سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح جه‌ختی له‌ هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عێراق و زانکۆکانی کوردستان کرده‌وه‌، به‌تایبه‌ت له ‌بواری دابینکردنی هه‌ندێ پسپۆری ده‌گمه‌ن و پێشخستنی بواری خوێندنی ماسته‌ر و دکتۆرادا

2019/05/07


ئه‌مرۆ ٧|٥|٢٠١٩ سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح له‌ کۆشکی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیکرد له‌ د. قوسه‌ی سوهه‌یل وه‌زیری خوێندنی باڵای عێراق و شاندێکی زانکۆی کۆیه‌، له‌ میانی ئه‌و پێشوازیه‌دا که‌ خانمی یه‌که‌م خاتوو سه‌رباغ ساڵح ئاماده‌ی بوو، سه‌رۆک کۆمار ته‌ئکیدی له‌ پێویستی پێشخستنی خوێندنی باڵاو و پێدانی ئازادی و ده‌سه‌ڵاتی زیاتر کرده‌وه‌ بۆ زانکۆکان به‌ شێوه‌یه‌ک بواری ئه‌وه‌یان بۆ بڕه‌خسێت که‌ به‌گوێره‌ی پێویستی بازاڕی کارو داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان کادیری پسپۆر پێ بگه‌یه‌نن.

له ‌ته‌وه‌رێکی تری دیداره‌که‌دا سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح رێنوێنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای کرد که‌ جۆرێک له‌ هه‌ماهه‌نگی ره‌چاو بکرێت له‌ نێوان پێویستی بازار بۆ کادیری پسپۆر و به‌ش و پسپۆری زانکۆکان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رچوانی زانکۆ دوای ته‌واوکردنی خوێندن، توانا و کارامه‌یی ئه‌وه‌یان هه‌بێت له‌ که‌رتی تایبه‌ت و بازاڕی  ئازاد  کار و ده‌رفه‌تی دامه‌زراندن و ئیشکردنیان هه‌بێت، هاوکات تایبه‌تمه‌ندی ناوچه‌کانیش له‌ کردنه‌وه‌ی به‌ش و کۆلیژه‌کان له‌به‌رچاو بگیرێت.

هه‌ر له‌ درێژه‌ی ئه‌و دیداره‌دا سه‌رۆک کۆمار جه‌ختی له‌ پێویستی هه‌ماهه‌نگی نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عێراق و زانکۆکانی کوردستان کرده‌وە، به‌تایبه‌ت له‌ بواری خوێندنی ماسته‌ر و دکتۆرا و دابینکردنی هه‌ندێ پسپۆری ده‌گمه‌ن که‌ هه‌رێمی کوردستان پێویستی پێیه‌تی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌رۆک کۆمار راوێژکارێکی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری راسپارد که‌ هه‌ماهه‌نگی له ‌نێوان هه‌ردوولادا بکات.

دواتر وه‌زیری خوێندنی باڵا پوخته‌یه‌کی سه‌باره‌ت به‌ واقیعی خوێندنی زانکۆکان خسته‌ ڕوو و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوولاشی به‌ باش وه‌سفکرد، له‌و ‌باره‌یه‌وه‌ روونیکرده‌وه‌ که‌ ده‌رفه‌تی خوێندن له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ یه‌کسانی بۆ هه‌موو لایه‌ک کراوه‌یه، دوا به‌دوای ئه‌وه‌ سه‌رۆکی زانکۆی کۆیه ‌و ئاماده‌بووان باسیان له‌ کارو چالاکییه‌کانی خۆیان و پێداویستیه‌کانیان کرد.
Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان