لە میانی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزی ئێران
سه‌رۆک کۆمار ، عێراق لە روانگەی بەرژەوەندی نیشتمانی و بە ھەند وەرگرتنی سەقامگیری ناوچەکە ھەنگاو دەنێت

2019/06/02

 
سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح دووپاتیکرده‌و  ھەڵوێست و مامەڵەکردنی عیراق لەگەڵ قەیرانەکانی ناوچەکە لە سەربەخۆیی بڕیار و سیاسەتی ئاشکرای‌ بۆ دورخستنی ناوچەکە لە گرژی و قەیرانەکان سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، بەجۆرێک کە بەرژەوەندییە نیشتمانییه‌كان و سەقامگیری بەدەستھاتووی عێراقییەکان و گەلانی ناوچەکە بپارێزێت.

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ یەک شەممه‌ ٢|٦|٢٠١٩ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکردنی لە باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیرەج مەسجدی و سه‌باره‌ت به‌ دوا پێشھاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیھان گفتوگۆیانكرد.

سەرۆک کۆمار جه‌ختی لە گرنگی بە ھێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئێران و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دۆستانەکانی ھەر دوو وڵات کردەوە.

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م ئاماژه‌ی بەوەکرد کە بەرپرسیاریەتی مێژوویی لەم ھەلومەرجە ئاڵۆزەدا کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕ ده‌بێت وامان لێ دەخوازێت کە گشت ھەوڵەکانمان بخەینە گەڕ لە پێناوی کەمکردنەوەی گرژییەکان و نەھێشتنی ئاڵۆزییەکان کە سەقامگیری گەلانمان دەخاتە مەترسییەوە، ھەروەھا جەختی لە گرنگی گفتوگۆکردنی جددی كرده‌وه‌ لە پێناوی چارەسەرکردنی قەیرانەکان و گرنگی پاراستنی سەروەری وڵاتان.

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ئێران پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عێراق و بەھێزکردنی کاری ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات دووپاتکردەوە، ھاوکات ھەڵوێستی عێراقی لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیھاندا بەرزنرخاند.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان