سه‌رۆك كۆمار پێشوازیکرد له‌ سه‌رۆكی فه‌ڵه‌ستین

2019/03/04

(تەئکید له ‌به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییە مێژووییەکانی نێوان هه‌ردوو وڵات کرایەوە)

سه‌رۆك كۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ ٢٠١٩/٣/٤ له ‌كۆشكی سه‌لام له ‌به‌غدا پێشوازی له‌ سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فه‌ڵه‌ستین مه‌حمود عه‌باس و شاندی یاوه‌ری کرد.

دوای مەراسیمی پێشوازی پشکنینی پاسه‌وانی شه‌ره‌ف هه‌ردوو سه‌رۆک کۆبوونه‌وه‌، سه‌ره‌تای کۆبوونه‌وه‌که‌ سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح خۆشحاڵی خۆی به‌ سه‌ردانی سه‌رۆكی فه‌ڵه‌ستین بۆ عێراق ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه ‌عێراق هه‌میشه‌ له‌ پێشه‌نگی ئه‌و وڵاتانه‌ بووه‌ که‌ له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا پشتیوانی له‌ دۆزی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین کردووە.

پاشان هه‌ردوو سه‌رۆک باسیان له‌ پرسه‌ سیاسیه‌کانی ئێستای ناوچه‌که‌و چۆنیه‌تی یه‌کخستنی تواناکان کرد بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانکاری و پێشهاته‌کان به‌ قازانجی گه‌لانی ناوچه‌که‌و ئاشتی و سه‌قامگیری بشکێنه‌وه، هاوکات تەئکید له ‌به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییە مێژووییەکانی نێوان هه‌ردوو وڵات و پێویستی كاركردن بۆ په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە كرایەوە.

له‌ درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ی به‌گرنگی پاراستنی ئاشتی و لێبورده‌یی نێوان گه‌لان و ئایینه‌ جیاوازه‌کان کرد به‌ جۆرک که‌ شوێنه ‌ئاینیه‌کان به‌دوور بگیرێن له‌ هه‌ر ده‌ست درێژیه‌ك، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ پێویستی به‌هێزكردنی ئاراسته‌ی ئاشتی و پێداگری له‌ دیالۆگ بۆ به‌ده‌ست هێنانی خواسته‌كانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین کرده‌وه‌ .

له‌لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك عه‌باس پیرۆزبایی له‌ گه‌ل و حكومه‌تی عێراق كرد به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی به‌سه‌ر تیرۆریستانی داعش و رزگاركردنی ناوچه‌ داگیركراوه‌كاندا، هاوكات خواستی خۆشی بۆ‌ په‌ره‌پیدانی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان و هاوهه‌ڵوێستی گه‌لی فه‌ڵه‌ستینی بۆ عێراق له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا دووپاتكرده‌وه‌.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان