سه‌رۆك كۆمار له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا باسی له ‌په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵیه‌كان كرد

2019/02/06

سه‌رۆك كۆمار: عێراق په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیتاڵیا و وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێت


سه‌رۆك كۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ ٦|٢|٢٠١٩ له‌ كۆشكی سه‌لام له ‌به‌غدا پێشوازیكرد له ‌سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا جۆزیبی كۆنتی و شاندی یاوه‌ری.

سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح له‌میانی ئه‌و دیداره‌دا جه‌ختی له‌ گرنگی په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان و به‌ هێزكردنی ئاستی هاریكاری نێوان هه‌ردوو وڵات كرده‌وه‌ به‌جۆرێك كه ‌خزمه‌ت بە به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو گه‌لی عیراق و ئیتاڵیا بکات، هاوكات خواستی عێراقیشی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی كاریگه‌ر و پێشكه‌وتوو له‌گه‌ڵ ئیتاڵیا و وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌گشتی نیشاندا.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌ی به‌ خواستی عێراق کرد بۆ کرانه‌وه‌ به‌ڕووی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ناوچه‌كه‌ و جیهان له‌ پێناو ره‌خساندنی که‌شێکی له ‌بار بۆ بوژانه‌وه‌ی عێراق به‌تایبه‌ت دوای سه‌ركه‌وتنی له‌ جه‌نگی‌ دژ به‌ تیرۆردا.

هه‌ر له‌میانی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح بەشداریكردنی ئیتاڵیا له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی به‌ تیرۆر و پشتیوانیكردنی له ‌هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق و هاریكاری له ‌چه‌ندین پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریدا به‌رز نرخاند.

له‌لای خۆیه‌وه‌ جۆزیبی كۆنتی پشتیوانی ئیتاڵیای بۆ هه‌وڵه‌كانی به‌رنگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و خواستی وڵاته‌كه‌شی بۆ به‌هێزكردنی هاریكاری دووقۆڵی نێوان هه‌ردوو وڵات نیشاندا، هاوكات خۆشحاڵی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراق و سه‌قامگیری و ئارامی عێراق ده‌ربڕی.

هه‌روه‌ها له‌میانی دیداره‌كه‌دا گفتوگۆكرا له ‌باره‌ی دۆسیه‌كانی ئابووری، بازرگانی، وه‌به‌رهێنان و چۆنیه‌تی كاراكردنیان له ‌گشت بواره‌كاندا.

هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار بە ئاماده‌بوونی سه‌رۆك وه‌زیران عادل عه‌بدولمه‌هدی و سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی مدحه‌ت مه‌حمود نێوه‌رۆ خوانێكی له‌ سه‌ر شه‌ره‌فی جۆزیبی كۆنتی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا و شاندی یاوه‌ری رێکخست.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان