سەرۆك كۆمار: تەئكید لە گرنگی بە بەڵگەكردنی تاوانەكانی داعش دەکاتەوە

2019/02/11

سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح تەئكیدیكردەوە لە پێویستی پەلەكردن لە كۆكردنەوە و پاراستنی ئه‌و بەڵگانه‌ی كە تاوانەكانی داعش ده‌سه‌لمێنن، بۆ ئه‌وه‌ی پێشکه‌ش به‌ دادگا نێودەوڵەتی و تایبەتەكان بکرێن. 
 
سه‌رۆك كۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئەمڕۆ دووشەممە شەممە ١١|٢|٢٠١٩ له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوزایكرد لە كەریم خان راوێژكاری نەتەوەیەكگرتووەكان و سەرۆكی تیمی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش و شاندێكی یاوه‌ری. 

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار جەختی کرده‌وه‌ لە رۆڵی كارای نەتەوەیەكگرتووەكان و گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بۆ بە بەڵگەكردنی ئەو تاوانانەی كە دەرهەق بە گەلی عێراق ئه‌نجامدراون‌، هه‌روه‌ها بە هاناوەچوونی ئەو كه‌سانه‌ی كە لەجه‌نگی داعشدا بوونه‌ته‌ قوربانی.

سەرۆك به‌رهه‌م ساڵح ئاماژەی به‌وه‌ كرد که‌ هاووڵاتیانی عێراق بە تەواوی پێكهاتەكانیەوە بوونه‌ته‌ قوربانیی دەستی داعش و توندوتیژی رێكخراوه‌ تیرۆریستیەكان، كە ئەمەش هەوڵی هاوبەش و هەماهەنگی جددی دەوێت بۆ زامنكردنی رێوشوێنەكانی لێكۆڵینەوەی گشتگیر و باوەڕپێكراو كە لەگەڵ پێودانگە نێودەوڵەتییەكان بێتەوە لە پێناو دیاریكردنی ناسنامەی تیرۆریستانی داعش كە زۆرترین بەرپرسیارییەتی تاوانەكانیان لە ئەستۆیە و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ گوێره‌ی به‌ڵگه‌کان بدرێنە دادگا.

لەلای خۆیەوە راوێژكاری نەتەوەیەكگرتووەكان وردەكاری تەواوی کاره‌کانی خۆیان پێشكەشی سەرۆك كۆمار كرد لەو هەوڵانەی كە رێكخراوە نێونەتەوەییەكان دەینێن بۆ بەدواداچوون و بە بەڵگەكردنی ئەو تاوانانەی كە رێكخراوه‌ تیرۆریستیەكان دەرهەق بە هاووڵاتیانی عێراقی كردویانە بە جیاوازی نەتەوە و مەزهەب و كاركردن لەگەڵ رزگاربووان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بۆ ئەو مەبەستە.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان