دەقی وتاری سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح لە مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

2019/06/10

 

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

 لە هەولێری پایتەخت كۆبوینەتەوە بە بۆنەی دەستبەكاربونی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان

بۆنەیەكی مێژویی و گرنگە، وێرای ئاماژە سیاسیەكانی، هیوادارین ببێتە سەرەتای قۆناغێكی نوێی پێشكەوتن و ئاشتەوایی و ئاوەدانی بۆ كوردستان و بۆ عێراق.

وێرای پرۆزبایی گەرم لە برای بەڕێزم كاك نێچیرڤان بارزانی و ئەو چاوەڕوانیە زۆرانەی كە هەموان لێمان هەیە، بەڵام بە پێوستی ئەزانم بە ڕێز و پێزانینەوە رۆڵی جەنابی كاك مەسعود بارزانی بەرزبنرخێنین، وەك یەكەمین سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وە بەو پێگە و سەنگە دیارەی، كاریگەری گەورەی نواند لە رێبەرایەتی هەرێمی كوردستان و لە قۆناغی سەختی گۆڕانكاریەكاندا نەخشی لەبەرچاو و بڕیاردەری هەبوە، لێرەشەوە بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانین بۆ كاك كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سەرۆكی هەرێم بە هەمان بۆنەوە دوپات بكەمەوە.
دڵنیام كەسایەتییە گەورە و كاریگەرەكان بە پلە و پۆستەوە دیاری ناكرێن، بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم دەوری كاك مەسعود بۆ قۆناغی ئایندە بەردەوامە، ئەو كاك مەسعودەی سەرو 50 ساڵ لە خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و دەوری گەورەی لە رەوشی سیاسی كوردستان و عێراق و رێبەرایەتی خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی ئەوەمان لە كاك مەسعود دەبێت كە بۆ ئەم قۆناغەی ئایندەش بە دڵنیاییەوە پشتیوانی سەرۆكی هەرێمی تازە و حكومەتی هەرێمی تازە، بەڵام هاوكاری ساڕێژبونی برینەكانی كورد و یەكخستنەوەی هێزو تواناكانی خەڵكی كوردستان بێت.
سەردەمانێك كاك مەسعود و جەنابی مامجەلال پێكەوە، بۆ ویژدانیش بە هاوكاری و پشتیوانی كاك نەوشیروان توانیان قۆناغێكی سەخت و دژوار تێپەڕێنن، كوردستان لە قۆناغی دڵەڕاوكێ و ئەگەری جیاجیاوە بۆ قۆناغی ناساندنی دەستوری و پێگەی دەستوری لەناو عێراقدا بسەلمێنن.
ئەو دەورە دەورێكی گرنگ بوەو ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان دەبێت بەرز رابگرین، خەڵكی كوردستان، بزوتنەوە رزگاریخوازەكەی، قوربانی زۆری داوە تا بەم رۆژگارە گەیشتوە، شاڵاوەكانی ئەنفال و راگواستن و قەڵاچۆكردنی خەڵكی گەرمیان و بارزان و دوڵی جافایەتی و هەڵەبجە و سەدان شارۆچكە و هەزاران گوندی وێرانكراو و قوربانی و خەباتی پێشمەرگە و شەهیدە نەمرەكانمان، هەوێنی ئەم دەستكەوت و ئەم ئازادیەی ئەمرۆی كوردستانن، بۆیە دەبێت بەرز ئەم دەسكەوتانە رابگرین، وە بە هەمو توانامانەوە هەوڵی پاراستنی ئەم دەستكەوتانە بدەین، بە یەكریزی گەلەكەمان، وە هەروەها بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتی زیاتری كۆمەڵانی خەڵك و چاكسازیەكی بنەڕەت و بەرقەراربونی عەدالەت و حكومڕانیەكی تەندروستتر و باشتر، هەم بۆ خەڵكی كوردستان، هەم بۆ كاریگەری لەسەر ناوچەكانی تری عێراق.
هەمومان دەزانین دۆخی ناوچەكە ئاڵۆز ودژوارە، پێشبینیكردنیش بۆ ئایندە رون نیە، خەڵكی عێراق لە رابردودا، تاڵاوی چەندین جەنگی سەپێندراویان چەشتوە و شەری نەخوازراوی ماڵوێرانكەریان بەسەردا سەپێندراوە، دوایینیان شەڕی تێرۆریستانی داعش بو، كە بە خەباتی پڕ سەروەری و هاوكاری و هاوسەنگەری سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و حەشدی شەعبی و بە پشتیوانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و دۆستان توانرا دوای قوربانیدان و خۆبەختكردنێكی زۆر، سەركەوتنێكی مێژویی بەسەر مرۆڤكوژانی داعشدا تۆماربكرێت، پاراستنی ئەم سەركەوتنە ئەركی گەورەمانە، لەسەر ئاستی عێرا و بگرە ناوچكە و جیهانیش، ئەوەش بە پتەوكردنی یەكریزی خەڵكی عێراق، هێزە سیاسیەكان وە بە رێگەگرتن لە تێوەگلان لە شەڕێكی تر و ئاژاوەیەكی تر دەبێت، ئەوەش بە هەوڵی دورخستنەوەی وڵاتەكەمانە لە سەنگەربەندیەكانی ململانێكانی ناوچەكە، وە هەوڵمان بۆ رەواننەوەی گرژیەکان و چارەسەری ناكۆكیەكان و لە ئاستی ناوچەكە.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ئەو شەڕ و شۆر و كارەسات و شەپۆلی توندڕەویە، پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتییە لە پێكهێنانی سیستەمێكی هاوكاری سیاسی و ئابوری بۆ پێكەوەگرێدانی بەرژەوەندیەكانی گەلان واقیعی ناوچەكە لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی و روبەڕوبونەوەی تێرۆر و توندڕەوی و رێزگرتن لە مافی گەلان لە ئازادی و دیموكراسی، چەوساندنەوەو زەبروزەنگ و شەڕ چارەسەر نیە، چارەسەر دایەلۆگ و هاوكاریە بۆ ئاشتەوایی و خۆشگوزەرانی.
بێگومان ئارامی رۆژهەڵات بەبێ رەچاوكردنی مافە رەواكانی گەلی كورد دابین ناكرێت، گەلی كورد وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی و رەسەنی ئەم رۆژهەڵاتە لەگەڵ گەلانی عەرەب و تورك و فارس و پێكهاتەكانی تری ئەو ناوچەیە پەیوەندی و فەرهەنگی هاوبەش كۆماندەكاتەوە، عێراق ئەو ناوچەیەیە كە دەتوانێت ببێتە هەوێنی پێكهێنانی ئەو سیستەمە نوێیە.
لە بری ئەوەی عێراق گۆڕەپانی ململانێ و شەڕ و ئاشوب بێت، هەوڵبدەین لە عێراقدا بە هاوكاری و هەماهەنگی هەمو لایەنەكانمان، بە هەرێمی كوردستانیشەوە، عێراق بكەینە ناوچەی بەرژەوەندی هاوبەش، وە عێراق جارێكی تر دوچاری ململانی و شەر و ئاشوب نەكەینەوە، بۆ ئەمەش ئەركی لە پێشینەمان پتەوكردنی ریزەكانی ناوخۆی عێراقە، ئەمە كارێكە بە قسە خۆشە، بەڵام پێویستی بە بەرنامەی كرداری هەیە، بە تایبەتی چارەسەركردنی كۆمەڵێك كێشەی بنەرەتی حكومڕانی، كە نەك تەنها سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا لە ئاستی حكومڕانی لە بەسرە و لە موسڵ و لە ناوچەكانی تری عێراقیش خەڵك پێوەی دەناڵێنێ، چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق بە دەستورە، بە گەڕانەوەیە بۆ دەستور، وە رێككەوتنێكی جددیە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕگە دەستوریانەی كە دەتوانێت ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و حكومڕانی تەندروست بۆ گەلانی عێراق دەستەبەربكات، لە هەمان كاتیشدا پەیوەندی تەندروستی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ دابین بكات.
كاك نێچیرڤان بارزانی ئەزمونێكی دور و درێژی حكومڕانی و پەیوەندی دیبلۆماسی هەیە، چاوەڕوانی ئێمە لە جەنابت: دەوری كاریگەرت هەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراقی فیدراڵ بەرەو ئاقار و ئاراستەی چارەسەری یەكلاكەرەوە بڕوات، بۆ ئەو مەبەستە بە دڵنیاییەوە دەڵێم د.عادل عەبدولمەهدی و برای بەڕێزم كاكە محمد حلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران وە بە ئامادەبونی ئەم نوخبە سیاسیە دیارەی عێراق، هاوكار و پشتیوانی زۆر هەن لە بەغدا.
راستیەكەی هێزی سەركەوتنی هەرێمی كوردستان، هێزە بۆ بەغدا و بۆ بەسرە، پشتوانیە بۆ ئارامی و ئەمنیەتی سەرتاسەری عێراق، بە هەمان شێوەش، بەهێزبونی عێراق و بەسرە و ئاوەدانی و ئارای موسڵ پشتیوانیە بۆ هەرێمی كوردستان، با لەبری ململانێ و ناكۆكی هەوڵبدەین ئەو خێروبێرەی هەیە، بخرێتە خزمەتی خەڵكەوە بۆ پێشكەوتن و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجەكانمان و بۆ گەشەسەندنی كۆمەڵایەتیمان.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان