ده‌قی وتاری سه‌رۆك كۆمار له‌ ده‌یه‌مین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ به‌گژاچونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژ به‌ ژنان

2018/10/13

“به‌ ناوی په‌روه‌ردگاری به‌خشنده‌ و میهره‌بانه‌وه‌
"وَلَهُنَّ مِثْلُ الَّذِي عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوفِ ".  صدق الله العظيم
خوشكان و برایانی ئاماده‌ بو
سڵاوی خوداتان لێ بێت ..
چه‌نده‌ گه‌وره‌ و جوانه‌ ئیلهامی گه‌وره‌یی خۆڕ‌اگریی له‌ (سه‌یده‌ زه‌ینه‌ب)ی هه‌ره‌ مه‌زنه‌وه‌ (سڵاوی خودای لێ بێت) وه‌ربگیرێت وه‌ك هێمایه‌ك كه‌ گه‌وره‌یی قوربانیدان و داكۆكیكردن له‌ هه‌ق یه‌ك بخات و ببێته‌ به‌های كه‌سایه‌تیی خۆگر له‌ روی توندوتیژیی و سته‌م و ئه‌وانه‌ی له‌ روداوی (ته‌ف)دا خوێنی شه‌هیده‌كانیان رژاند.
چه‌ند به‌هاداره‌ مه‌زنایه‌تیی قوربانیانی عێراقییه‌كان، ده‌ره‌نجامی توندو تیژیی و جه‌نگه‌كان و توندڕ‌ه‌ویی و تێرۆر به‌ درێژایی سه‌رده‌مه‌كانی مێژوی هاوچه‌رخمان به‌بیر بهێنرێنه‌وه‌ به‌تایبه‌تیی دایكان و ژنان و كچانی قوربانیانی تاوانی ئه‌نفاله‌كان و گۆڕ‌ه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان و شه‌نگال و سپایكه‌ر. دیاره‌ به‌كه‌نیزه‌ك كردن و ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر ژنان و فرۆشتنیان له‌ بازاڕ‌ی كۆیله‌كان یان كوشتنیان بێ هیچ رێگرییه‌كی ویژدان تاوانێكی یه‌كجار دڕ‌ندانه‌ و قێزه‌ونن كه‌ زۆر پێچه‌وانه‌ی شه‌ریعه‌ته‌ خودایی و پێودانگه‌ مرۆییه‌كان و پره‌نسیب و به‌ها مرۆییه‌كانن.
سڵاوی پێزانین بۆ ده‌ستپێشكه‌رییه‌كه‌ی (عه‌زیزی عێراق) سه‌ید عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم (خودا لێی خۆش بێت) كه‌ داوایكرد ئه‌مڕ‌ۆ بكرێته‌ رۆژێكی ساڵانه‌ی ئیسلامیی بۆ به‌گژاداچونه‌وه‌ی توندوتیژیی به‌رامبه‌ر ژنان، به‌ تایبه‌تیی ژنانی عێراق كه‌ روبه‌ڕ‌وی زاڵمانه‌ترین شێوه‌كانی چه‌وساندنه‌وه‌ و سته‌مكاریی بونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ته‌كانی تاقمی داعش و پێشتریش قاعیده‌ی تێرۆریستان.
ده‌ستخۆشیی بۆ هه‌وڵه‌كانتان له‌ سه‌رخستنی ده‌یه‌مین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیی به‌گژاچونه‌وه‌ی توندو تیژیی دژ به‌ ژنان و هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ روی كۆمه‌ڵایه‌تیی، سیاسیی، ئابوریی و ئه‌كادیمیاییه‌وه‌ رۆڵی پێشه‌نگ ببینن له‌ به‌رهه‌مهێنان و دروستكردنی مرۆڤ و ژیاندا.
له‌ كاتێكدا راستگۆیانه‌ترین ئومێدمان ده‌رده‌بڕ‌ین بۆ سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنتان له‌ چڕ‌ كردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانتان بۆ به‌گژاداچونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان له‌ كۆمه‌ڵ و وڵاته‌كه‌ماندا، وای ده‌بینین ئه‌م ئه‌ركه‌ به‌هاداره‌ شایسته‌ی پشتیوانیی هه‌موانه‌. له‌گه‌ڵ گرنگیی به‌شدارییكردنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تیش له‌م هه‌وڵه‌دا، كۆششه‌كانی كۆمه‌ڵ و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ده‌ستپیشخه‌رییه‌كانیان هه‌ر به‌ پێویست و گرنگ ده‌زانرێت بۆ رێگرتن له‌ توندو تیژی دژ به‌ ژنان، هاوكات پێویسته‌ رۆڵی دادوه‌ریی و دانانی قانونه‌ كان به‌هێزتر بكرێن بۆ روبه‌ڕ‌وبونه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌تی پێشێلكارییانه‌ی كه‌ به‌رۆكی ژنان ده‌گرن و شكۆ و كه‌رامه‌تی مرۆییان هه‌تك ده‌كات، له‌وانه‌ به‌خشینیان له‌ جیاتی خوێن بۆ كۆتاییهێنان به‌ ناكۆكیی و كێشه‌ عه‌شایرییه‌كان یان سڕ‌ینه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ نێرینه‌كان لێ به‌رپرسیارن له‌گه‌ڵ ره‌فتاره‌كانی تردا كه‌ شه‌ریعه‌ ئاسمانییه‌كان ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌.
لەئێستادا پێشكه‌وتنێكی مه‌ده‌نی به‌دیهاتوه‌ و هوشیاریی بۆ ئازادیی و كه‌رامه‌تی مرۆییی و یه‌كسانیی و گۆڕ‌انكاریی تریش هاتونه‌ت پێشه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ژنان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌دا تائێستاش زۆربه‌ی ژنان له‌ وڵاته‌كه‌ماندا قوربانیی ده‌ستی توندو تیژین به‌ شێوه‌ جیا جیاكانیه‌وه‌. ئه‌و توندو تیژییانه‌ی كه‌ ژنان روبه‌ڕ‌وی ده‌بنه‌وه‌ سنوری توندو تیژی خێزانیی و زاره‌كیی تێ ده‌په‌ڕ‌ێنن به‌ره‌و توندوتیژیی جه‌سته‌یی، تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌زۆربه‌ی ژنانی عێراقیی روبه‌ڕ‌وی بونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ته‌ تاوانباره‌كان له‌ پێش هه‌مویانه‌وه‌ تاقمی داعشی تێرۆریست، هه‌روا ئه‌و دیاردانه‌ی كه‌ به‌م دواییه‌ ده‌یبینین کە به‌ بیانوی جیا جیا و بێ بنه‌ما به‌ شێوه‌ی دڕ‌ندانه‌ ژنان ده‌كوژرێن، بۆیە‌ پێویست ده‌كات ئیدانه‌ بكرێن و هه‌رچی زووه‌ ده‌سه‌ڵاتی قانون خۆی بكاته‌ خاوه‌نیان.
مایه‌ی شانازیی بو كه‌ هاوڵاتیی عێراقیی ئێزدیی نادیه‌ موراد خه‌ڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتیی به‌ده‌ستهێنا وه‌ك داننانێكی شایسته‌ به‌ قوربانیانی تێرۆر له‌ رۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌ی و هه‌مو قوربانیانی توندوتیژیی و توندڕ‌ه‌ویی له‌ جیهاندا، هاوكات هاوکاری گوزارشتكردنێکی مرۆیی قوڵ بو له‌گه‌ڵیدا، سه‌ركه‌وتنی هه‌مو پێودانگه‌ مرۆییه‌كانیش بو. هه‌مو جیهان ئاگاداره‌ كه‌ چۆن عێراقییه‌كان هه‌مویان گوڕ‌یان به‌سته‌وه‌ بۆ رزگار كردنی شه‌نگال و هاوپشتیكردنی برا ئێزدییه‌كانیان كه‌ روبه‌ڕ‌وی یه‌كێك له‌ دڕ‌ه‌ندانه‌ترین تاوانه‌كانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تیی بونه‌وه‌.
لێره‌دا دوپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ سڕ‌ینه‌وه‌ی هه‌مو جۆره‌ جیاكاریی كردنێك دژ به‌ ژنان و كچان له‌ پێودانگ و به‌ها سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌ستوری عێراقه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌ بڕ‌یاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و به‌ڵگه‌نامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤدایه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موان و راگه‌یاندنكاران و ده‌سته‌ بژێرانی ئاینیی و روناكبیریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رۆڵی گرنگ ببینن له‌ هوشیار كردنه‌وه‌ی خەڵکی سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه‌.
ئه‌ركی ئێمه‌ش پشتیوانیكردنی به‌هێزه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژنان بتوانن خه‌بات بكه‌ن له‌ پێناوی مافه‌كانیان و هه‌ر بوارێكی تر كه‌ پشتگیریی به‌رزكردنه‌وه‌ی پێگه‌یان بكات به‌ به‌رده‌وامیی، له‌م روه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ كارا كردنی پلانی نیشتمانیی جێبه‌جێكردنی بڕ‌یاری (ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌رباره‌ی ژنان و ئاسایش و ئاشتیی) هەروەها تایبه‌ت به‌ بوژانه‌وه‌ی پێگه‌ی ژنان له‌ جیهاندا، دوای ئه‌وه‌ی عێراق یه‌كه‌م ده‌وڵه‌ت بو له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕ‌است و باكوری ئه‌فریقادا ئه‌م پلانه‌ی په‌سه‌ند كرد كه‌ بواره‌كانی به‌شداریی پێكردنی ژنان له‌ خۆ ده‌گرێت له‌ پرۆسه‌ی چه‌سپاندنی ئاشتیی و بڕ‌یاردان له‌ كاتی ناكۆكییه‌ سه‌ربازییه‌كان و دواتریشدا، به‌ مەبەستی پاراستنیان له‌ هه‌مو جۆره‌كانی توندوتیژیی كه‌ روبه‌ڕ‌وی ده‌بنه‌وه‌.
پێویستیی به‌گژاداچونه‌وه‌ی هه‌مو جۆره‌كانی جیاكاریی یا توندوتیژییه‌ك دژی ژنان له‌ عێراقدا دوپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێستا زیاترله‌ نیوه‌ی كۆمه‌ڵ پێك ده‌هێنن، له‌گه‌ڵ دژایه‌تی كردنی هه‌ر ره‌فتارێكی باو و به‌ میرات به‌جێماو، توندڕ‌ه‌ویی و دواكه‌وتویی و نه‌زانین زیان به‌ پێگه‌ی ژن ده‌ گه‌یه‌نێت.
خوشكان و برایانی ئاماده‌ بو..
خه‌باتی ژنانی عێراق له‌ روبه‌ڕ‌وبونه‌وه‌ی توندو تیژیی بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی وه‌ك هاوڵاتییه‌ك دەبێت کە بە مافه‌كانی شاد بێت، مێژوییه‌كی دێرینی هه‌یه‌، له‌ خۆڕ‌اگریشدا به‌ روی دژواریی و قه‌یرانه‌كاندا كه‌ پێشتر له‌ ئه‌نجامی جه‌نگه‌كان و به‌هۆی دڕ‌نده‌یی تێرۆریستانه‌وه‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ چه‌شتویانه‌ مه‌زن و دره‌وشاوه‌یه‌. بێگومان به‌هێز كردنی رۆڵی ژن له‌ وڵاته‌كه‌ماندا و پشتیوانیكردنی له‌ لابردنی كۆسپه‌كانی به‌رده‌می بۆ چاككردنی باری ژیانی و دابینكردنی پێگه‌یه‌كی سه‌ركردایه‌تی شایسته‌ له‌ بواره‌كانی ئابوریی و وه‌زیفیی و سیاسیی و كارگێڕ‌یدا پێویستییه‌كی بنه‌ڕ‌ه‌تییه‌ له‌ پێناوی به‌دیهێنانی په‌ره‌پێدانێكی به‌رده‌وامدا بۆ وڵاته‌كه‌مان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نیی مۆدێرندا كه‌ مافه‌كان و شكۆیی هه‌موانی تیادا زامن بێت.
مافه‌كان ده‌سته‌به‌ر نابن، به‌ بێ پاراستتنی مافه‌كانی ژنانی نیوه‌ی كۆمه‌ڵ و دایكی نیوه‌كه‌ی تری، پێشكه‌وتن و ئۆقره‌یی و گه‌شه‌ سه‌ندن به‌دی نایه‌ت، به‌ بێ پێگه‌یه‌كی شایسته‌ و به‌ شكۆ بۆ ژنان.
به‌ شانازیی پێزانینه‌وه‌ هه‌وڵه‌كانتان و هه‌مو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی دراون و ده‌درێن له‌ پێناوی كاركردن بۆ ره‌خساندنی ژیانێكی بێ توندو تیژی و بێ هه‌ڕ‌ه‌شه‌ بۆ ژن به‌رز ده‌نرخێنم.

به‌ خوداتان ده‌سپێرم.”


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان