سەرۆک کۆمار بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان: ھەموو ھەوڵ و تواناکانمان دەخەینە گەڕ تا رووفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوان بگەڕێنینەوە بۆ ئامێزی نیشتمان

2019/07/31


سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠١٩/٧/٣١ لە بەغدا پێشوازیکرد لە ژمارەیەک کەسوکاری شەھیدانی ئەنفالکراوان و بە گەرمی بەخێرھاتنی کردن بۆ کۆشکی سەلام.

لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم وتی: ئەمڕۆ لە ساڵڕۆژی ئەنفالی بارزانییەكان پێشوازیتان لێ دەكەم، لە دڵەوە پێتان دەڵێم من خۆم بە کەسوکار و بەشێک لە ئێوە دەزانم، لە ئێش و ئازارتان تێدەگەم و لە نزیکەوە ئاگاداری ئیش و کارەکانی ئێوە و ھەڵدانەوەی گۆرە بە کۆمەڵەکانی سەماوەم و ھەموو ھەوڵ و تواناکانمان دەخەینە گەڕ تا رووفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوان بگەڕێنینەوە بۆ ئامێزی نیشتمان.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد کە تاوانی ئەنفال تاوانێکی یەکجار گەورەیە کە رژێمی لە ناوچوو بەرامبەر بە منداڵ و ژن و ھاووڵاتیانی سڤیل ئەنجامی داوە، بۆیە ئەو تاوانەو ھەموو تاوەنەکانی تر کە رژێمی سەدام ئەنجامی داوە وەک شەرمەزارییەک دەمێنێتەوە لە مێژوودا.

لە درێژەی وتەکانیدا سەرۆک کۆمار وتی: رژێمی سەدامی تاوانبار قێزەونترین شێوازی دوژمناکاری بەرامبەر بەھاووڵاتیانی بێ تاوان بەکارھێناو بە دڕندانەترین شێواز شەھیدی کردن و نزیکەی ٤٥٠٠ شارۆچکە و گوندی کوردستانی و خاپور و وێران کرد.

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک بەرھەم ڕوونیکردەوە کە خزمەتکردنی کەسوکاری شەھیدان و جێ بەجێکردنی خواست و داوا ڕەواکانیان شەرەفێکی گەورەیە بۆ ئێمەو ئەوپەڕی تواناکانیشمان دەخەینەگەڕ بۆ پێشکەشکردنی ھەر کارێک کە شایستەی قوربانیدانی کەسوکاری شەھیدان بێت، ھاوکات رایگەیاند کە ھەوڵیش دەدەین بۆ نەھێشتنی ھەموو ئاستەنگەکان لە بەردەم بەدەستھێنانی مافەکانیان. 

لە کۆتایی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار لە نزیکەوە گوێی لە گرفت و داواکانی کەس وکاری ئەنفانکراوان گرت و بەڵێنی دا بەخستنە گەڕی گشت ھەوڵەکانی لە پێناو دابینکردنی  پێداویستیەکانیان.

 


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان