سەرۆک کۆمار، هاوکاری پڕۆژە یاسای پاراستنی ژنان لە توندوتیژی ده‌که‌ین

2019/05/05

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح جه‌ختیکردەوە ئەمڕۆ گفتۆگۆ لە سەر داڕشتنی بنەمایەکی نوێ بۆ بونیادنانەوەی عێراقێکی بێ توندوتیژی خێزان و چەوساندنەوە دەکەین، چونکه‌ پێویسته‌ ده‌رفه‌تی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م ژناندا بکه‌ینه‌وه‌. 

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ یەک شەممە ٥|٥|٢٠١٩ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا لە میانی کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بۆ گفتوگۆکردن لە سەر پڕۆژە یاسای پاراستنی ژنان لە توندوتیژی خێزان، ئاماژەی بەوەکرد کە ژنانی عێراق لەهه‌وڵه‌کانیان بۆ بە دەستھێنانی مافەکانیان وه‌ک پێویست سه‌رکه‌توو نه‌بوون، بۆیه‌ ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە ھاریکاری بکرێن بۆ ئەوەی بەسەر ئاسته‌نگه‌كاندا زاڵ بن و قەربووی رابردووشیان بکرێته‌وه‌، هاوكات جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێ پێش وەخت پلانێک دابڕێژرێت بۆ روبەڕووبوونەوە و راگرتنی ھەر توندوتیژیەکی خێزانی و کۆمەڵایەتی دژ بەژنان.

سه‌رۆک کۆمار له‌و کۆبوونه‌وه‌ راوێژکارییه‌دا كه‌ ھەریەک لە خانمی یەکەم خاتوو سەرباغ ساڵح و جێگری دووھه‌می سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران د. بەشیر حەداد و نوێنەری ئەمنیداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ مافی مرۆڤ خاتوو جینین ھینیس بلاسخارت ئاماده‌ی بوون رونیشیکره‌ده‌وه‌ سەرپێچی لەسه‌ر مافەکانی مرۆڤ یه‌کێک بووه‌ له‌ کێشه‌ گه‌وره‌کانی عیراق له‌م روه‌شه‌وه‌ ژنان قوربانی یه‌که‌م بوون و پشکی گەورەیان بەرکەوتووە لە چەوساندنەوە، هاوکات به‌گوێره‌ی گرنگی پێگه‌و رۆڵی خۆیان تەماشانەکراون. 

سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا باسی له‌وه‌ش کرد که‌ ژنان دووچاری چەوساندنەوە و جیاکاری و بێبه‌شکردن لە کار و دورخستنەوەیان لە پۆستەباڵاکاندا ھاتوون.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سەرۆک بەرھەم ساڵح تیشکی خستە سەر ئەوەی کە عێراق لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وه‌ دەستی بە ھەڵمەتێکی داڕشتنی فراوانی یاسایی کردوە بۆ راستکردنەوەی سەرجەم ئاڕاستەی یاساییەکانی سیسته‌مه‌ دواکەوتووەکانی دەستەڵاتدارانی نزیکەی نیو سەدەی رابردووی عێراقدا، ئەوەیش کارێکی ئاسان نییە، بەڵام لە سایەی پەرلەمانی ھەڵبژێردراودا کە گوزارشت لە بیروڕا و خواستەکانی گەل دەکات ئەو ئەرکە زەحمەت نییەو ئێمه‌ش پشتیوان و هاوکار ده‌بین.
 
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکایەتی کۆمار ئەرکی ئەو بابەتەی لە ئەستۆگرتووە تا بکرێتە یاسا وەک پێشتر ئەرکی پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسای قوربانیانی سپایکەر و ژنانی رزگارکراوی ئێزدی و ئەمڕۆیش نزیکین لە کۆتایی ھاتنی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایەک بۆ پاراستنی توندوتیژی خێزان دژ بەژنان، پاش ئەوەی زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان لە کۆشکی سەلام بۆ ئەم مەبەسته‌ ئه‌نجامداوه‌، بە بەشداری خوشکان و برایانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان له‌ عێراق.

پاشان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار دووپاتی لەوە کردەوە کە چاوەڕێی ئەو رۆژە دەکەین كە ژنانی عێراق پێگەی شیاوی خۆیان وەربگرن، لەو بارەیەشەوە لەگەڵ ھەر ھەوڵێکدا دەبین کە ببێتە مایەی ئەوەی ژنانی عێراق بێنە پێشەنگی سەرکردایەتیکردن لە بونیادنانەوەی عێراقی نوێدا.
 
جێگری دووه‌می سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق: باسی له‌ گرنگی یاسای پاراستنی ژنان لە توندوتیژی كرد

لای خۆیەوە د. بەشیر حەداد جێگری دووه‌می سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق باسی لە گرنگی یاساکان لە سەقامگیرکردنی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان کرد، کە کار بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی ئەندامانی دەکات و بۆ گەیشتن بە ئارامی ھەمیشەی و رێکخستن و دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگەکەیان لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا، لە چوارچێوەی ھاوسەنگی و یەکسانی لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگەدا.

ھەروەھا د. بەشیر ئاماژی بەوە کرد کە ئەم بیرۆکه‌یه‌ بووە مایەی گفتوگۆیەکی چڕی نێوەندە سیاسیه‌کان و راگەیاندن و رۆشنبیریەکاندا تابووە پڕۆژە یاسایەکی نوێی گشت ھاونیشتمانیان، ھەروەھا واشی نیشاندا کە حاڵەتێکی تەندروست و لۆژیکیە کە گوزارشت لە دید و بۆچوونی ئازادی را دەربڕین بکات لە کەشێکی دیموکراسیدا، هه‌روه‌ها ھیوای سەرکەوتنیشی بۆ ھەڵسوڕێنەرانی دیدارەکە و بڕیار و پێشنیارەکانی پرۆسەکە خواست تا کۆمەڵگە بەگشتی سودمەندبن لە یاساکە. 

نوێنەری ئەمنیداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ، پشتیوانی لەم یاسایە دەکەین کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیدا یەک دەگرێتەوە.

لەلای خۆیەوە خاتوو جینین ھینیس بلاسخارت نوێنەری ئەمنیداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، ھەوڵەکانی حکومەتی لە راوێژە بەردەوامەکانیدا بۆ بەھێزکردنی دید و بۆچوونەکانی لایەنەکان لەم پرۆژە یاسایەدا بەرزنرخاند، ئاماژەشی بەوەکرد کە پشتیوانی لەم یاسایە دەکەین کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیدا یەک دەگرێتەوە، ھەروەھا لەگەڵ دەستووری عێراق کە ھەموو جۆرە توند و تیژیەکی خێزانی رەتدەکاتەوە گونجاوە.
 
ھەر لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باڵیۆزی بەریتانیا جۆن ویلکس، ئاماژەی بەوە کرد کە داڕشتنی یاسایەک لەم بارەیەوە زۆر پێویستە بۆ تەواوکردنی سیسته‌می یاسادانان و گونجاویشە لەگەڵ خواستەکانی چاکسازی حکومەتی عێراقدا بەگشتی، دووپاتیشی کردەوە کە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ئامادەیی پێشکەشکردنی ھەر پشتیوانی یەکن بۆ سەرخستنی ئەم یاسایە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا راوێژکارانی سەرۆکایەتی کۆمار کە پسپۆرن لەم بوارەدا بەشداربوون لە دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە بە پێشنیار و رێنمایی و بیروڕاکانیان کە خرانە روو بۆ پاڵپشتی بڕیارەکانی پڕۆژە یاسای توندوتیژی خێزان دژ بەژنان.
 
جێگای ئاماژه‌یه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئەندامانی نێردە دیبلۆماسییەکان لە بەغدا و ژمارەیەک لە پسپۆڕانی بواری مافەکانی مرۆڤ ئامادەی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان