سه‌رۆك كۆمار له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ نادیه‌ مراد دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا سه‌ركه‌وتنی هه‌موو گه‌لانی جیهانە

2018/12/12

ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠١٨/١٢/١٢ بەڕێز سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغداد لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێکدا كه‌ لە رێورەسمی رێزلێنان و پێشوازیکردن لە خاتوو نادیە موراد چالاکوانی ئێزدی کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە، ئاماژەیکرد بۆ چەندین لایەنی گرنگی سەرکەوتنی خاتوو نادیە بۆ ئەم خەڵاتە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە خانمی یەکەم خاتوو سەرباخ ساڵح و ژمارەیەک لە خانەوادەی قوربانیانی ڕوداوی کۆمەڵکوژییەکەی سپایکەر و تاوانەکانی تری داعش و تاوانەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و نوێنەرانی ئاینی و ژمارەیەک لە باڵیۆز و نێردە دیپلۆماتییەکان لە عێراق ئامادەی بوون، سەرۆک کۆمار خۆشحاڵی زۆری دەربڕی بۆ ئەوسەرکەوتنەی کە چالاکوان نادیە موراد بەدەستی هێناوە لە گەیاندنی نەهامەتی و مەینەتی خه‌ڵكی عێراق بە گوێی جیهاندا کە لەسەر دەستی تیرۆر و دڕندەیی داعش چەشتویانە، لە وتارەکەیدا سەرۆک کۆمار رایگەیاند خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی ڕێز لێنان و هاوسۆزی جیهان دەردەخات بەرامبەر به‌و كه‌سانه‌ی بونه قوربانی تاوانه‌كانی داعش لە عێراقدا.

بەڕێزیان لە بەشێکی تری وتارەکەیدا رایگەیاند، هەموو عێراقییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە تا ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور بەشدارییان کردووە لە بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنە بەسەر گروپی داعشی تیرۆریستدا، ئەوەشی دووپاتکردەوە کە دەبێت ئەم سەرکەوتنە سەربازییە بەردەوام بێت و لە ئاستەکانی سیاسی و خزمەتگوزاری و ئابوورییدا ڕەنگ بداتەوە بەو جۆرەی ژیانێکی شایه‌سته‌ و سه‌ربه‌ز بۆ ڕۆڵەکانی گه‌له‌كه‌مان و ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتوومان دەستەبەر بكات، هه‌روه‌ها داوای لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد ناکۆکی و دووبەرەکی وەلابنێن و تواناکان یەکبخەن بۆ بەرەنگار بونەوەی تیرۆر، هاوکات بایەخی یەکڕیزی دووپاتکردەوە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی بیری توندڕەویی.

بەڕێز سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا ئاماژەیکرد بۆ ئەو سەرکەوتنە مەزنەی به‌ ده‌ست هاتووه‌ بەسەر داعشدا کە سەرکەوتنی هەموو ناوچەکە و جیهانیشە، چونکە ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ بووه‌ فاکتەری دورخستنەوە و پاراستنی هەموو وڵاتان و گەلان لە مەترسییەکانی تیرۆر لێكه‌وته‌كانی، هەر لە میانەی وتارەكه‌یدا سەرۆک کۆمار سوپاس و پێزانینی پێشکەشکرد بە مەرجەعیەتی ئاینی کرد کە تیرۆر و (داعش) دژی عێراقییەکانی ئیدانە کرد بە تایبەتی ئایەتوڵا عوزما سەید عەلی سیستانی کە هەڵوێستی جوامێرانەی نیشاندا بەرامبەر ئێزدییەکان و مەینەتییەکانیان، هاوکات بەڕێزیان داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد ئەو کارەساتەی لە سێی ئابی ٢٠١٤ دا بەسەر ئێزدییەکاندا هات بە یاسایه‌ك بە تاوانی جینۆ ساید (کۆمەڵکوژی) بناسێنێت.

لە وتارەکەیدا، بەڕێز سەرۆک بەرهەم ساڵح دووبارە پیرۆزبایی لە خاتوو نادیە کردەووە بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتەکە و بەدەستهێنانی باڵیۆزی نەتەوەکگرتوەکان بۆ نیازپاکی ، ئەو خەڵاتە کە وەریگرتووە مافێکی سروشتی خۆی و رۆڵە و پێکهاتەی ئێزدییەکانە ، کە روبەڕووی تاوانێكی گه‌وره‌ بونەتەوە و مرۆڤایەتی لە ئاستیاندا شەرمەزارە، هاوکات ئاسەوار و بەرکەوتەکانی ئەو تاوانانە تا ئێستاش نەسڕاونەتەوە و ساڕێژنەبوون "هەروەها روونیکردەوە کە نادیە موراد نوێنەرایەتی خۆی ناکات بە تەنیا بەڵکو دەنگی زوڵاڵی زۆربەی کچانی ڕەگەزەکەی خۆیەتی لە عێراق و سەرانسەری جیهان لەو بارەیەشەوە سەرۆک بەرهەم ساڵح پێویستی پشتیوانیکردنی بانگەواز و دەستپێشخەرییەکەی دووپات کردەووە بۆ ئاوەدەنکردنەوە ئه‌و شارانەی بە جەنگ وێران بوون .

پاشان خاتوو نادیە موراد له‌ وتەیەکەدا لەبەردەم ئامادەبووان سوپاس و پێزانینی زۆری خۆی پێشکەش بە سەرۆک کۆمار كرد بەرامبەر ئەو پێشوازی و پشتیوانییەی بەڕێزیان پێشکەشیان کردووە، لەو بارەیەشەوە رایگەیاند که‌ ئه‌و خەڵاتەی کە بەدەستم هێناوە بە گەورەترین خەڵاتی نێودەوڵەتی دادەنرێت، پێشکەش دەکات بە هەموو قوربانیانییه‌كانی دەستی تاوانەکانی (داعش) بە تایبەتی بۆ ژنانی ئێزدی، هه‌روه‌ها وتی "بە خەڵاتی نۆبڵەوە هاتووم بۆ بەغداد تا بە هەموو عێراقییەکان بڵێم ئێوە باشترین خەڵکی ئاشتیخوازن لەگەڵ یەکتردا تەبا و یه‌ك ده‌ست بن.

ئەوەیشی وت "سەرەنجام ئیرادەی چاکە بەسەر شەڕخوازیدا سەرکەوت، ئازادییش بەسەر کۆیلایەتیدا سەرکەوت و بە هەموو عێراقییەکان دەڵێم ئێمە قوربانی دەستی یەک تیرۆرین، هەروەها داعش ئەقڵێکی تەکفیرییە ، خاتو نادیە لە وتەکەیدا لەگەڵ ئەوەی داوایکرد عێراقییەکان یەکگرتوو بن، سوپاسی خۆی پێشکەشی مەرجەعیەتی ئاینی لە نەجەفی کرد بە تایبەتی ئایەتوڵا عوزما سەید سیستانی لە بەرامبەر پشتیوانیکردنیان لە ئێزدییان، هاوکات داوای لە زانایانی ئاینی عێراق و ناوچەکە کرد هەمان رۆڵ ببینن.

لە میانەی وتەکەیدا چالاکوانی ئێزدیی خاتوو نادیە موراد کە خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی پێ بەخشراوە ئاماژەیکرد بۆ گرنگی پێکهێنانی تیمێکی پسپۆڕ و شارەزا بە هاریکاریی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی بگەڕێ بە دوای کچ و ژنانی تری ئێزدی ڕفێنراودا و بەشداری بکات لە سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی قەزای شەنگال و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکی و پێویستەکان.

لە کۆتاییدا بەڕێز سەرۆک کۆمار خوازیار بوو کە هاووڵاتییه‌كی تری عێراقی خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت بەڵام ئەمجارەیان لە پای دەستکەوت و داهێنانێک کە خزمەتی مرۆڤایەتی بکات نەک لەئەنجامی کارەسات و مەینەتی و روداوی ناخۆش و لەو بابەتانە. 

 هەر لەو ڕێوڕەسمەدا ئامادەبووان نوێنەرانی خانەوادەی قوربانیانی سپایکەر و ئەنفال و هەڵەبجە خۆشحاڵی و ڕێزی خۆیان بۆ چالاکوانی ئێزدی دەربڕی، دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک کۆماریان بەرز نرخاند بۆ ئەو رێزگرتنە بەهادارەی لە خاتوو نادیە کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتن بەسەر داعشدا، هاوکات بایه‌خی یه‌ك ده‌نگی و یەکڕیزییان بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ی تیرۆری به‌ گرنگ زانی لە پێناو ئارامی و ئاشتی بۆ وڵات.

لە کۆتاییشدا سوپاسی سەرۆک کۆماریان کرد کە گوێی لە داواکارییەکانیان گرت و بەڵێندا بە هاریكاری هەردوو دەسەڵاتی حکومی و پەرلەمانی و لایەن پەیوەندیدارەکان کار بکرێت بۆ جێبەجێکردنی داخوازییەکانیان.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان