سه‌رۆك كۆمار: په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌شه‌كردو و زیندومان ده‌وێت له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئه‌وروپادا

2018/10/07

ئه‌مڕ‌ۆ یه‌ك شه‌ممه‌ ٢٠١٨/١٠/٧ به‌ڕ‌ێز سه‌رۆك كۆمار دكتۆر به‌هه‌م ساڵح له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غداد پێشوازییكرد له‌ باڵیۆزانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ عێراق، له‌گه‌ڵیاندا تێڕ‌وانینه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆیی تاوتوێكرد سه‌باره‌ت به‌ سروشتی په‌یوه‌ندییه‌ چاوه‌ڕ‌وانكراوه‌كانی نێوان عێراق و ده‌وڵه‌تانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ته‌واوی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی له‌ چوارچێوه‌ی ئیراده‌یه‌كی نیشتمانییدا، بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌یی و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی مۆدێرن و هاوچه‌رخ.
سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح دوپاتیكرده‌وه‌ پێویسته‌ پشتیوانیی بكرێت له‌ حكومه‌تی داهاتو، عێراقیش نه‌سوتێنرێت به‌ ئاگری گرژییه‌ ئیقلیمیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، رێككه‌وتنامه‌ی شه‌راكه‌ت له‌ نێوان عێراق و یه‌كێتیی ئه‌وروپادا چالاك بكرێته‌وه‌ كه‌ به‌ ته‌واوی چوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئاماژه‌یشیكرد ئه‌م رێكه‌وتننامه‌یه‌ میكانیزمی قوڵ كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردولا ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و، پشتیوانیی كردنی عێراق به‌هێز ده‌كات بۆ به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ی هه‌ڕ‌ه‌شه‌كانی به‌رده‌م ئۆقره‌یی و گه‌شه‌پێدانی ئابوریی و سیاسیی.
به‌ڕ‌ێزیان له‌ به‌شێكی تری وته‌كانیدا بایه‌خدانی شه‌خسیی خۆی دوپاتكرده‌وه‌ به‌ گوێگرتن له‌ هه‌ر بۆچون و روانین و پێشنیازێك كه‌ ببێته‌ فاكته‌ری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌ دوقۆڵییه‌كان، رونیشیكرده‌وه‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ و هاریكاریی له‌گه‌ڵ ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپایی گرنگییه‌كی زیندوو نوێكه‌ره‌وه‌ی هه‌یه‌، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ئاماده‌یی و نیازی عێراقی نیشان دا بۆ دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌شه‌كردو له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئه‌وروپادا له‌سه‌ر بناغه‌ی كرانه‌وه‌ و دیالۆگ و هاریكاریی بنیاتنه‌ر به‌و جۆره‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان زامن بكات.
به‌ڕ‌ێزیان سوپاس و پێزانینی عێراقی ده‌ربڕ‌ی بۆ پشتیوانیی گرنگی ئه‌وروپا، داوایشیكرد كۆمه‌كی ئه‌وروپایی و نێوده‌وڵه‌تیی زیاتر بكرێن به‌و پێیه‌ی قۆناغی داهاتو قۆناغی كاری جدیی ده‌بێت بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی دامه‌زراوه‌یی و ماف و ئازادییه‌ دیموكراسییه‌كان، دوپاتیشیكرده‌وه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی ژنان زامنكردنی ژیان و مافه‌كانیان و ژیان و مافی هه‌مو هاوڵاتییان بێ جیاوازیی، ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌ركردایه‌تیی نوێی وڵاته‌، شانبه‌شانی توندوتۆڵكردنی یه‌كڕ‌یزیی نیشتمانیی و به‌دیهێنانی ئاشتبونه‌وه‌ و چاككردنی باری ئه‌منیی و پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و به‌گژاچونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، سه‌رباری به‌شدارییكردنی كاریگه‌ر و كارای عێراق له‌ پته‌وكردنی پایه‌كانی ئاشتیی و ئاسایشی ئیقلیمیی و نێوده‌وڵه‌تیی.
سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح له‌ وته‌كانیدا دوپاتیكرده‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار گرنگییه‌كی تایبه‌ت ده‌دا به‌ گه‌شه‌ پێدانی ئابوریی نیشتمانیی و ده‌ستپێكردن به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوریی، كاری جدییش ده‌كات بۆ ده‌ركردنی ئه‌و قانونانه‌ی كه‌ به‌دیهاتنی ئه‌م ئامانجانه‌ زامن ده‌كات، له‌و روه‌شه‌وه‌ داوای كرد كه‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی ئه‌وروپایی و جیهانیی پرۆژه‌كانیان زیاتر بكه‌ن له‌ عێراقدا، له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌یكرد بۆ پابه‌ند بون به‌ ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌مو زامنێكی ئه‌منیی و قانونیی بۆ ئاسانكاریی ئه‌م بواره‌.
باڵیۆزانی یه‌كێتیی ئه‌وروپاش گه‌ش بینیی و متمانه‌ی گه‌وره‌ی حكومه‌ته‌كانیان ده‌ربڕ‌ی كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی نوێی كۆماری عێراق ده‌توانێت له‌ ئاینده‌دا كه‌ش و هه‌وایه‌كی ساز و گونجاو بخوڵقێنێت بۆ هاریكاریی پڕ‌ به‌رهه‌م و زیندو، بایه‌خدانی ده‌وڵه‌ته‌كانیشیان دوپاتكرده‌وه‌ بۆ گه‌شه‌ پێدانی په‌یوه‌ندیی هاریكاریی و كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عێراق و، پشتیوانیكردنی ئۆقره‌یی و گه‌شه‌كردنی سیستمه‌ دیموكراسییه‌ فیدراڵییه‌كه‌ی و پێشكه‌وتنی به‌به‌رده‌وامیی به‌ره‌و تاوسه‌ندن و گه‌شه‌ كردن.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان