که‌سوکاری قوربانیانی کۆمەڵکوژی سپایکەر هه‌وڵی سه‌رۆک کۆمار به‌رز ده‌نرخێنن

2019/03/04


به‌ ڕێنوێنی سەرۆک کۆمار پڕۆژە یاسایه‌كی تایبەت به‌ کەسوکاری قوربانیانی سپایکەر ئاماده‌ ده‌کرێت

سەرۆک بەرھەم ساڵح ریگه‌یاند که‌ سه‌رۆکایه‌تی کۆمار  پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە قوربانیان تاوانی سپایکەر و بەشەھید تۆمارکردنیان ئاماده‌ ده‌کات، ھاوکات داواشی کرد  که‌ ئەنجومەنی نوێنەرانیش پرۆژه‌که‌  وەک وەفایەک بۆ کەسوکاری شەھیدانی سپایکەر په‌سه‌ند بکات.  

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠١٩/٣/٤ لەکۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لە کەسوکاری قوربانیانی کۆمەڵکوژی سپایکەر ، که‌ تیایدا ھەریەک لە وەزیری تەندروستی عەلا عەلوان و پەرلەمانتار فایەق شێخ عەلی ئامادە بوون.

لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح ئاماژەی کرد بەتاوان و کارەساتی کۆمەڵکوژی سپایکەر و دڵگرانی خۆیشی دەربری کە تا ئێستا وەک پێویست ئاوڕنەدراوەتەوە لەکەسوکاری قوربانیان، جەختیشی کردەوە کە ئەمە ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆیه‌و ئێمەش پێویسته‌ چاودێری دۆسیه‌کەیان بین و داواکاری کەسوکاریان جێ بەجێ بکەین.

ھەر له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا  سەرۆک بەرھەم ساڵح گوێبیستی نەھامەتیە پڕ ئازارەکانی کەسوکاری قوربانیان بوو لەگەڵ قەبارەی ئەو کارەساتەی کەبەدەست تیرۆریستانەوە دووچاری ھاتوون، دووباره‌  جه‌ختی له‌  ھاوخەمی و پشتگیری خۆی بۆ جێ بەجێکردنی داوا ڕەواکانیانی کردەوە.

شایانی باسە کەسوکاری  شەھیدانی سپایکەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا پاش دیدارەکەیان لەگەڵ سەرۆک کۆمار لە کۆشکی سەلام ھەوڵەکانی سەرۆک کۆماریان بۆ نەھێشتنی لەمپەرەکانی بەردەم کارەکانیان لە دەزگاکانی حکومەتدا بەرز نرخاند و ڕێز و پێزانینی خۆیان بۆ ھەوڵەکانی بەڕێزیان لە ئامادەکردنی یەکەم پڕۆژە یاسا ده‌ربڕی کە مافەکانیان بپارێزێت لەگەڵ پێشکەشکردن و چاودێری و گرنگی دانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دۆسیه‌کەیان.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان