بروسکه‌ی سه‌رۆک کۆماری عێراق به‌ بۆنه‌ی ٤٤ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان

2019/06/01


 له‌ یادی ٤٤ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان  پیرۆزبایی گه‌رمی خۆم پێشکه‌ش به‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان و که‌مئه‌ندامان و ته‌واوی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌کێتیی،  ئه‌و هێزه‌ تێکۆشه‌ر و رێچکه‌ شکێنه‌ی خه‌بات و تێکۆشان ده‌که‌م  که‌ له‌ سه‌رده‌مێکی تاریکدا به‌گژ  زوڵم و دیکتاتۆریه‌تدا چووه‌وه‌ و له‌ بێ ئومێدی نه‌ک هه‌ر ئومێد، بگره‌ پڕۆژه‌ی هه‌ستانه‌وه‌و گۆڕانکاری به‌رهه‌مهێنا.

شوێنده‌ستی ی ن ک به‌ رابه‌رایه‌تی جه‌نابی مام جه‌لال، هاوشان له‌گه‌ڵ هێزه‌ تێکۆشه‌ره‌کانی تر له‌ قۆناغی خه‌باتی شاخ و به‌گژداچوونه‌وه‌ی سته‌می رژێمی دیکتاتۆری به‌عس و به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و قۆناغه‌ پڕ له‌ سه‌روه‌ریه‌ به‌ راپه‌ڕین و پێکهێنانی په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم سه‌ره‌کی و دیارو به‌رچاوه‌.

دواتریش هه‌ر به‌ رابه‌رایه‌تی مام جه‌لال یه‌کێتی توانی رۆڵی پێشه‌نگ و شایسته‌ی خۆی ببینێ له‌ زه‌مینه‌ خۆشکردن و دواتریش روخاندنی ئه‌و رژێمه‌ دڕنده‌یه‌ی هیچ تاوانێکی قێزه‌ون نه‌ما دژی گه‌لی کوردستان و ته‌واوی گه‌لانی عیراق ئه‌نجامی نه‌دات. 

 بۆیه‌ له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا یه‌کێتیه‌کان مافی خۆیانه‌ شانازی به‌ خه‌بات و داهێنان و میراتی شۆرشگێرانه‌ی خۆیانه‌وه‌ بکه‌ن، له‌ هه‌مان کاتیشدا ئه‌و سه‌روه‌ریانه‌ی رابردوو، به‌رپرسیارێتی قۆناغی ئێستاو داهاتوویان قورستر ده‌کات که‌ به‌ هه‌مان نه‌فه‌س و بگره‌ شێلگیرانه‌تر کار بکه‌ن بۆ خزمه‌تی زیاتری خه‌ڵک و به‌رقه‌رارکردنی عه‌داله‌ت و پته‌وکردنی ده‌ستکه‌وته‌ به‌دیهاتووه‌کان و ته‌واوکردنی ئه‌رکه‌کانی تر. 

د. به‌رهه‌م ساڵح
سه‌رۆک کۆماری عێراق
به‌غدا
٢٠١٩/٦/١
Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان