سەرۆک کۆمار سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەکات

2018/10/28

سەرۆک بەرهەم: هەرچەندە هەڵەبجە هێمای شەهیدو هێمای زوڵم و هێمای سستەمکارییە کە لە ڕابردوودا لێیکراوە، بەڵام دەبێت بەکردەوە ئەوە بسەلمێنین کە هەڵەبجە ببێتە هێمای ئاوەدانی و بوژاندنەوەو پێکەوە ژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی.
 
ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٠١٨/١٠/٢٨ بەڕێز سەرۆک کۆمار دکتۆر بەرهەم ساڵح بە هاوڕێیەتی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خانمی یەکەمی عێراق خاتوو سەرباخ ساڵح سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد، لەلایەن بەڕێز ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و لێپرسراوانی فەرمانگە حکومییەکان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان بە گەرمی پێشوازیی لە بەڕێزیان و وەفدی هاوڕێی کرا.

سەرەتا سەرۆک بەرهەم ساڵح سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی کرد، پاشان لەسەر مەزاری شەهیدان تاجە گوڵینەی دانا.

سەرۆک کۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەیکرد بۆ گرنگی شاری هەڵەبجە لە ئاستە جیاجیاکاندا، دواتر گوتی: مەبەستم بوو بێمە خزمەت مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە بۆ راگەیاندنی پەیامی بایەخدان بە هەڵەبجەی نازدار، هەڵەبجەی شەهید، هەڵەبجەی پایتەختی ئاشتی و پێکەوە ژیان، پەیامی رێزگرتن لە قوربانی و فیداکارییەکانی میللەتەکەمان. بەڕێزیان دووپاتیکردەوە ئاوەدانی ئەم وڵاتەو پێشکەوتنی ئەم وڵاتە لە پێش هەموو شتێکەوە بەندە بە رێزگرتن لەمێژووی پڕ سەروەریمان، پێویستە رێزبگرین لە خەبات و فیداکاری شەهیدەکانمان و پێشمەرگەکانمان، ئەو مرۆڤانەی کە بەگیانی خۆیان ئەم ئازادیی و ئاوەدانییەی وڵاتیان پاراستووە.

سەبارەت بە گرنگی بە پارێزگابونی هەڵەبجەش سەرۆک کۆمار گوتی: بێگومان بە پارێزگا بونی هەڵەبجە پەیامێکی گرنگ بوو، پەیامی بایەخی حکومەتی هەرێم کوردستان بو، پەسەندکردنیشی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بەهەمان شێوە هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەهیواین لەمەودوا دەستی ئاوەدانی زیاتر و خزمەتکردنی زیاتر بەم ناوچەیەوە دیار بێت و بتوانین بەهەمومان چ لە هەرێم چ لەبەغداوە حەقی مەینەتی و مەزوڵومیەتی هەڵەبجە بدەینەوە.

سەرۆک بەرهەم ساڵح دووپاتیکردەوە عیراق وڵاتێکی پڕ مەینەتی و کێشمە کێش و بێنەو بەرە بووە، عیراق زوڵمی زۆری تیادا رووی داوە، ئەمڕۆ لە قازانجی خەڵکی کوردستانە لە قازانجی پێکهاتەکانی ترە هەموومان پێکەوە هاوکارو هەماهەنگ بین بەپشت ئەستوری و پشت بەستن بەدەستوری عیراق. بۆئەوەی مافەکانی پێکهاتەکانی عیراق پارێزراوبێت و دەبێت نەهێڵین جارێکی تر ئەو زوڵم و زۆرەی رابردوو ئەو ستەم و دوژمنکارییەی رابردوو دووبارەبێتەوە، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە خەڵکی هەڵەبجە، خەڵکی بەسرەو مەحاویل خەڵکی لێقەوماوی موسل هەموومان هاوکارو هەماهەنگی یەکتربین بۆ ئەوەی خێروبێری ئەم وڵاتە بۆ هەموو پێکهاتەکانی بێت و نەهامەتیەکانی رابردوو دووبارە نەبێتەوە.

دواتر لە کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ پارێزگار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگای هەڵەبجە سەرۆک کۆمار گوێی لە داواکاریی و گیروگرفتەکانیان گرت. لە کۆبونەوەکەدا بە ئامادەبونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆی ورد کرا لەبارەی شایستە قانونی و دەستورییەکانی پارێزگای هەڵەبجە لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لەو بارەیەوە سەرۆک کۆمار روونیکردەوە کە لەبەغداد لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵیی رادەسپێرێت تا باشترین خزمەتی هەڵەبجە بکرێ. هاوکات بەڕێزیان تەئکیدی کردەووە لەسەر گرنگی دانانی بەرنامەو پلانی گونجاو بۆ پرۆژەی بازرگانی و کشتوکاڵی لە ناوچەکەدا بە تایبەتی لە دەشتی شارەزوردا کە زۆر لەبارە بۆ پرۆژەی کشتوکاڵ، سەرۆک بەرهەم ساڵح بەڵێنیدا کە پشتگیری تەواوی ئەو پرۆژە بازرگانیی و کشتوکاڵییانە بکات لە روانگەی شایستەکانی هەڵەبجە لای حکومەتی فیدراڵ، پێویستی پشتگیری کردنی مادیی و مەعنەوی پارێزگای هەڵەبجەشی دووپاتکردەوە.

پاشان هەر ئەمڕۆ بەڕێز سەرۆک کۆمار لە میانەی سەردانەکەیدا چاویکەوت بە نوێنەرانی جوتیارانی ناوچەکە کەلەرێی سەرۆکایەتی کۆمارەوە داواکاریی خۆیان بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانی جوتیاران خستە رو کە دەبێت حکومەتی فیدراڵ پێیان بدات، سەرۆک بەرهەم بەڵێنی بە نوێنەری جوتیاران دا کە لایەنە پەیوەندیدارەکان رادەسپێرێت بۆ گەڕانەوەی شایستە داراییەکانیان.

  

 


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان