سەرۆک کۆمار: جەختی لە گرنگی ڕێزگرتن لە مافە مەدەنییەکانی ھاووڵاتیان کردەوە

2019/08/04


سەرۆک بەرھەم جەختیکردەوە کە مرۆڤ سەرمایەیەکی ڕاستەقینەی ھەر وڵاتێکە و بە ڕێزگرتن لە مرۆڤیش پێشکەوتنی گەلان دەستەبەر دەکرێت.

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠١٩/٨/٤ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ د.عەقیل موسەوی و شاندی یاوەری.

لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بە پێویستی بەدواداچوونی یاساکانی عێراق و بەراوردکردنی لەگەڵ بەڵگەنامە و ئەو ڕێککەوتن نامانەی کە تایبەتن بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و عێراق پەسەندی کردووە، ھەروەھا روونیشکردەوە کە سەرۆکایەتی کۆمار پشتیوانی لە پڕۆژە یاساکانی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکات.

ھاوکات سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەگرنگیدان بەو رێوشوێنە یاسایانەی کە دەگیرێنە بەر سەبارەت بەو سکاڵایانەی کە ھاووڵاتیانی پێشکەشی کۆمسیۆنی دەکەن، لە بارەی ئەو پێشێلکارییانەی کە دەکرێتە سەر ھاووڵاتییان لە ھەر لایەنێکەوە بێت، ھەروەھا بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت، ھاوکات جەختیشیکردەوە لە گرنگیدان بە داوای ستەملێکراوان، چونکە سەرپێچی یاسا لە ڕووداوی بچوکەوە دەستەپێدەکات و پاشان فراوان دەبێت، لە بەرئەوە پێویستی بەچارەسەرکردن ریشەیی ھەیە.

ھەر لەدیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ڕوونیکردەوە کە ئەرکی حکومەتە مافە مەدەنییەکانی ھاونیشتمانیان بپارێزێت، کە لە دەستووردا ئاماژەی پێکراوە لە ئازادی و بەشداریکردن لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیدا، ھاوکات ئاماژەشی کرد بەگرنگی ڕێزگرتن لەو بنەمایانە و دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ ھاووڵاتییانی عیراق لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکانیان.

لەلای خۆیانەوە سەرۆک و ئەندامانی کۆمسیۆن، بەدور و درێژی باسیان لە چالاکی و ئامانجەکانی کۆمسیۆن کرد بۆ سەرۆک کۆمار، لەگەڵ گرنگترین ئەو دەستکەوتانەی کە لە بواری چەسپاندنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و دابینکردنی ئازادییە مەدەنییەکانی ھاونیشتمانیاندا بەبێ جیاوازی.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان