له‌سه‌ر بانگهێشتی سه‌رۆك كۆمار.. كۆبونه‌وه‌ی ڕاوێژكاری نیشتمانی له‌كۆشكی سه‌لام ئه‌نجام درا

2019/02/27


له‌سه‌ر بانگهێشتی سه‌رۆك كۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممە ٢٠١٩/٢/٢٧ له‌كۆشكی سه‌لام له‌به‌غدا یه‌که‌م كۆبوونه‌وه‌ی ڕاوێژكاری نیشتمانی ئه‌نجام درا.

ووته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار لوقمان فه‌یلی ڕایگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كه‌ باسی له‌بارودۆخی وڵات و گۆڕانكارییه‌ ئه‌منی وسیاسییه‌كان و دوا پێشهاته‌كانی جه‌نگی دژی تیرۆر و هه‌ڵوێسته‌كانی تایبه‌ت به‌ بونی هێزی بیانی له ‌عێراق و ڕاده‌ی جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكومه‌ت و كاركردن بۆ وه‌لانانی گرفت وناكۆكییه‌كان كرد. 

هه‌روه‌ها فه‌یلی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ پێداگریان له ‌پێویستی گه‌ڵاله‌کردنی بۆچونێكی هه‌مه‌لایه‌ن کرد بۆ باشتر به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و ده‌سته‌به‌ركردنی خۆشگوزه‌رانی و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ نه‌هێشتنی به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌عێراقدا ، هاوكات باس له‌دانانی ئه‌و یاسایانه‌ کرا که‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیان و په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان.

ووته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح به‌شداربووانی له‌ئه‌نجامی كۆنگره‌ی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپی له ‌میسر و سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ فه‌ره‌نسا بۆ ئاماده‌بووان روونكرده‌وه‌ . 

هه‌روه‌ها فه‌یلی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ دورو درێژی باسی له‌گۆڕانكارییه‌كانی دۆخی ئه‌منی به‌تایبه‌تی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان وئاماده‌كاریه‌كانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌ كرد،هه‌روه‌ها عه‌بدولمه‌هدی پلانی حكومه‌تی بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆسێی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ ئاماده‌بووان رەونكرده‌وه‌، هاوكات سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران محه‌مه‌د حه‌لبوسی گرنگترین دۆسێیه‌كانی باس كرد كه‌ په‌رله‌مان له ‌خولی داهاتوودا گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌كات و له‌هه‌فته‌ی داهاتوودا ده‌ست به‌كاره‌كانی ده‌كاته‌وه‌. 

له‌درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ووته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار جه‌ختی كرده‌وه‌، كه‌به‌شداربووان تیشكیان خسته‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكی كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ و ژماره‌یه‌ك پێشنیاری باشیان پێشكه‌شكرد و جه‌ختیان له ‌پێویستی به‌رده‌وامی كۆبوونه‌وه‌كان بۆ نزیككردنه‌وه‌ی دید و بۆچونه‌كان بۆ نه‌هێشتن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ناكۆكی هێزه‌سیاسیه‌كان كرده‌وه‌، تاوه‌كو ببێته‌ هۆكاری چه‌سپاندنی پرنسیپه‌كانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری له‌ عێراقی فیدراڵدا.

هه‌روه‌ها فه‌یلی گوتی:به‌شداربووان پێداگریان كرد له‌ په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌په‌یوه‌ست بوون به‌لایه‌نه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ و دورخستنه‌وه‌ی وڵات له‌ بارگرژی وململانێی ناوچه‌یی و جیهانی و عێراقیش بكرێته‌ گۆڕه‌پانێكی به‌یه‌كگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی عێراق وپاراستنی سه‌روه‌ریش بكرێته‌ ده‌سپێكی كاری سه‌ركرده‌كانی عێراق .

شایانی باسه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ سه‌رۆكی (ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ،ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ،دادگای باڵا، دادگای فیدراڵی ) و سه‌رۆكی فراكسیۆن و پارته‌ سیاسییه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌ نیشتمانییه‌كان و نوێنه‌رانی پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان