتی لەبواری بازرگانی و ئابوری و پیشەسازیدا، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و گەل بەدیبهێنێت.

Presedent

هەڵبژاردە