سەرۆك بەرهەم: عێراق بەو پێگە ستراتیژی و سەرچاوانەی كە هەیەتی لە توانایدایە ببێتە گۆڕەپانێك بۆ بە یەكگەیشتنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتان و گەلانی ناوچەكە نەك گۆڕپانێك بۆ ململانێ و پێكدادان

2019/02/24

سەرۆك كۆماری عێراق: عێراق ڕۆڵێكی پێشەنگی گێڕاوە لە بەگژاچونەوەی تیرۆر و توندڕەوی

سەرۆك كۆماری عێراق بەشداری دەكات لە كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی- ئەوروپی


ئەمڕۆ ٢٤|٢|٢٠١٩ كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی-ئەوروپی بە بەشداری سەرۆك كۆماری عێراق و زیاتر لە سەرانی (٥۰)وڵاتی ئەوروپی و خۆرهەڵاتی ناوەراست لە هاوینە هەواری شەرم شێخ لە میسر دەستی پێكرد كە تیایدا پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتانی ئەوروپا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بابه‌تی چارەنوسسازەكانی ناوچەكە و جیهان و چەندین بابه‌تی هەنوكەیی تر تاوتوێكرا لە ناویشیاندا پەتای تێرۆر و لێشاوی كۆچی نایاسای و ململانێ و ئاڵۆزییە سیاسییەكانی ناوچەكە و ئەو هەوڵانەی دەنرێت لە پێناو هێنانەدی سەقامگیری و ئارامی و سەرخستنی پرۆسەی بنیادنانەوەی ناوچەی خۆرهەڵای ناوەراست.

لەو كۆبوونەوەی لوتكەدا د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ووتارێكی گرنگی پێشكەشكرد كە گوزارشت بوو لە دیدوتێروانینی نوێی سیاسی لە عێراق و تیایدا ئاماژەی كرد بەو ئاستەنگ و ئاڵەنگارییانەی كە عێراق بەهۆی نائارامی و بەتای تیرۆر ڕووبەرووی بۆتەوە.
 
سەرۆك بەرهەم رایگەیاند زمانی دیالۆگی هەمیشەی و تێگەیشتن و كاری هاوبەش لە نێوان نەتەوەكاندا تەنیا بژاردەیەك نییە بەڵكو ئامرازێكە كە لە توانایدایە ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی بپارێزێت و زەمانەتێكە كە هەمووان پێكەوە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری زۆر لە هەموو ئاستەكاندا ببینەوە.
 
سەرۆك كۆماری عێراق ئاشكرای كرد عێراق ڕووبەڕووی هەڕەشەكانی تیرۆر بووە كە خۆی لە گروپی داعشدا بینیەوە و لە ڕێگەی پەیڕەوكردن و كاركردن بە پرەنسیپی هاوكاری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی توانی شكستی پێبهێنێت، راشیگەیاند ئەو سەركەوتنە بەری ئیرادەی عێراقییەكان بوو بۆ بەرگریكردن لە وڵات و شارەكانیان بەوپەڕی شەرەف و ئازایەتی، كۆشش و پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دراوسێكانی عێراق ڕۆڵێكی كاریگەریان هەبوو لەو جەنگەدا كە لەبیر ناكرێت، هەر ئەوەشە كە جەخت لە بەهای هاوكاریكردن دەكاتەوە لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی كۆسپ و بەربەستەكاندا.

لە بەشێكی تری وتارەكەیدا سەرۆك بەرهەم وتی لە عێراق درك بەوە دەكەین كە سەركەوتنی ڕاستەقینە بەسەر هەڕەشە ڕاستەوخۆكانی تیرۆر و هزرە توندڕەوەكەیدا وا دەخوازێت كە ئێمە و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان كاری زیاتر بكەین بۆ ئەوەی سەركەوتنەكە سەركەوتنێكی چەسپیو و یەكلاكەرەوە و بەردەوام بێت. 

سەربارەت بە دۆخی سوریاش سەرۆک كۆماری عێراق داویی كرد كە پێویستە كۆتایی بە كارەساتی سوریا بهێنرێت و كۆششەكان یەكبخرێن بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆر و بەهێزكردنی هەلەكانی گەیشتن بە چارەسەری سیاسی پشت ئەستور بە ئیرادەی ئازادی نیشتمانیانەی خودی سورییەكان. 

سەرۆك كۆماری عێراق بەشێكی تری وتارەكەی تەرخانكرد دەربارەی دروستكردنی سیسته‌می ئیقلیمی و رایگەیاند نا ئارامییەكان سنورەكان تێدەپەرێنن و دوورتر دەرۆن ، بۆیە پێویستە سیسته‌مێكی هەرێمی و ئەمنی و ئابووری هەبێت بەمەبەستی هەماهەنگی و هاریكاری زیاتری نێوان وڵاتانی ناوچەكە بەو مەرجەی سەروەری وڵاتان تیایدا پارێزراوبێت. 

سەرۆك كۆمار ئاماژەی كرد بەوەی كە عێراق ماوەیەكی زۆر كەمە لە جەنگی دژە تیرۆر دەربازی بووە و داوای كرد كە گرنگترین كارەكان بكرێت بۆ سەركەوتنی زیاتر كە ئەویش خۆی لە بنیاد نانەوە و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتوەكانی دەستی داعش دەبینێتەوە.

سەرۆك كۆماری عێراق ئاماژەی كرد بەوەی عێراق ڕۆڵێكی پێشەنگی گێڕاوە لە بەگژاچونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و بەو پێگە ستراتیژی و سەرچاوانەی كە هەیەتی لە توانایدایە ببێتە گۆڕەپانێك بۆ بە یەكگەیشتنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتان وگەلانی ناوچەكە نەك گۆڕپانێك بۆ ململانێ و پێكدادان. 

لە بەشێكی تری وتارەكەیدا سەرۆك بەرهەم هیوای خواست بەشدارییەكی كاراو چالاك هەبێت بۆ دامەزراندنی سیستەمێكی نوێ و سەقامگیر لە ناوچەكە كە كۆڵەكەكانی بریتی بن لە ئاسایشی هاوبەش و تەواوكاری ئابوری لە ڕێگەی پێكەوەگرێدانی ژێرخانەكان و داماڵینی هۆكارەكانی ململانێ و نائارامی.
 
لە ڕێگەی ئەو كۆبوونەوەی لوتكەوە سەرۆك بەرهەم ساڵح داوای هاوكارییەكی گشتگیری كرد كە ببێتە هۆی چەسپاندنی بەرژەوەندی دوولایەنە لە گەشەپێدان و ئاسایش لە نێوان وڵاتانی دراوس و هەردوو بەری دەریا لە ناوچەكە كە ئەوانیش وڵاتانی كەنداو دەریای ناوەڕاستن، دووپاتی كردەوە هەر كاتێكیش ئەو بەشە زیندووەی جیهان لە ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا بێت ئەوا سەقامگیری جیهانیش پشت بەم ناوچەیە دەبەستێت.

دەقی وتاری سەرۆک کۆمار:

بە ناوی پەروەردگاری بەخشندە و میهرەبان

فەخامەتی برا سەرۆك عەبدول فەتاح سیسی سەرۆكی كۆماری میسری عەرەبی بەڕێز
به‌رێزان خاوەن شكۆ و فەخامەتی بەڕێز دۆناڵد توسك سەرۆكی یەكێتی ئەوروپای بەڕێز
بەڕێز ژان كلود یونكر سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپی بەڕێز
فەخامەتی بەڕێز ئەحمەد كوڕی غەیت سكرتێری گشتی كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی بەڕێز
بەڕێزان و هێژایانی ئازیز
خوشك و برایانی ئامادەبووی خۆشەویست

سڵاو و ستایشی پەروەردگارتان لێ‌ بێت

جێگەی شانازییە بۆ ئێمە كە لێرە ئامادەین، لەسەر خاكی میسری خۆشەویست، لەم كۆبوونەوەی لوتكەدا، كە بە پێویست و گرنگی دەزانین لەم دۆخە ناسكەدا ئه‌نجام بدرێت، هیوادارین هەمووان پێكەوە بگەینە دەرئەنجامێكی پراكتیكی كە یارمەتیدەر بێت بۆ زیاتر پەرەپێدانی مەودای لێكتێگەیشتن و هاریكاری لە نێوان وڵاتەكانماندا، لە هەردوو جیهانی عه‌ره‌بی و ئەوروپیشدا.
 
زمانی دیالۆگی هەمیشەی و تێگەیشتن و كاری هاوبەش لە نێوان نەتەوەكاندا بژاردەیەك نییە بە ئارەزووی خۆمان هەڵیبژێرین بەڵكو ئامرازێكە كە لە توانایدایە ئاسایش و ئاشتی نێوان نێودەوڵەتی بپارێزێت و زەمانەتێكە كە هەمووان پێكەوە لە جیهانێكدا بژین كە رووبەڕووی ئاڵەنگاری زۆر لە هەموو ئاستەكاندا دەبێتەوە، جیهانێكە كە پێویستی بە كاری تەواوكەرانەی نێوان هەموو لایەنەكان و وەبەرهێنانی دروستی سەرچاوەكانیەتی، نەك پێكدادان و ململانێ.

خاڵە هاوبەش و مێژووییەكانی نێوان دراوسێیانی عەرەب و وڵاتانی ئەوروپاو پێدراوە جیۆسیاسیەكانی پەیوەندیدار بەو دراوسێیەتیە و پێداویستیە ئابوورییەكان و تەواوكاری كلتوری خۆیان بەسەر هەموواندا دەسەپێنن و پاڵپشتێكن بۆ كاری هاوبەش تاكو گەلەكانمان بەرەو دواڕۆژ هەنگاو بنێن. 

ئاڵەنگارییەكانی تیرۆر و توندوتیژی و كۆچ و بێكاری لە بەردەمی وڵاتانی ناوچەكەیە و لەگەڵیاندا ئاڵۆزی سیاسی لە هەموو شوێنێك هەن و رەنگە ئەوە ئاماژەیەك بێت بۆ رودانی خراپتر، دۆستە ئەوروپیەكانیشمان بەرەنگاری و ئاڵەنگاری زۆر لە ئاستە جیاوازەكاندا رووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام ئێمە هەموومان لە ئایندەیەكی گەش دەڕوانین بۆ پتەوكردن و پەرەپێدانی كاری هاوبەش و بەگەڕخستنی هەموو هەوڵ و كۆششەكان لە پێناوی هاوكارییەكی ئەوروپی عەرەبی كە مایەی سەقامگیری جیهانی بێت و بەشدار بێت لە گەشەپێدان و پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەكان و ریشەكێشكردنی سەرچاوەكانی تیرۆر و توندڕەوی.

من لە عێراقەوە هاتووم كە بە بەرپرسیارێتیەوە رووبەڕووی هەڕەشەكانی تیرۆر بۆوە كە خۆی له‌ گروپی داعشدا بینیەوەو لە رێگەی پەیڕەوكردن و كاركردن بە پرەنسیپی هاوكاری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی توانی شكستی پێبهێنێت، ئەو سەركەوتنە بەری ئیرادەی گشت هاووڵاتیانی عێراق بوو بۆ بەرگریكردن لە وڵات و شارەكانیان بەوپەڕی شەرەف و ئازایەتی، كۆشش و پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دراوسێكانی عێراق رۆڵێكی كاریگەریان هەبوو كە لەبیری ناكەین، هەر ئەوەشە كە جەخت لە بەهای هاوكاریكردن دەكاتەوە لە بەرەنگاربوونەوەی كۆسپ و بەربەستەكاندا.

بەڵام ئێمە لە عێراق درك بەوە دەكەین كە سەركەوتنی راستەقینە بەسەر هەڕەشە ڕاستەوخۆكانی تیرۆر و هزرە توندڕەوەكەیدا وا دەخوازێت كە ئێمە و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان كاری زیاتر بكەین بۆ ئەوەی سەركەوتنەكە سەركەوتنێكی چەسپیو و یەكلاكەرەوە و بەردەوام بێت، هێزی سەربازی و رێوشوێنە ئەمنیەكان گرنگ و بناغەیین بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر، بەڵام دەست پێشخەری كلتوری و حوكمڕانی ژیرانە كاری هەرە گرنگ و لە پێشینەن بۆ ووشككردنی سەرچاوەكانی بیری توندڕەویی. 

كارێكی لەو جۆرەش پێویستی بە یەكخستنی كۆششی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و جێبەجێكردنی جددیی و یەكلایی كەرەوەی سیاسەتەكانی بەگژاچوونەوەی تیرۆر و سەرچاوەكانی دروستبوونیەتی بە هەموو شێوەكانی، ئەوەش پێویستی بە هاوكاریی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیە بۆ وشككردنی سەرچاوە هزری و داراییەكانی تیرۆر.

رەنگە بوونی بەردەوامی مۆڵگەكانی ململانێ و تیرۆر لە ناوچەكەدا هۆكارێك بێت بۆ دروستبوونی ژینگەیەكی گونجاو بۆ كۆبوونەوە و بڵاوبوونەوەی تیرۆر، ئەوەش مەترسیەكی راستەقینەیە بۆ سەر وڵاتان و گەلانی ناوچەكە كە كاریگەری لەسەر هەموو جیهان دەبێت بە تایبەت وڵاتانی ئەوروپا كە درواسێ راستەقینەكەمانن. 

پێویستە كۆتایی بە كارەساتی سوریا بهێنرێت و كۆششەكان یەكبخرێن بۆ ریشەكێشكردنی تیرۆر و بەهێزكردنی هەلەكانی گەیشتن بە چارەسەری سیاسی پشت ئەستور بە ئیرادەی ئازادی نیشتمانیانەی خودی سورییەكان.
 
لیبیا كە هاوكەناری ئەوروپایە دوای هەموو ئەو نەهامەتیانە گەلەكەی شایەنی ئەوەیە بە سەقامگیری بژی و دەوڵەتێكی دیموكراسیانە بونیاد بنێت. 

پێویستە بە شێوەیەكی بەرپرسانە كاربكەین بۆ ئەوەی بە چارەسەرێكی دادپەروەرانە بگەین بۆ كێشەی گەلی فەلەستینی و دەوڵەتێكی سەربەخۆ لەسەر خاكی نیشتمانەكەی لەسەر بناغەی شەرعیەتی نێودەوڵەتی و بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش دابمەزرێنێت و زەمانەتێك بێت بۆ ئاشتیەكی چەسپیو و رەگ داكوتاو.

ئێمە بڕوامان بە گرنگی كۆتایی هێنان بە نەهامەتیەكانی گەلی یەمەن هەیە لە رێگەی بەهێزكردنی هەلەكانی ئاشتی و دیالۆگێكی نیشتمانیانەی بونیادنەرانە.

خوشك و برایان تەنیا ئێمە نین كە بەهۆی نائارامییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە زیانمان بەركەوتبێت. دەرەنجامەكانی ئەو نائارامییە لە سەر سنورەكانمان ناوەستن بەڵكو دوورتر و زیاتر دەڕۆن، چارەسەریش له‌ سیسته‌می هەرێمی و ئەمنی و ئابووریدایە كە بەند بێت بە رێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و مافەكانی گەلانی ناوچەكە و بەرژەوەندییە سەرەكیەكانمان لە گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی بوارەكانی ئابووریمان و رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان و برەودان بە تواناكانی ژنان كە هۆكارێكن بۆ وەبەرهێنانی ووزە گەشەكردووەكانی مرۆڤ بە ریتمێكی ئێجگار خێرا كە دەبنە مایە دابینكردنی گەشەپێدانێكی بەردەوام و سنورداركردنی هۆكارەكانی كۆچكردن.

عێراق ماوەیەكی زۆر كەمە لە شەڕی دژ تیرۆر هاتووه‌تە دەرەوە و لەو باوەڕەدایە كە ئاوەدان كردنەوە و بونیادنانەوە لە هەموو بوارەكاندا گرنگترین كارێكی شایستەن كە یارمەتیدەرە بۆ چەسپاندنی سەركەوتن، بۆ شان خستنە بەر ئەو كارەش پێویستە خێرا و دەستبەجێ دەستبكەین بە ئاوەدانكردنەوەی گوند و شارە وێرانكراوەكان و چالاككردنەوەی وەبەرهێنان و جێ‌ بە جێكردنی پرۆژەكان ئەوانەش هۆكارێكن بۆ دووبارە گەڕانەوە ئاوارەكان، چونكە ئەو كارە ژینگەیەكی لەبار دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی خەڵكی بگەڕێنەوە بۆ شارەكانیان و لە ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكەیاندا بەشداری بكەن.

ئەوەش بەرژەوەندییەكی هاوبەشی نێوان عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و ئەوروپا و هەموو جیهانە لە رووی كەڵكی ئابوورییەوە كە كارەكانی وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوە دەیڕەخسێنن لەگەڵ سنورداركردنی كۆچ كە پێداویستی ئاسایشی ئەوروپی و نێودەوڵەتی و چارەسەركردنی دیاردەی كۆچ و لێكەوتەكانی وابەستەن بە چارەسەركردنی هۆكارەكانیان لە ناوچەكە و دابینكردنی ژینگەیەكی نێودەوڵەتی كە پشتیوانی لە ریفۆرم و ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانێكی بەردەوام بكات.

عێراق رۆڵێكی پێشەنگی گێڕاوە لە بەگژاچونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و بەو پێگە ستراتیژی و سەرچاوانەی كە هەیەتی لە توانایدایە ببێتە گۆڕەپانێك بۆ بە یەكگەیشتنی بەرژەوەندیەكانی وڵاتان و گەلانی ناوچەكە نەك گۆڕپانێك بۆ ململانێ و پێكدادان. عێراق بە قوڵایی عەرەبی و كەنداو و بە دراوسێكانی لە وڵاتانی ئیسلامی و بەو سەرچاوە سروشتی و مرۆییانەی كە هەیەتی لە توانایدایە لایەنێكی كارا بێت بۆ كۆكردنەوەی لایەنە جیاوازەكان و كەمكردنەوەی نائارامییەكان.
 
تێڕوانینمان بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و ئیستحقاقی گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوە بەندن بە پاراستنی سەروەری و سەقامگیری عێراق و دورخستنەوە و بەدوور گرتنی لە سیاسەتی میحوەرەكان و تەنیا و تەنیا لایەنگری ئاسایش و ئاشتی و ئاوەدانكردنەوە و سەرەوەی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە بێت، لە بەرئەوە بە هیوای بەشدارییەكی كاراو چالاكین بۆ دامەزراندنی سیستەمێكی نوێ و سەقامگیر لە ناوچەكە كە كۆڵەكەكانی بریتی بن لە ئاسایشی هاوبەش و تەواوكاری ئابووری لە رێگەی پێكەوەگرێدانی ژێرخانەكان و داماڵینی هۆكارەكانی ململانێ و نائارامی.
 
دراوسێ و دۆستانمان لە ئەوروپیەكان نەهامەتیەكانی هەر دوو جەنگی جیهانیان تێپەڕاند و بە ئەوروپایەكی ئازاد و پێشكەوتوو لێی دەرچوون ئەوەش لە رێگەی دامەزراندنی سیسته‌مێك لە بەرژەوەندی ئابووری و بەهای كلتوری و سیاسی هاوبەش. ناوچەكەی ئێمەش پێویستی بە تێپەڕاندنی نائارامییەكانی ئێستایە لە رێگەی هاوكاری ئابووری و ئاڵوگۆڕی كلتوری زیاتر كە سوودی بۆ هەموو لایەنەكان تێدایە.

بە درێژایی مێژوو لە هەردوو بەری دەریای ناوەڕاست شارستانی مەزن دروستبوون و وەك بەرپرسیارێتیەكیش بەرامبەر ئەو مێژووە و ئێستا دەبێت پێكەوە كار بكەین. لە كۆتاییدا لە رێگەی ئەم لوتكەیەوە داوای هاوكارییەكی گشتگیر دەكەم كە ببێتە هۆی چەسپاندنی بەرژەوەندی دوولایەنە لە گەشەپێدان و ئاسایش لە نێوان وڵاتانی دراوسێ و هەردوو بەری دەریا لە ناوچەكە كە ئەوانیش وڵاتانی كەنداو دەریای ناوەڕاستن، هەر كاتێكیش ئەو بەشە زیندووەی جیهان لە ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا بێت ئەوا سەقامگیری جیهانیش پشت بەم ناوچەیە دەبەستێت.

دیداری ئەمڕۆمان لەسەر خاكی میسر زیاد لە واتایەكی هەیە، ئەم خاكە لە پاڵ وڵاتی میزۆپۆتامیادا دێرینترین شارستانی مرۆڤایەتی لە ئامێزگرتوە، ئەڵقەی پەیوەندی نێوان هەردوو كیشوه‌ری ئاسیا و ئەفریقایە، وڵاتێكی كاریگەرە كە بەسەر دەریای ناوەڕاستدا دەڕوانێت و بەرامبەر كیشوه‌ری ئەوروپایە، ئەو پێگەیەش لە رابردودا ئەو توانایەی پێبەخشیوە كە رۆڵێكی شارستانی گەورە بگێڕێت و توانای ئەوەشی پێدەبەخشێت لە ئێستا و دواڕۆژیشدا رۆڵێكی گەورە بگێڕێت كە مایەی پتەوكردنی هاوكاری هەرێمی و دیالۆگی نێوان هەر سێ كیشوه‌ره‌كه‌ بێت.

شكۆی زیندو بۆ میسر و كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی .. كە شایستەی رێز و ستایشە.
ئەم هەوڵانەی ئەمڕۆ نامۆ نییە بە میسر و گەلی میسری شكۆدار كە بە دڵخۆشییەوە كۆی كردوینەتەوە و بڕوامان پتەو دەكات بە داهاتوی گەلە زیندوەكەمان.
سوپاس بۆ میسر
سوپاس بۆ بەڕێز سەرۆك
سوپاسی هەموو لایەكتان دەكەم

 


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان