سەرۆک کۆمار چاویکەوت بە ژمارەیەک نووسەر و ڕۆژنامەنوسانی دیاری عێراق

2019/08/01

سەرۆک بەرھەم: جەختی لە پێویستی پشتیوانیکردنی ڕاگەیاندنکاران و ڕۆژنامەنوسان کردەوە تا بتوانن پەیامی نیشتمانی بە پیشەیی و بابەتییانە بگەیەنن.

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠١٩/٨/١ لە بەغدا چاویکەوت بە نەقەیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی عێراقی موئەیەد لامی و ژمارەیەک لە نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دیاری عێراق و سەبارەت بە پرسە ناوخۆیی و پێشھاتەکانی ناوچەکە و جیھان گفتوگۆکرا.

لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوەکرد کە ڕاگەیاندنی عێراقی لە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورەدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە ھەنوکەیەکان لە سەر ئاستی سیاسی و ئاسایش و ئابووری ، جگە لە رووبەڕووبوونەوەی گوتار و ھزری تەکفیرییەکان و بەرجەستەکردنی بەھا بەرزەکانی مرۆڤایەتی  کە فاکتەری بونیادنانی کۆمەڵگەکەمانە.

ھەروەھا سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی نیشتمانی لەسەرییەتی کە پێگەی شایستەی عێراق و ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیھان بەرز رابگرێت، بەو پێیەی کە عێراق پایەیەکی سەرەکییە لە پایەکانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار، متمانەی خۆی بە توانای راگەیاندنکارانی عێراق دەربڕی کە سەرکەوتنی باشیان لە ناوچەکە و جیھاندا بەدەستھێناوە لە دەرخستنی راستییەکان و سروشتی عێراقییان بە جوانترین شێواز وێنە کردووە.    

لەلای خۆیەوە موئەید لامی و شاندی یاوەری ڕێچکەی کاری ڕاگەیاندنی عێراق و ئاستەنگەکانی کە رووبەڕوویان دەبنەوە خستەڕوو، بەتایبەتی کاری ڕۆژنامەنوسی کاغەز.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان